شارپرێس:
ڕاپۆرتە میدیاییەکان ئاماژەیان بەوەکردوە، دوو فڕۆکەی زەبەلاحی بارهەڵگری سەربازیی لەخاکی چینەوە بەرەو ئێران بەڕێکەوتون، ئەمەش پرسیاری لەسەر سروشتی گەشتە ئاسمانییەکانو ناوەڕۆکی ئەو بارەی گواستویەتییەوە، دروستکردوە.
پێگەی "دیفێنس نیوز"ی تایبەتمەند بەهەواڵە سەربازییەکان، بەپشتبەستن بەسەرچاوەکان ڕایگەیاندوە، فڕۆکەکان پێش چونە ناو بواری ئاسمانیی ئێران سیگناڵەکانی شوێنپێهەڵگرتنی ئاسمانیی خۆیان کوژاندەوە، پێدەچێت ئەوەش هەوڵێکی بەئەنقەست بێت بۆ شاردنەوەی بارەکەی کە گومانی ئەوەی لێدەکرێت کەرەستەی سەربازیی بوبێت".
ئەوەش هاتوە، سەرەڕای نەبونی ڕاگەیاندنێکی فەرمیی لەپەکین یان تارانەوە، بەڵام خەمڵاندنەکان باس لەوەدەکەن، بارەکە پاڵپشتیی سەربازیی لەخۆگرتوە لەکاتێکدا کە گرژییەکانی نێوان ئێرانو ئیسرائیل ڕوو لەپەرەسەندنی زیاترن.
ئەم هەنگاوەی چین لەکاتێکدایە کە چین تۆمەتبار دەکرێت بەوەی پاڵپشتی ناڕاستەوخۆی تەکنیکیو سەربازیی هاوپەیمانەکانی لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکات، ئەمەش لەچوارچێوەی بەناو "جەنگی میحوەرەکان" کە ڕوسیاو کۆریای باکورو ئێران لەخۆدەگرێت.
شرۆڤەکاران پێیانوایە، پەکین سەرەڕای زیادبونی پاڵپشتییەکانی بۆ تاران، هەوڵی ئەوە نادات بچێتە نێو ڕوبەڕوبونەوەیەکی ڕاستەوخۆ لەگەڵ واشنتۆن یان هاوپەیمانەکانی، بەڵکو پێی باشترە چوارچێوەی پاڵپشتی ستراتیژی دیاریکراو بپارێزێت.
هەروەک بەشێک لەچاودێران پێیانوایە، ڕەنگە ئەم پشتیوانییەی پەککین بۆ تاران، ڕۆڵی هەبێت لەکەمکردنەوەی باڵادەستی سەربازیی ئیسرائیل، بەڵام بەس نییە بۆ گۆڕینی هاوسەنگی هێزی ئێستای ناوچەکە.
