شارپرێس:
هێرشی ئەمدواییەی ئیسرائیل بۆسەر ئێران تەنها ئۆپەراسیۆنێکی سەربازیی ئاسایی نەبوو؛ بەڵکو خاڵێکی وەرچەرخانی نوێی لەشێوازی بەڕێوەبردنی شەڕی مۆدێرن بەدیکرد، بهگوێرهى کەناڵی NDTV، زیرەکی دەستکرد ڕۆڵێکی بنەڕەتییو سەرەکیی لەجێبەجێکردنیدا گێڕاوە.
لەم ئۆپەراسیۆنەدا، زیرەکیی دەستکرد نەک تەنها وەک ئامرازێکی پاڵپشت، بەڵکو وەک پایەیەکی بنەڕەتیی لەپلاندانانو جێبەجێکردندا بەکارهێنراوە، بەشێوەیەکی کاریگەر بەشداریکردوە لەدەستنیشانکردنی لاوازییە ستراتیژییەکان لەناو ئێرانو چاودێریکردنی ئامانجە گرنگەکان بەبەکارهێنانی مۆدێلی پێشکەوتوو کە توانای شیکردنەوەی بڕێکی زۆر لەهەواڵگریی مرۆییو ئەلیکترۆنییان هەیە.
هەروەک ئەم سیستەمە زیرەکانە بڕیاردانی خێراترو وردبینی زیاتریان لەئاراستەکردنی لێدانەکاندا کردوە، لەهەمانکاتدا پەراوێزی هەڵەی مرۆڤیان بەشێوەیەکی بەرچاو کەمکردوهتەوە، لەهەموی گرنگتر، زیرەکیی دەستکرد چاودێریکردنی کاتی ڕاستەقینە لەگەڵ شیکاری پێشبینیکراو تێکەڵکردوە، ئەمەش ڕێگەی بەهێزەکانی ئیسرائیلداوە پێشبینی جوڵەکانی ئێران بکەن، چاودێریی چالاکییەکانی نزیک دامەزراوە ئەتۆمییەکان بکەنو بەوردیی ڕێنمایی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانو فڕۆکە جەنگییەکان بکەن.
ڕاپۆرتەکە ئاماژە بەوەدەکات، ئەم تێکەڵە لەتەکنۆلۆژیای فێربونی ئامێرو کەرەستەی سیخوڕیی وایکردوە ئیسرائیل بەشێوەیەکی کاراو خێرا ئۆپەراسیۆنەکە ئەنجامبدات، لەهەمانکاتدا بەرگرییەکانی ئێرانی ئیفلیجکردوە پێشئەوەی بتوانن وەڵامبدەنەوە.
ئیسرائیل ناوی ئۆپەراسیۆنەکەی ناوە "شێری هەستاو" کە ئاماژەیە بۆ ڕێبازێکی نوێ بۆ شەڕ، ڕێبازێک کە ساڵانێکە بەبێدەنگی ئامادەکراوەو دواتر لەماوەی چەند خولەکێکدا بەبەکارهێنانی تەکنەلۆژیاو زیرەکیی دەستکرد جێبەجێدەکرێت.
سەرکەوتنی بەرچاوی ئەم هێرشانە ئەوە پشتڕاستدەکاتەوە کە زیرەکیی دەستکرد بوەتە ڕەگەزێکی چارەنوسساز لەستراتیژییە سەربازییە مۆدێرنەکاندا، چونکە شەڕەکان چیتر پێویستیان بەچەند مانگێک ڕوبەڕوبونەوە نییە، بەڵکو دەتوانرێت لەڕێگەی ئۆپەراسیۆنی وردو تەرکیزکراوەوە چارەسەربکرێن کە کاردانەوەی دەستبەجێی نێودەوڵەتییان دەبێت.
