ئایا ئیسرائیل دەتوانێت تەنها لەڕێگه‌ی ئاسمانەوە جەنگەکە لەئێران بەرێتەوە؟

جیهان

21/06/2025‌ 4147 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

شارەزایانی سەربازیی ماوەیەکی زۆرە جەختیان لەوەکردوەتەوە، هێزی ئاسمانیی سەرەڕای گرنگییەکەی، بەتەنها بەس نییە بۆ بەدەستهێنانی سەرکەوتن لەشەڕەکاندا، بەتایبەتیی کاتێک ئامانجە ستراتیژییەکان فراوان بن.


لەدۆسیەی ئیسرائیل‌و ئێرانیش، تەلئەبیب ئامانجی خۆی بۆ پێشگرتن لەبەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمی تاران ڕاگەیاندوە، یان بەلەناوبردنی تواناکانی یان بەناچارکردنی لەڕێگەی دانوستانەوە دەستبەرداری بەرزەفڕییە ئەتۆمییەکانی بێت، هەروەک چۆن سیاسەتمەدارانی ئیسرائیلیش خوازیاری ڕوخاندنی کۆماری ئیسلامیی ئێران بون.

بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل بۆ گەیشتن بەو ئامانجانە پشت بەهاوکاریی ئەمریکا دەبەستێت، بەتایبەتی کە بۆمبی بنکەر-بستەری ئەمریکی بەگونجاوترین ڕێگه‌ دادەنرێت بۆ لێدانی دامەزراوەی ئەتۆمیی فۆردۆ کە بەوێرانکردنی بەتەنها لەلایەن ئیسرائیلەوە ئەستەمە.

ئیسرائیل بۆ بەدەستهێنانی سەرکەوتن، گرەو لەسەر هێرشی ئاسمانیی‌و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان‌و تەکنەلۆژیای چاودێریی مۆدێرن دەکاتەوە، بەدەستێوەردانی سنوردار لەلایەن هێزە تایبەتەکانەوە، ئەمەش بەلەبەرچاوگرتنی نەبونی توانای شەڕی زەمینی دورمەوداو دودڵی واشنتۆن بۆ بەشداریکردن لەململانێی زەمینی نوێ.

سەرەڕای ئەم توانایانە، لەڕابردودا هیچ نمونەیەک نییە بۆ ئەو ململانێیانەی کە تەنها لەلایەن هێزی ئاسمانییەوە یەکلایی بوبنەوە، وەک مێژونوس فیلیپس ئۆبراین ئاماژەی پێدەکات، لەناوبردنی تواناکانی دوژمنێک ڕەنگە ڕێگریی لەکارەکانی بکات، بەڵام گەرەنتی کۆنترۆڵکردنی فیعلی خاکەکە ناکات.

هەروەک، توێژەر ئۆفەر فریدمان دەڵێت، "ئەگەر ئامانجەکان سنورداربن، لەوانەیە لەئاسمانەوە بتوانن بەدیبهێنرێن، بەڵام ئامانجە ڕاستەقینەکانی ئیسرائیل تائێستا ناڕونن".

چاودێرانیش دەڵێن چوار کۆتایی گریمانکراو هەیە بۆ ئەم ململانێیە: یەکەمیان ئەوەیە ئیسرائیل سەرکەوتوو دەبێت لەتێکدانی بەرچاوی بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران، دوەم، تاران ڕازیدەبێت بەیەکلاییکردنەوەی دۆسییەکە لەڕێگه‌ی دانوستانەوە، سێیەم، ڕژێمی ئێران دەڕوخێت، چوارەم، دەسەڵاتی ئێستا بەردەوامدەبێت‌و بەردەوامدەبێت لەپیتاندنی یۆرانیۆم، کە ئەگەری هەیە ببێتە هۆی بونیادنانەوەی بەرنامەکە بەشێوەیەکی بەهێزترو مەترسیدارتر،  تەنانەت ئەگەر دامەزراوەکانی وەک فۆردۆش لەناو ببرێن.

بەڵام مێژوو دەریخستوە کە گۆڕینی ڕژێمی وڵاتان لەئاسمانەوە دەگمەنە، بەوپێیەی بەزۆری پێویستی بەهێزی زەمینیی یان ئۆپۆزسیۆنی ناوخۆیی کاریگەر هەیە، کە لەئێستادا لەئێراندا بەردەست نین، ئەگەر ڕژێم لاوازیش بێت، ئەڵتەرناتیڤەکە دەتوانێت ڕادیکاڵتربێت‌و دۆخەکە زیاتر ئاڵۆزتر بکات.