شارپرێس:
بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی ماڵپەڕی سیناری ئیکۆنۆمیچی ئیتاڵی، چین لەمدواییانەدا پەردەی لەسەر چەکێکی نوێی نیگەرانکەر لاداوە کە بە"کابوسێکی ستراتیژی" وەسفیکردوە، بەشێوەیەک دەتوانێت شەڕی مۆدێرن دوبارە لەقاڵب بداتەوە.
ڕاپۆرتەکە باسی لەوەکردوە، ئەم بۆمبە کە بە"بۆمبی گرافیت" یان "بۆمبی ڕەشکردنەوە" ناسراوە، کوشندە نییە، بەڵام توانای وێرانکارییو ئیفلیجکردنی ژێرخانی کارەبای ئەو وڵاتانەی هەیە کە بەئامانجیان دەگرێت بەبێئەوەی شوێنەواری فیزیکی بەجێبهێڵێت.
پەخشی کەناڵی حکومیی چینی CCTV ڤیدیۆیەکی بڵاوکردەوە کە کاریگەریی ترسناکیی ئەم چەکە نیشاندەدات.
لەڤیدیۆکەدا دەردەکەوێت کە موشەکێک 90 تەقەمەنی لاوەکی سلندری بەسەر ناوچەیەکی دیاریکراودا دەتەقێنێت، کاتێک ئەم تەقەمەنییە لاوەکیانە لەناوەڕاستی هەوادا دەتەقنەوە، هەورێکی نەبینراوی ڕیشاڵی کاربۆنی پڕۆسێسکراوی کیمیایی ئازاد دەکەن.
ئەم ڕیشاڵانە بەشێوەیەک دروستکراون کە شۆرت لەمحەویلەو وێستگەکانی کارەبادا دروستبکەن، بەمەش تەواوی تۆڕی کارەبا ئیفلیج دەکەن.
ئەو ھاوشێوەکردنانەی کە خراوەتەڕوو ئاماژە بەوەدەکەن، یەک هێرش دەتوانێت ڕوبەرێکی تا 10 ھەزار مەتر چوارگۆشە بپێکێتو ببێتە هۆی لەدەستدانی تەواوەتی وزەی کارەباو تەواوی شارەکان بخاتە ناو پشێوییەوە.
هەرچەندە ناوی چەکەکە یان دۆخی کارکردنی ئاشکرانەکراوە، بەڵام سیستەمەکە لەلایەن کۆمپانیای زانستو تەکنەلۆژیای فڕۆکەوانیی چین دروستکراوە کە کۆمپانیایەکی بەرگرییەو سەر بەدەوڵەتە.
ئەم چەکە کڵاوەیەکی جەنگی 490 کیلۆگرامو مەودای تا 290 کیلۆمەتری هەیە، واتە بەیەک لێدان دەتوانێت چەندین دامەزراوەی گرنگ لەناو تۆڕەکانی کارەبای دوژمن لەکاربخات.
باس لهوهشدهكرێت، ئەمریکا چەکی هاوشێوەی لەعێراقو سربیا بەکارهێناوە، کە بەسەرکەوتویی تا 85%ی توانای تۆڕی کارەبایان لەکارخستوە.
زۆرێک لەچاودێران پێیانوایە، ئامانجی گریمانکراوی ئەم "بۆمبە ئەهریمەنییە" ژێرخانی کارەبایی تایوانە، چونکە دەتوانێت توانای بەرهەمهێنانی کارەبای دورگەکە پێش هەر ڕوبەڕوبونەوەیەکی سەربازیی ئاسایی ئیفلیج بکات.
ئەم پێشهاتە گۆڕانکارییەکی گەورەیە لەستراتیژی سوپای چیندا، گرنگیدان بەلەکارخستنی سیستەمو ژێرخانەکان بەبێئەوەی پەرەسەندنێکی سەربازیی بەرفراوان دەستپێبکات، توانای چین بەرزدەکاتەوە بۆ دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنی تێکەڵاو بەئامانجی تێکدانی، نەک بەتەواوی لەناوبردنی تواناکانی وڵاتانی دوژمن.
