شارپرێس:
دوای پەرەسەندنی گرژییەکانی نێوان واشنتۆنو تاران، ئێستا جیهان چاوی لەسەر یەمەنە؛ حوسییەکان وەک کاراکتەرێکی سەرەکی لەتەوەرەی بەرگریی ئێران، خۆیان بۆ چونە ناو قۆناغێکی نوێی شەڕی دژ بەئەمریکاو ئیسرائیل ئامادە دەکەن، ئەو هەنگاوە تەنها گۆڕانکاریی سەربازی نییە، بەڵکو هەڕەشەیەکی ڕاستەوخۆیە بۆسەر دەمارە گرنگەکانی ئابوریی جیهان.
موجتەبا خامنەییو "پەنجە لەسەر پەلەپیتکە"
موجتەبا خامنەیی ڕێبەری نوێی ئێران، لەپەیامێکی تونددا سوپاسی حوسییەکانی یەمەنی کرد بۆ پشتگیرییەکانیان، ئەمەش وەک ئاماژەیەکی ڕون لێکدەدرێتەوە کە حوسییەکان دەبنە هێزی داهاتوو لەڕوبونەوەکەدا، لەبەرامبەردا، حوسییەکان ڕایانگەیاندوە کە "پەنجەیان لەسەر پەلەپیتکەیە"و ئامادەی وەشاندنی گورزن.
ترەمپو حوسییەکان.. لەسزاوە بۆ ڕوبەڕوبونەوە
دۆناڵد ترەمپ لەسەرەتای خولی دوەمی سەرۆکایەتیدا، بڕیارەکەی بایدنی هەڵوەشاندەوەو حوسییەکانی وەک ڕێکخراوێکی تیرۆریستی ناساند، مێژوی پەیوەندییەکانی نێوانیان پڕە لەگرژیی.
سزاو هێرش: ساڵی ڕابردوو فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمریکا چەندین پێگەی حوسییەکانیان بۆردومانکرد دوای خستنەخوارەوەی فڕۆكهیهكی بێفڕۆکەوانی ئەمریکی.
هەڕەشەی لەناوبردن: ترەمپ بەڵێنیدابوو گروپەکە بەتەواوی لەناوببات، بەڵام ئاگربەستێکی کاتیی لەئایاری 2025دا دۆخەکەی هێورکردەوە، ئێستا بەچونە ناو شەڕی ئێران، ئەو ئاگربەستە لەلێواری هەرەسهێناندایە.
مەترسییەکە چییە؟ شەقامی سور دەبێتە گۆڕەپانی جەنگ
بهگوێرهی شرۆڤەی ناوەندە ستراتیژییەکان، مەترسی گەورەی حوسییەکان لهچهند خاڵێكدا کورت دەبێتەوە بۆ نمونه:
داخستنی گەروەکان: ئەگەر حوسییەکان گەروی (باب المندب) دابخەن، هاوکات لەگەڵ کێشەکانی گەروی (هورمز)، جیهان ڕوبەڕوی قەیرانێکی بێوێنەی وزەو بازرگانیی دەبێتەوە.
فراوانبونی شەڕ: پێشبینیدەکرێت حوسییەکان نەک تەنها ئیسرائیل، بەڵکو بەرژەوەندییەکانی سعودیەو ئیماراتیش بکەنە ئامانج، ئەمەش یەمەن دەگەڕێنێتەوە ناو جەنگێکی ناوخۆییو هەرێمی نوێ.
تێکدانی پلانەکانی ترەمپ: چالاکییەکانی حوسییەکان دەبێتە بەربەستێکی گەورە لەبەردەم کەمپەینە سەربازییەکەی ترەمپ لەناوچەی کەنداو.
لەکاتێکدا ئیسرائیل چەندینجار سەرکردە سیاسییو سەربازییەکانی حوسییەکانی کردوەتە ئامانج، بەڵام ئەم گروپە هێشتا وەک هەڕەشەیەکی جددی ماونەتەوە، چونە ناو جەنگی حوسییەکان، مانای گۆڕینی هاوکێشەی جەنگەکەیە لەجەنگی نێوان دەوڵەتان بۆ جەنگێکی هەرێمی گشتگیر کە کاریگەرییەکەی دەگاتە هەموو ماڵێک لەجیهاندا بەهۆی گرانبونی نرخی سوتەمەنیو کاڵاکان.
