شارپرێس:
نێردەی تایبەتی نەتەوەیەکگرتوەکان بۆ سوریا داوا لەئیدارەی ڕۆژئاوای کوردستانو حكومهتى دیمەشق دەکات، سازش بۆ یەکتربکەنو متمانە لەگەڵ یەکتریدا دروستبکەن، تا بەر لەکۆتایی ئەمساڵ، لەبارەی تێکەڵکردنەوەی دامەزراوەکانو کێشەکانی دیکەیان بگەنە ڕێککەوتن.
لەچوارچێوەی بەردەوامی کۆبونەوەکانی نێوانیان، لەم هەفتەیەدا شاندێکی حکومەتی سوریا سەردانی حەسەکەی ڕۆژئاوای کوردستانی کردو لەبارەی گرەنتی دروستنەبونی گرژیی سەربازییو داهاتوی کارمەندو فەرمانبەرانی ئیدارەی خۆسەر، گفتوگۆی لەگەڵ شاندی هەرێمی باکورو ڕۆژهەڵاتی سوریا کردوە.
گێر پێدرسۆن نێردەی تایبەتی نەتەوەیەکگرتوەکان بۆ سوریا لەمیانەی پێشکەشکردنی وتارێکدا لەکۆبونەوەی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی ئاماژەی بەوەکرد، ڕێککەوتنەکەی 10ی ئاداری نێوان هەسەدەو دیمەشق، سستی لەجێبەجێکردنیدا هەیە، ههربۆیە گرنگە هەوڵەکان بۆ کۆبونەوەکەی پاریس (لەنێوان هەسەدەو دیمەشق بەچاودێریی ئەمریکاو فەرەنسا) بەردەوامبن، هەردولاش سازش بۆ یەکتری بکەن تا گفتوگۆکان بەرەو پێشبچن.
پەیوەست بەدۆخی سوریاش، پێدرسۆن دەڵێت، "پرۆسەی قۆناغی ڕاگوزەر لەسوریا لەژێر هەڕەشەدایە، بەتایبەتیش دوای گرژییەکانی باشوری وڵاتەکە کە پێشێلکاریی مەترسیدارییان تێدا تۆمارکرا، هاوکات تائێستاش بەشێک لەگروپە چەکدارەکان لەژێر کۆنتڕۆڵی دەوڵەتدا نین، بۆیە گرنگە چەک لەو گروپانە وەربگیرێتەوە".
جەختیشیکردەوە لەسەرئەوەی پرۆسەی سیاسی لەو وڵاتەدا ناتەواوە، ئەویش بەهۆی لاوازی متمانە، سنورداری بەشداریکردنو نەبونی ڕاوێژی ڕاستەقینە لەسەر کۆی پرسەکان.
