له‌ئه‌مریكا هێرشێكى چه‌كداریى ڕویدا.. ئەفسەرێک‌و سێ هاوڵاتی کوژران

جیهان

29/07/2025‌ 3814 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

بەرپرسانی شاری نیویۆرک ئاشكرایانكرد، چەکدارێک چوار کەسی لەناو باڵەخانەیەکی بەناوبانگی مانهاتن کوشتوه‌، کە یەکێکیان ئەفسەری پۆلیسه‌، دواتر بەتەقەکردن لەخۆی، کۆتایی بەژیانی هێناوه‌، لەڕوداوەکەدا کەسێکی دیکەش بەسەختی برینداربوە.


 شەوی ڕابردوو، چەکدارێک لەباڵەخانەیەکی بەرز لەناوچەی میدتاونی مانهاتن، کە بارەگای خولی تۆپی پێی ئەمریکی (NFL)و چەندین کۆمپانیای گەورەی دارایی تێدایە، دەستڕێژی گولـله‌ى کردو سه‌ره‌نجامیش بوه‌ هۆی کوژرانی 4 کەس‌و برینداربونی کەسێکی دیکە.

ساتى گه‌یشتنى هێزه‌ ئه‌منیه‌كان بۆ شوێنى ڕوداوه‌كه‌

پۆلیسی نیویۆرک ده‌ڵێت:"یەکێک لەقوربانییەکان ئەفسەرێکی پۆلیسی نیویۆرکە بەناوی دیدارولئیسلام كه‌ تەمەنى 36 ساڵه‌، لەبەنگلادیشەوە کۆچی کردبوو بۆ ئەمریکا".

ئێریک ئادەمز سەرۆکی شارەوانیی نیویۆرک باسى له‌وه‌كردوه‌، "ئەو ئەفسەرەی كوژراوه‌ باوکی دوو منداڵ بوو، هاوسەرەکەشی سکی سێیەمی هەبوو، به‌ڕاستى ئه‌و ئه‌فسه‌ره‌مان پاڵەوانێکی ڕاستەقینەیه‌".

به‌گوێره‌ى ئه‌و زانیاریانه‌ى جێسیکا تیش کۆمسیاری پۆلیسی نیویۆرک ئاشكرایكردوه‌، "هێرشبەرەکە ناوی شەین تامورایەو تەمەنی 27 ساڵە، دانیشتوی لاس ڤێگاسە، پێشینەی نەخۆشیی دەرونیی هەبوە، به‌گوێره‌ى لێكۆڵینه‌وه‌كانیش هێرشبەرەکە بەتەنها کردەوەکەی ئەنجامداوه‌، به‌ڵام پاڵنەرو هۆكارى پشت ڕوداوەکە نازانرێت".

ڕوداوەکە لەکاتی قەرەباڵغیی ئێوارەدا لەهۆڵی باڵەخانەکە دەستیپێکردوە، پاشان هێرشبەرەکە بەبەکارهێنانی بەرزکەرەوە چوەتە نهۆمی 33و لەوێش تەقەیکردوە، پۆلیسیش دەڵێت، "لەکۆتاییدا ‌هێرشبەرەکە بەتەقەکردن لەسنگی خۆی، کۆتایی بەژیانی هێناوە".