له‌ئه‌مریكاوه‌ په‌یامێكى مه‌ترسیدار دژى حكومه‌ته‌كه‌ى سودانى ڕاده‌گه‌یه‌نرێت

عیراق

29/07/2025‌ 8121 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

ئەندامێکی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکا دژى عێراق په‌یامێكى بڵاوكرده‌وه‌و ده‌ڵێت، "حکومەتی عێراق پارەی باجدەرانی ئەمریکا دەداتە ئەو میلیشیا تیرۆریستانەی هێرشدەکەنەسەر کوردستان"، داواشده‌كات، ئه‌مریكا هاوكارییه‌ داراییه‌كان بۆ حكومه‌ته‌كه‌ى سودانى ڕابگرێت".


جۆی ویڵسۆن ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکا لەنوسینێکدا لەتۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس ئاماژەى به‌وه‌داوه‌، لەگەڵ به‌رپرسى فه‌رمانگه‌ى په‌یوه‌ندییه‌كانى حکومەتی هەرێم گفتوگۆی کردوە.

ده‌شڵێت:"میلیشیاکانی سەر بەئێران جارێکی دیکە بەدرۆن هێرشیانکردوەتەسەر هاوڕێ ئازیزەکانمان لەهەرێمی کوردستان".

وێڵسۆن جەختیکردوەتەوە، "چیتر چاوپۆشی لەم هێرشانە ناکرێت‌و هەوڵدەده‌م هاوکارییە داراییەکانی ئەمریکا بۆ عێراق ڕابگیرێت لەبەرئەوەی پارەی باجدەران دەچێتە بەغداو دەدرێتە ئەو میلیشیا تیرۆریستانەی هێرشدەکەنەسەر حکومەتی هەرێمی کوردستان‌و هێزەکانی ئەمریکا".

ئەندامەكه‌ى ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکا داواشیکردوە، "ئەو میلیشیا عێراقییانەی هێرشدەکەنەسەر هەرێمی کوردستان، وەک ڕێکخراوی تیرۆریستی بناسرێن، لەبەرئەوەی لەگەڵ ئێران کار بۆ تێکدانی سەقامگیریی سوریا، عێراق، لوبنان‌و یەمەن دەکەن".