ئۆراسیا ڕیڤیو: تورکیا قەرەبوی عێراق نەکاتەوە پارەکانی لەدەرەوە بلۆک دەکرێن

ئابوری

29/07/2025‌ 11528 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

پێگەی "ئۆراسیا ڕیڤیو" لەڕاپۆرتێکدا هۆشداریداوە کە قەیرانی هێڵی بۆریی نەوتیی نێوان عێراق‌و تورکیا ڕەنگە پەرەبسێنێت بۆ حاڵەتی بلۆککردنی پارەکانی تورکیا لەدەرەوەی وڵات، ئەگەر ئەنكەرە قەرەبوی پێویست نەداتەوە بەعێراق.


دەشڵێت، "بەردەوامبونی کۆسپەکان لەم پرسەدا لەوانەیە لێکەوتەی  دیپلۆماسی بەدوادابێت، ئەگەر ڕێککەوتنێکی سێ لایەنە لەنێوان بەغدا، هەولێرو ئەنكەرەدا نەیەتا ئاراوە".

ڕاپۆرتەکە باسی لەوەکردوە، ناکۆکی نێوان بەغدا‌و ئەنكەرە لەسەر هەناردەکردنی نەوتی خاو لەهەرێمی کوردستان، لەساڵی 2023 گەیشتە خاڵێکی هەستیار، کاتێک دادگای ناوبژیوانیی ژوری بازرگانیی نێودەوڵەتی (ICC) بڕیاریدا تورکیا بڕی 1.4 ملیار دۆلار وەک قەرەبوو بداتەوە بەعێراق، بەهۆی ئەوەی تۆمەتبارکرا بەپشتگوێخستنی دەسەڵاتی بەغدا.

به‌گوێره‌ى ڕاپۆرتەکە، بنەمای یاسایی ئەم ناکۆکییە، لەڕێککەوتننامەی هێڵی بۆریی عێراق‌و تورکیا لەساڵی 1973دایە، کە ئاماژە بەوەدەکات، هەر بەڕێکردنێکی نەوت بەبۆریی (کەرکوک ـ جەیهان)دا دەبێت مۆڵەتی حکومەتی عێراقی هەبێت.

ڕاپۆرتەکە ئاماژەی بەوەکردوە، حکومەتی هەرێم ڕاستەوخۆ نەوتی بەکۆمپانیا بازرگانییە جیهانییەکان وەک "ڤیتۆڵ"، "گلێنکۆر"و "ترافیکۆرا" دەفرۆشت، بەشێوەیەک لەنێوان ساڵانی 2014و 2023، بڕێکی زۆر لەنەوتی هەرێم بۆ ئەوروپاو ئاسیا (بەتایبەت ئیتاڵیا، یۆنان، فەرەنساو هیندستان)و ئیسرائیل هەناردەکراوە.

کۆمپانیا بازرگانییە نێوەندگیرەکان زۆرجار نەوتیان بەنرخی کەمتر کڕیوە، کە قازانجی زۆری بۆ ئەوان مسۆگەر دەکرد لەڕێگەی هەناردەکردنەوە.

به‌گوێره‌ى خەمڵاندنەکانی ڕاپۆرتەکە، هەرێمی کوردستان لەماوەی 10 ساڵدا بەهەناردەکردنی ساڵانە تا 100 ملیۆن بەرمیل نەوت بەتێکڕای 50 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک، ساڵانە نزیکەی پێنج ملیار دۆلاری بەدەستهێناوە، هاوکات، تورکیا لەڕێگەی باجی تێپەڕبون‌و خزمەتگوزارییەکانی دیکە لەجەیهان، ساڵانە لەنێوان 300 بۆ 500 ملیۆن دۆلاری قازانجکردوە.

لای خۆیەوە، حکومەتی عێراق بانگەشەی ئەوەدەکات، نزیکەی 25-30 ملیار دۆلاری زیان بەرکەوتوە بەهۆی ئەم هەناردانەی کە بەبێ مۆڵەت‌و نایاسایی دادەنرێن.

جگە لەبڕیارەکەی دادگای ناوبژیوانی کە بڕی 1.4 ملیار دۆلار قەرەبوی بەسەر ئەنكەرەدا سەپاند، کە پێدەچێت تورکیا هەوڵی گفتوگۆکردن لەسەر ژمارەکە بدات، بەڵام سوو لەسەر پارە نەدراوەکە کەڵەکە دەبێت.

ڕاپۆرتەکە ئاماژەی بەدۆسیەیەکی ناوبژیوانیی دوەم کردوە کە تائێستا هەڵپەسێردراوەو تێیدا بەغدا داوای قەرەبویەکی تری 3 بۆ 5 ملیار دۆلاری لەتورکیا دەکات بۆ هەناردەکانی نێوان ساڵانی 2018و 2023 کە بەبێ مۆڵەت هەناردەکراوە.

بۆیە، ڕاپۆرتەکە پێیوایە، ئەگەر تورکیا نەتوانێت قەرەبوەکە بدات، عێراق لەوانەیە هەوڵبدات پارەکانی تورکیا لەدەرەوەی وڵات بلۆک بکات، لەوانەش پشکەکانی لەهێڵەکانی بۆریی وەک تانەپ (لە ئازەربایجانەوە بۆ تورکیا)و تاپ (لەئازەربایجانەوە بۆ تورکیاو بەرەو یۆنان‌و ئەلبانیاو ئیتاڵیا).

سەبارەت بەلێکەوتە دیپلۆماسییەکان، ڕاپۆرتەکە ڕایگەیاند، بەبێ ڕێککەوتنێکی سێ لایەنە لەنێوان بەغدا، هەولێرو ئەنكەرە، هەناردەکردنی نەوت لەهەرێم بۆ ماوەیەکی درێژخایەن پەکدەخرێت.