شارپرێس:
ڕۆژی سێشەمە نەبیل مەرسومی شارەزای ئابووری، ڕێڕەوێکی قاچاخی گواستنەوەی نەوتی ڕەشی لە عێراقەوە بۆ ئیمارات ئاشکرا کرد.
مەرسومی لە پۆستێکدا لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبوک نووسیویەتی "بەپێی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ڕێرەوی قاچاخچێتی نەوتی ڕەش بە ڕێگەدان لەلایەن هەندێک دەزگاوە بە هەندێک لایەن دەستیپێکردووە بۆ کڕینی نەوتی ڕەش بە نرخێکی ڕەسمی پاڵپشتیکراو و دواتر بە دوو هێندەی نرخی فەرمی دەیفرۆشن بەچەند کۆمپانیایەکی لاوەکی".
ئاماژەی بەوەشکرد، "ئەم کۆمپانیا لاوەکییانە نەوتە ڕەشەکە لەڕێگەی تانکەرەوە لە پاڵاوگەکانەوە دەگوازنەوە بۆ بەندەرەکانی ئوم قەسر و خورئەلزوبەیر، دواتر دەیگوازنەوە بۆ بەندەری جەبەل عەلی لە ئیمارات لەڕێگای کەنداوە و پێدەچێت بچێتە پاڵاوگەی ڕووەیس لە ئیمارات".
مەرسومی ئاماژەی بەوەدا، کۆمپانیای سۆمۆ بە فەرمی ١١ کەشتی نەوتهەڵگری ئاشکراکردووە کە حەوتیان ناسراون و چواریان نەناسراون، بە قاچاخ بڕێکی زۆر بەرهەمی نەوتیان بە تایبەتی نەوتی ڕەش و بە کەڵک وەرگرتن لە بەندەرەکانی ئوم قەسر و خور ئەلزوبەیر گواستوەتەوە.
ئ.ه