ئێران ئاماده‌باشیى بۆ جه‌نگ ڕاگه‌یاند

جیهان

02/11/2025‌ 4484 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

وەزیری دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند، وڵاتەکەی ئەزمونی لەشەڕی 12 ڕۆژە وەرگرتوەو بۆ هەموو ئەگەرەکان‌و بەرەنگاربونەوەی هەر جۆرە هێرشێکی دیکەی ئیسرائیل ئامادەیە.


عەباس عێراقچی لەگفتوگۆیەکدا کە ئاژانسی ئیسنا کورتەیەکی لێ بڵاوکردوەتەوە ڕایگەیاندوە، "ئێمە بۆ هەموو ئەگەرێک ئامادەین‌و هەر جۆرە هێرشێکی دەستدرێژیکارانە لەلایەن ڕژێمی زایۆنیستییەوە پێشبینیدەکەین، لەباڵاترین ئاستی ئامادەباشیداین‌و ئیسرائیل لەهەر شەڕێکی داهاتودا ڕوبەڕوی شکست دەکەینەوە".

بەوتەی وەزیری دەرەوەی ئێران، ئەوان لەشەڕی 12 ڕۆژەدا موشەکەکانی خۆیان لەشەڕێکی ڕاستەقینەدا تاقیکردەوەو ئەزمونێکی باشیان بەدەستهێناوە.

عێراقچی جەختیشیکردەوە، وڵاتەکەی ئامادەیە بۆ ڕەواندنەوەی نیگەرانییەکان سەبارەت بەبەرنامەی ئەتۆمیی خۆی لەگەڵ ئەمریکا دانوستانی ناڕاستەوخۆ بکات، بەڵام هیچکات دەست لەپیتاندنی یۆرانیۆم‌و بەرنامە موشەکییەکەی هەڵناگرێت.

ئاماژەی بەوەشکرد، "دەتوانین بگەینە ڕێککەوتنێکی دادپەروەرانە، بەڵام ئەمریکا کۆمەڵێک مەرجی قبوڵنەکراوی داناوەو ئێمە ئامادەنین بەهیچ شێوەیەک لەسەر بەرنامەی موشەکیی خۆمان دانوستان بکەین لەبەرئەوەی هیچ مرۆڤێکی ئاقڵ چەککرانی خۆی قبوڵناکات، ناتوانین پیتاندنی یۆرانیۆم ڕابگرین".

بەوتەی وەزیری دەرەوەی ئێران، "یۆرانیۆمی پیتێنراوی ئێران هەروا لەژێر داروپەردوی ئەو دامەزراوە ئەتۆمییانەی بۆردومانکرابون ماوەتەوەو نەگوازراونەتەوە بۆ شوێنێکی دیکە، بیناو ئامێرەکانی ئێمە زیانیان پێگەیشتوە، بەڵام تەکنەلۆژیاکەمان لەجێی خۆیەتی".

ئەم قسانەی عێراقچی دوای ئەوەهات، وەزیری دەرەوەی عوممان داوای لەهەریەک لەئەمریکاو ئێران کرد بگەڕێنەوە سەر مێزی دانوستان.