شارپرێس:
ڕۆژنامەی "تەلەگراف"ی بەیرتانی لەڕاپۆرتێکدا ئاماژەی بەوەکردوە، یەکینەکانی پاراستنی ژن (یەپەژە) کە لەلوتکەی شەڕی دژی داعشدا ژمارەی چەکدارەکانی 24 ههزار شهڕڤان بوه، سورە لەسەر پاراستنی دەستکەوتەکانو ڕەتیدەکاتهوه چەکەکانیان دابنێنو جەخت لەبەردەوامیی خەبات دەکەنەوە دژی هێزەکانی حکومەتی سوریا بەسەرۆکایەتی ئەحمەد شەرع.
لهوبارهیهوه ڕوکسەن محەمەد وتەبێژی یەپەژە لەقامیشلۆ بهڕۆژنامه بهریتانیهكهى وتوه، "شەڕی ئێمه تەنها بۆ خاک نییە، بەڵکو بۆ پاراستنی ناسنامەو مافەکانی ژنانە".
وتوشیهتى، "ناتوانین متمانە بەحکومەتێک بکەین کە سەرۆکەکەی پێشتر سەرکردەی بەرەی نوسرە بوەو دژی ئێمه شهڕیان كردوه، ئێستاش کە هێزەکانی حکومەت دەستیان بەسەر 80 لەسەدی ناوچەکانی باکورو ڕۆژهەڵاتی سوریادا گرتوە، یەپەژە وەک هێزێکی سەربەخۆ لەناو هێزە کوردییەکاندا دەمێنێتەوە".
ڕۆژنامهكه نوسیویهتى، "لەکاتێکدا ئیدارەی نوێی دیمەشق دژی بەشداریی ژنانە لەکایەی سیاسییو سەربازیدا، یەپەژە هێشتا کۆنترۆڵی چەکە قورسەکانو ئۆتۆمبێلە زرێپۆشەکانی لایە".
هاوكات ڕوكسهن باسى لهوهشكردوه، "ئێمه هێشتا ئەرکی پاسەوانیکردنی زیندانەکانی داعشو بەرەکانی شەڕمان لەسەرشانە، ئەم دۆخەش لەکاتێکدایە کە ئەمریکا خەریکی گواستنەوەی دەستگیرکراوەکانی داعشە بۆ عێراقو ئەگەری کشانەوەی تەواوەتی هێزەکانی هاوپەیمانان هەیە، ئەمەش مەترسی هێرشی کۆتایی حکومەت بۆسەر ئۆتۆنۆمیی کورد زیاتر دەکات".
لهو ڕوهشهوه ڕوکسەن محەمەد هێزەکانی شەرع بەهەڕەشەیەکی بونیادی وەسفدەکاتو به تەلەگراف-ى وتوه، "ئەو هێزانەى دیمهشق ڕقیان لەبونی ژنی ئازادە، ئێمهش بۆ هەر ئەگەرێک ئامادەین؛ ئەگەر ئاشتی مافەکانمان بپارێزێت پێشوازی لێدەکەین، بەڵام ئەگەر هێرشبکرێتەسەرمان، تا کۆتا هەناسە بەرگریی دەکەین، یەپەژە پێیوایە کە سوپایەک ژنی تێدانەبێت جێگەی قبوڵکردن نییە، چونکە ژنان خۆیان دەبێت پارێزگاریی لەخۆیانو کۆمەڵگهکەیان بکەن".
