شارپرێس:
جیهان چاوی لەسەر گرژترین خاڵی ئاوییە، حکومەتی عێراق خۆی بۆ خراپترین سیناریۆ ئامادە دەکات، دوای ئەوەی هەڕەشەکانی داخستنی گەروی هورمز بونە واقیع، ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق لەهەنگاوێکی کتوپڕدا دەسەڵاتی ڕەهای بەخشیە وەزارەتی نەوت بۆ دەربازبون لەو قەیرانە خنکێنەرەی کە ڕەگی ئابوری وڵاتی خستوەتە ژێر مەترسییەکی بێوێنەوە.
ئەنجومەنی وەزیران، بەئامادەبوونی محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیران بڕیاریدا، وەزارەتی نەوت سەرپشکبکات لەگرتنەبەری هەر ڕێکارێکی پێویست بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ پەککەوتنی هەناردەی نەوتی خاوو سوتەمەنی، ئەم بڕیارە تەنها ڕێکارێکی کارگێڕی نییە، بەڵکو زەنگی مەترسییە بۆ وڵاتێک کە زیاتر لە 90٪ی بودجەکەی پشت بەو نەوتە دەبەستێت کە لەو گەروەوە تێدەپەڕێت.
لێکەوتەکان خێراتربون لەچاوەڕوانییەکان، بهگوێرهى زانیارییەکان، گەورەترین کێڵگەی نەوتی عێراق (ڕومەیلە) لەبەشە باشورییەکەیدا بەتەواوی ڕاوەستاوە، هۆکارەکەش سادەو کوشندەیە، ئهویش ئهوهیه، کۆگاکان پڕبونو کەشتییەکان ناتوانن بێن، بەهۆی داخرانی گەروی هورمزەوە، تانکەرە زەبەلاحەکان لەدەریای عومان گیریانخواردوەو ناتوانن بگەنە بەندەرەکانی بەسرە، ئەمەش وایکردوە نەوتی عێراق لەناو جەرگەی زەویدا بمێنێتەوەو نەتوانێت ڕێگەی بازاڕەکانی جیهان بدۆزێتەوە.
چاودێران پرسیارى جدییان ههیهو دهڵێن، ئێستا وەزارەتی نەوت لەبەردەم تاقیکردنەوەیەکی مێژوییدایە؛ ئایا عێراق دەتوانێت بەدیل بدۆزێتەوە؟ بۆ ئهوهش چهند بژاردهو ئهگهرێك لهبهرچاو گیراوه ئهوانیش:
هێڵی تورکیا: چاوەکان لەسەر خێراکردنی هەناردەو چارەسەری کێشەکانە لەگەڵ هەرێمی کوردستان بۆ زیادکردنی هەناردە لەڕێگەی بەندەری جەیهان.
هێڵی عەممان: پلانە کۆنەکان بۆ بۆری نەوتی بەسرە-عەقەبە جارێکی دیكه بونەتەوە بەڕۆژەڤی سەرەکی.
کۆگاکردنی ستراتیژیی: هەوڵدان بۆ بەکرێگرتنی کۆگای نەوت لەدەرەوەی ناوچەی ململانێکان.
لەکاتێکدا وەزارەتی نەوت خەریکی نەخشەی سوتەمەنییە، سەرۆک وەزیران فەرمانی بەهەموو وەزارەتەکان کردوە کە ئاسایشی خۆراک بپارێزن، ترسی ئەوە هەیە داخرانی گەروەکە نەک هەر هەناردەی نەوت، بەڵکو هاوردەی کەلوپەلیش پەکبخاتو ببێتە هۆی بەرزبونەوەی نرخی شتومەک لەبازاڕەکاندا.
عێراق لەئێستادا لەبەردەم تۆفانێکی ئابوریدایە، پرسیارە گەورەکەش ئەوەیە، ئایا ئەو دەسەڵاتە فراوانانەی بەوەزارەتی نەوت دراون، دەتوانن ڕێڕەوێکی نوێ بۆ خوێنی ئابوری عێراق بدۆزنەوە، یان وڵات دەبێتە قوربانی ململانێیەکی هەرێمی کە کلیلی دەروازەکەی لەدەستی خۆیدا نییە؟.
