قەندیل پرسی بەشداریکردنی لەشەڕی دژی ئێران یەکلاکردەوە

کوردستان

4 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 8704 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

دوران کاڵکان، ئەندامی ئەکادیمیای زانستە کۆمەڵایەتییەکانی عەبدوڵا ئۆجەلان لەبارەی پرسی بەشداریکردنی هێزە کوردییەکان لەشەڕی دژی ئێران هاتەدەنگ‌و دەڵێت، کورد سەرباز و هێزی هیچ لایەک نییە، داواش دەکات کورد نەبێتە بەشێک لە ململانێی هێزە هەژموونخوازەکان لە ناوچەکەدا.

دوران کاڵکان لە چاوپێکەوتنێکی میدیاییدا باسی لەوەکردوە،"  ئێمە وەک بزوتنەوە و وەک گەلیش دژی شەڕی ئێرانین، چونکە ئەم جەنگە هیچ سودێکی بۆ گەلانی ناوچەکە نییە ".

وتیشی،" ئەگەر کۆتایی بە دەسەڵاتی ئێرانیش بێت، لەبری دەسەڵاتی تاران، هەژمونی ئەمریکا و ئیسرائیل جێگەی دەگرێتەوە کە ئەوانیش لە ئێران دیموکراتتر و ئازادیخوازتر نین و ئامانجیان هێنانی دیموکراسییەت نییە ".

لەبارەی زیانەکانی بەشداریکردنی کورد لەو شەڕە، کاڵکان باسی لەوەشکرد،" بون بە بەشێک لە هەر کام لە بەرەکان کارێکی زۆر خراپە، چونکە لایەنەکانی جەنگەکە جیاوازییەکی ئەوتۆیان نییە و هەمویان شەڕی هەژمونخوازی دەکەن ".

ئەم قسانەی دوران کاڵکان لەکاتێکدایە، هێزەکانی پژاک کە بە باڵی سەربازی هێزەکانی پەکەکە لەرۆژهەڵاتی کوردستان دادەنرێن، هێزێکی زۆری چەکداری هەیە و لەچەند ناوچەیەکی هەرێمی کوردستانیش بنکە و بارەگایان هەیە.