شارپرێس:
لەچوارچێوەی جەنگی هاوبەشی ئەمریکاو ئیسرائیل دژی ئێران، واشنتۆن داوایەکی ڕاستەوخۆی ئاڕاستەی تەلئەبیب کردوە بۆ ڕاگرتنی بەئامانجگرتنی دامەزراوەکانی وزەو ژێرخانی نەوتیی ئێران.
ئەم هەڵوێستە کە لەلایەن ماڵپەڕی ئۆکسیۆسەوە ئاشکراکراوە، وەک یەکەم هەوڵی ئاشکرای ئیدارەی ترەمپ بۆ سنوردارکردنی هێرشەکانی ئیسرائیل دەردەکەوێت.
واشنتۆن دژی لێدانی بنکە سەربازییەکان نییە، بەڵام نایەوێت کەرتی وزە بکرێتە ئامانج کە بڕبڕەی پشتی ئابوریی ئێرانە.
ئەو داوایەی ئەمریکا لەسەر سێ بنەمای سەرەکیی داڕێژراوە؛ یەکەمیان پەیوەندیی بەناوخۆی ئێرانەوە هەیە، چونکە واشنتۆن پێیوایە، زیانگەیاندن بەکەرتی وزەی مەدەنیی دەبێتە هۆی ئەوەی گەلی ئێران لەدەوری ڕژێمەکەیان کۆببنەوە لەبری دژایەتیکردنی.
دوەمیان، ترەمپ کەرتی نەوتی ئێران وەک کارتێکی فشار بۆ ڕێککەوتنە ئابورییەکانی داهاتوو دەبینێتو نایەوێت تێکبچێت.
سێیەمیش، مەترسی هەڵچونی ناوچەییو بەئامانجگرتنی کێڵگەکانی نەوتی کەنداو لەلایەن ئێرانەوە لەئارادایە، کە دەبێتە هۆی بەرزبونەوەی نرخی نەوت لەبازاڕە جیهانییەکاندا.
ترەمپ لێدان لەکەرتی وزەی وەک "بژاردەی دوایین ڕۆژ" وەسفکردوەو تەنها لەحاڵەتێکدا بەڕەوای دەبینێت کە ئێران دەستپێشخەری بکات لەتێکدانی وزەی جیهانی.
هەروەها بەرپرسانی ئەمریکی وەک پێنتاگۆنو سیناتۆر لیندسی گراهام جەختیانکردوهتەوە، ئامانجیان گۆڕانکارییە لەئێران بەبێ لەناوبردنی هەلی ژیان بۆ خەڵک لەقۆناغی دوای ڕژێم.
ئەم جیاوازییەی نێوان واشنتۆنو تەلئەبیب نیشانەی ناکۆکیی ستراتیژی نییە، بەڵکو هەوڵێکی ئەمریکییە بۆ کۆنترۆڵکردنی کێشەکانو ڕێگریکردن لەتەقینەوەی بارودۆخی ئابورییو ئەمنیی جیهان، لەکاتێکدا ئیسرائیل دەیەوێت بەهەر نرخێک بێت ئابوریی ئێران پەکبخات.
