ئەمریكا خەڵاتێكی 10 ملیۆن دۆلاری بۆ ئاشكراكردنی شوێنی سەركردەكانی ئێران دابیندەكات

جیهان

11 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 298 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
ئەمریکا پاداشتێکی دارایی 10 ملیۆن دۆلاری ڕاگەیاند لەبەرامبەر پێدانی زانیاری لەبارەی سەرکردە دیارەکانی ئێران.

 
پڕۆگرامی (پاداشت لەپێناو دادپەروەری) سەر بەوەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، لەپۆستێکی تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس دا وێنەی موجتەبا خامنەیی، رێبەری نوێی باڵای کۆماری ئیسلامیی ئێران و ژمارەیەک لەگەورە بەرپرسانی سوپای پاسدارانی بڵاوکردەوە.
 
پرۆگرامەکە بەڵێنی پاداشتی دارایی و هاوکاریکردن بۆ گواستنەوە و نیشتەجێبون لەشوێنی دیکە  بەو کەسانە دەدات کە زانیارییەکانیان پێ دەدەن.
 
ئەو سەرکردانەی كەداوا كراوە شوێنیان ئاشكرابكرێت، موجتەبا خامنەیی، رێبەری نوێی باڵای کۆماری ئیسلامیی ئێران؛ عەلی ئەسغەری حیجازی، جێگری بەڕێوەبەری نوسینگەی رێبەری باڵا؛ یەحیا رەحیم سەفەوی، راوێژکاری سەربازیی رێبەری باڵا؛ عەلی لاریجانی، راوێژکاری رێبەر و سکرتێری ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانی؛ ئەسکەندەر موئمینی، وەزیری ناوخۆو ئیسماعلی خەتیب، وەزیری هەواڵگری.
 
پرۆگرامی (پاداشت لەپێناو دادپەروەری) چوار کەسی دیکەشی خستوەتە لیستەکەوە کە تەنیا ئاماژە بە پۆستەکانیان کراوە بێ ئەوەی ناو یان وێنەیان دیاریبکرێ، ئەوانیش پێکدێن لەسکرتێری ئەنجومەنی بەرگری، ڕاوێژکاری رێبەری باڵا، بەرپرسی نوسینگەی سەربازیی رێبەری باڵاو فەرماندەی سوپای پاسداران. 

هاوكات، پێشتریش ئێران، خەڵاتێكی چوار ملیۆن دۆلاری بۆ كوشتنی سەرۆكی ئەمریكاو سەرۆكوەزیرانی ئیسرائیل ڕاگەیاند.

ئەمە لەكاتێكدایە، لەدوای كوژرانی عەلی خامنەیی و چەند بەرپرسێكی باڵای دیكەی وڵاتەكە، موجتەبا خامنەیی كرایە ڕێبەری باڵای ئێران و تائێستاش دەرنەكەوتوە تەنیا پەیامی نوسراوی هەبوە.

بەپەلە