دیاردەی کڕین و فرۆشتنی چەکی بانکی لە هەرێمی کوردستان، کە بەهۆی قەیرانی قووڵی نەختینەیی و پەککەوتنی بانکەکان لە خەرجکردنی شایستە داراییەکانی کۆمپانیاکان سەری هەڵدا، یەکێکە لە ئاڵۆزترین و پڕکێشەترین پرسە داراییەکانی ساڵانی ڕابردوو هەتاوەكو ئێستا .
كێشەكە بریتیبوو لە پرۆسەی کڕین و فرۆشتنی چەکی بانکیی بە نرخێکی کەمتر لە بەها بنەڕەتییەکەی خۆی. ئەم کێشەیە کاتێک قووڵتر بووەوە کە حکومەت بەهۆی نەبوونی نەختێنەی پێویست لە بانکەکاندا، نەیتوانی شایستە داراییەکانی ئەو کۆمپانیایانە خەرج بکات کە پڕۆژەی خزمەتگوزاری و ستراتیژییان جێبەجێ کردبوو.
لە ئەنجامدا، ژمارەیەکی زۆر لە خاوەن کۆمپانیاکان کە مەترسی ئیفلاسبوونیان لەسەر بوو هەروەها پێویستیان بە پارەی کاش هەبوو بۆ بەردەوامبوونی کارەکانیان، پەنایان بۆ فرۆشتنی چەکە بانکییەکانیان برد. ئەم مامەڵەیە بە شێوەیەک بوو کە چەکێکی بانکی بە بڕی " سەد ملیۆن دینار" بۆ نمونە، بە نرخێکی زۆر کەمتر و بە داشکانێکی بەرچاو دەفرۆشرا بە کۆمپانیا یان کەسانێکی دیكە کە توانای ئەوەیان هەبوو ئەو چەکانە بکەن بە پارەی نەختێنە.
ئەم بارودۆخە نەک هەر زیانێکی گەورەی بە سەرمایەی کۆمپانیا نیشتمانییەکان گەیاند، بەڵکو جۆرێک لە نادادی و پشێوییەکی گەورەی لە بازاڕی دارایی هەرێمدا دروست کرد، چونکە لێرەدا پێوەر بۆ وەرگرتنی شایستە داراییەکان چیتر یاسا و کاتی جێبەجێکردنی پڕۆژەکان نەبوو، بەڵکو بووەوە بە توانا بۆ دەستگەیشتن بەو پارە کەمەی کە لە بانکەکاندا مابووەوە.
ئەم دیاردەیە بە " بازاڕی فەرمی چێک " ناسراوە. هەرچەندە لە وڵاتانی پێشکەوتوو ئەمە بە شێوەیەکی یاسایی و لە ڕێگەی دامەزراوەی داراییەوە دەکرێت، بەڵام لە کاتی قەیرانەکاندا وەک ئەوەی هەرێمی کوردستان بە شێوەیەکی "پشێو" و ناڕێکخراو دەردەکەوێت.
ئەزموونی لوبنان (٢٠١٩ - تاكو ئێستا) كە نزیکترین نموونەیە بەهۆی داڕمانی سیستەمی بانکی و نەبوونی دۆلار، بانکەکانی لوبنان نەیاندەتوانی پارەی ناو چەکەکان (شیک) بدەنەوە بە هاوڵاتیان و کۆمپانیاکان.لەئەنجامدا دیاردەیەک دروستبوو بە ناوی "چەکی بانکی" خەڵک چەکەکانیان دەبردە بازاڕی ڕەش و بە ٢٠% یان ٣٠%ی بەهای ڕاستەقینەی خۆی دەیانفرۆشت بە کەسانێک کە قەرزاری بانک بوون.
سوودمەند ئەو کەسانەی گرتەوە كە قەرزاری بانک بوون ، چەکەکەیان بە هەرزان دەکری و دەیاندایەوە بە بانک بۆ سڕینەوەی قەرزە ڕاستەقینەکانیان بە بەهای ١٠٠%. ئەمە وای کرد سەرمایەی خەڵکی ئاسایی بفەوتێت و تەنها دەستڕۆیشتووەکان سوودمەند بن.
ئەزموونی ڤەنزوێلا (٢٠١٤ - تاكو ئێستا) نموونەیەکی دیکەی هاوشێوەیە لە ڕووی مامەڵەکردن بە چەکی بانکی و قەرزی حکومییەوە. بەهۆی دابەزینی نرخی نەوت و گەمارۆکان، حکومەتی ڤەنزوێلا نەختێنەی دۆلاری نەمابوو. کۆمپانیا بیانی و ناوخۆییەکان بڕی ملیارەها دۆلار "چەکی بانکی" لای حکومەت مابووەوە. لەئەنجامدا بازاڕێکی سێبەر دروستبوو، کە تێیدا ئەم چەکانە بە کەمتر لە ١٠% بۆ ٢٠%ی بەهای ڕاستەقینەی خۆیان دەفرۆشرانەوە
لێکەوتەی دارایی ئەم دیاردەیە بە شێوەیەکی زنجیرەیی کار دەکەنە سەر تەواوی جومگەکانی ئابووری هەرێم و لە ڕەهەندی داراییەوە دەبنە هۆی داخورانی خێرای سەرمایەی کۆمپانیا نیشتمانییەکان چونکە کاتێک کۆمپانیایەک ناچار دەبێت چەکەکەی بە نرخێکی زۆر کەمتر لە بەهای ڕاستەقینەی خۆی بفرۆشێت لە ڕاستیدا بەشێکی گەورە لە قازانج و سەرمایەی کارکردنی لەدەست دەدات کە ئەمەش دەبێتە هۆی پاشەکشەی وەبەرهێنان و سستبوونی بازاڕ و لە دەستدانی هەزاران هەلی کار بۆ هاوڵاتیان.
بۆ ڕێگریکردن لە دووبارە نەبوونەوەی ئەم تەنگژە داراییە و بنبڕکردنی دیاردەی بازاڕی ڕەشی چەکە بانکییەکان، پێویستە حکومەتی هەرێم پەنا بۆ کۆمەڵێک میکانیزمی جێگرەوە ببات کە گرنگترینیان بریتییە لە کاراکردنی سیستەمی "پاکتاوکردنی دارایی" بە جۆرێک کە ڕێگە بە کۆمپانیاکان بدرێت ئەو چەکانەی لەبەر دەستیاندایە ڕاستەوخۆ وەک پارەی نەختێنە بۆ دانەوەی باج و رسومات و قەرزە کەڵەکەبووەکانی سەرشانیان بۆ حکومەت بەکاربهێننەوە، ئەم هەنگاوە دەبێتە هۆی ئەوەی بەهای چەکەکان لە بازاڕدا بەرز بێتەوە و کۆمپانیاکان ناچار نەبن بە زیانێکی گەورە بیفرۆشن.
هاوشانی ئەمە، حکومەت دەتوانێت "سندوقێکی نیشتمانی" بۆ کڕینەوەی قەرزەکان دابمەزرێنێت کە لەژێر چاودێرییەکی وردی داراییدا بێت و چەکی بەڵێندەران بە داشکانێکی زۆر کەم و دیاریکراو بکڕێتەوە، لە لایەکی دیکەوە، پێویستە پرۆسەی خەرجکردنی پارەی بانکەکان بە تەواوی میكانیزمە بكرێت و لە چوارچێوەی سیستەمێکی شەفافی ڕیزبەندیدا بێت کە تێیدا کات و مێژووی دەرچوونی چەکەکە پێوەری سەرەکی بێت بۆ وەرگرتنی پارە.
جێبەجێکردنی سیستەمی "بانکی دیجیتاڵی " یەكێكی دیكەیە لە هەنگاوی ستراتیژی بە شێوەیەکی سەرتاسەری کە تێیدا هەموو مامەڵە بازرگانی و حکومییەکان لە ڕێگەی گواستنەوەی بانکییەوە ئەنجام بدرێن نەک کاش، چونکە کاتێک پارە لە ناو سیستەمی بانکیدا بێت وەک ژمارەی دیجیتاڵی.
دیاردەی کڕین و فرۆشتنی چەکی بانکی لە هەرێمی کوردستان، ئاوێنەی ڕەنگدانەوەی قەیرانێکی قووڵی نەختینەیی و سستبوونی متمانەیە بە سیستەمی بانکی، مەترسییەکی ڕاستەقینە لەسەر تێكچوونی سەرمایەی کۆمپانیا نیشتمانییەکان و دادپەروەری دارایی دروست دەکات. بنبڕکردنی ئەم بازاڕە سێبەرە تەنها بە گۆڕینی چەکەکان بۆ ئامرازێکی فەرمی بۆ دانەوەی باج و رسوومات، و خێراکردنی هەنگاوەکان بەرەو بەدیجیتاڵکردنی سیستەمی دارایی دەکرێت؛ بەمەش دەتوانرێت متمانە بۆ بازاڕ بگەڕێنرێتەوە.
پسپۆڕی : دارایی گشتی
