شارپرێس:
بەگوێرەی پێگەی هەواڵیی ئەکسیۆس، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا لەکۆبونەوەیەکی بەپەلەدا لەژوری ئۆپەراسیۆنەکانی کۆشکی سپی لەگەڵ تیمە باڵاکانی ئاسایشی نیشتمانی و سیاسی تاوتوێی قەیرانی نوێی گەروی هورموزو دانوستانەکانی لەگەڵ ئێرانی کردوە.
ئەوەش هاتوە، ئەم کۆبوونەوەیە لە کاتێکدایە کە تەنها 3 ڕۆژ بۆ کۆتاییهاتنی ئاگربەست ماوە و هێشتا وادەیەک بۆ خولی داهاتووی دانوستانەکان دیاری نەکراوە.
هەروەک دەڵێت، لەکۆبونەوەکەدا جی دی ڤانسی جێگری سەرۆک، مارکۆ ڕۆبیۆی وەزیری دەرەوە، پیت هێگسێتی وەزیری بەرگری، سکۆت بیسێنتی وەزیری گەنجینە، سوزێ وایڵز سەرۆکی دیوانی کۆشکی سپی، ستیڤ ویتکۆف نێردەی تایبەتی کۆشکی سپی، جۆن راتکلیف بەڕێوەبەری سی ئای ئەی و دان کینی سەرۆکی ئەرکانی هاوبەشی سوپا ئامادە بوون.
پێشتر، ترەمپ لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانییدا هەڵوێستی ئێرانی بە زیرەکانە وەک هەوڵێک بۆ گوشارخستنە سەر ئەمریکا وەسف کرد و جەختی کردەوە کە وڵاتەکەی ملکەچی هیچ جۆرە گوشار یان هەڕەشەیەک نابێت.
سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بەوەش کرد کە پەیوەندییەکان لەگەڵ ئێران بەردەوامن و تا کۆتایی ئەمڕۆ یەکلایی دەبێتەوە ئایا لایەنەکان بەرەو رێککەوتنێکی کۆتایی هەنگاو دەنێن یان ئەگەری دەستپێکردنەوەی جەنگ لە رۆژانی داهاتوودا روو لە زیادبوون دەکات.