شارپرێس:
لەپەیامێکی بێپێشینەو تونددا کە لە18ی نیسانی 2026 بڵاوکرایەوە، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێم، قۆناغێکی نوێی لەڕوبەڕوبونەوەی سیاسی ڕاگەیاند، ئەم پەیامە نەک تەنها لەڕوی ناوەڕۆک، بەڵکو لەڕوی زمانەوانیو سیاسییەوە گۆڕانکارییەکی گەورە لەهەڵوێستەکانی هەولێر نیشاندەدات.
زمانێکی نوێ.. لەسەرکۆنەوە بۆ هەڕەشەو داواکاری کردەیی
جیاوازی سەرەکی ئەم پەیامە لەگەڵ پەیامەکانی پێشتر (وەک ئەوانەی لەسەرەتای 2024 یان ئاداری 2026 بڵاوکرانەوە) لەچەند خاڵێکدا کۆدەبێتەوە، وهكو بێدەنگی وەک بژاردە نەماوە، پێشتر پەیامەکان زیاتر سەرکۆنەی هێرشەکانیان دەکرد، بەڵام ئەمجارە بارزانی ڕایگەیاند، "چیتر ناکرێت بەرامبەر ڕشتنی خوێنی هاوڵاتیان بێدەنگی هەڵبژێردرێت"، داواکاری ستراتیژیی ئهویش خۆى لهوهدا دهبینێتهوه كه بۆ یەکەمجار، سەرۆکی حکومەت بەفەرمی داوای پڕچەککردنی هەرێم بەکەرەستەی سەربازیی پێشکەوتوو بۆ پاراستنی ئاسمانی کوردستان دەکات، ئەمەش گواستنەوەی هەرێمە لەهەڵوێستی بەرگریی ناچالاك بۆ بەرگریی کارا.
کێشەی ژمارەی شەهیدەکانو ڕەهەندە سیاسییەکەی
خاڵێکی جێگەی سەرنج لەپەیامەکەی بارزانیدا ئاماژەدان بوو بەشەهیدبونی پێنج هاوڵاتی لەکاتێکدا کە ئاگربەست لەئارادایە، ئەم ژمارەیە مشتومڕی لێکەوتوەتەوە، بهگوێرهى زانیارییەکان، حزبەکانی ڕۆژهەڵات لەدواین هێرشەکاندا چوار شەهیدیان هەبوە (سێ پێشمەرگەی دیموکرات شهوى ڕابردوو غەزالی پێشمەرگهى كۆمهڵهى شۆڕشگێڕى زهحمهتكێشانى كوردستان له13ى ئهم مانگه) بهڵام بارزانى دهڵێت، "پێنج شههیدمان ههیه لهدواى ئاگربهستهوه"، هاوكات بارزانی لەپەیامەکەیدا ئەم قوربانییانەی وەک هاوڵاتی کوردستان ناوبرد، ئەمەش نیشانەی ئەوەیە کە حکومەتی هەرێم چیتر جیاوازیی لەنێوان شەهیدانی پارچەکانی دیکەو هەرێم ناکات کاتێک لەسەر خاکی هەرێم دەکرێنە ئامانج.
ئاڕاستەی پەیامەکە.. بەغداو هاوپەیمانان
بارزانی لەم پەیامەدا بەرپرسیارێتییەکەی خستە ئەستۆی دولایەن، یهكهمیان بەغدا، داوایکردوە کە حکومەتی فیدراڵ هەنگاوی کردەیی بنێت بۆ ڕاگرتنی هێرشەکانو تەنها بەلێدوان نەوەستێت، دوهمیش کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، داوای هاوکاریی سەربازیی ڕاستەوخۆی کردوە بۆ پاراستنی ژێرخانی وزەو ئاسایشی هەرێم.
چاودێران پێیانوایە، ئەم پەیامە نیشانەی تەقینی سەبری هەولێرە، چونكه تێکەڵکردنی مەلەفی شەهیدبونی هاوڵاتیان لەگەڵ تێکدانی ژێرخانی ئابوریی نیشاندەدات کە هەرێم دەیەوێت لەڕێگەی ئەم زمانە توندەوە، گوشارێکی نێودەوڵەتی دروستبکات بۆ گۆڕینی هاوکێشەی بەرگریی لەناوچەکەدا.
