شارپرێس:
لێژنەی کاری هاوبەشی چەپی کوردستان، سەرکۆنەی هێرشەکانی ئێران بۆ سەر هەرێمی کوردستان و کەمپەکانی پەنابەرانی ڕۆژههڵاتی كوردستان دەکەن و داواش لەنەتەوە یەکگرتوەکان و حکومەتی عێراق دەکەن بەرپرسیارێتی خۆیان لەپاراستنی سەروەریی وڵات و گیانی هاوڵاتییان جێبەجێ بکەن.
لێژنەی کاری هاوبەشی چەپی کوردستان، كەپێكهاتون لە(حزبی شیوعیی کوردستان- بزوتنەوەی دیموکراتی گەلی کوردستان- حزبی زەحمەتکێشانی کوردستان) یاداشتنامەیەك، سەبارەت بەهێرشەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران كەئاڕاستەی ڕای گشتی و لایەنە پەیوەندیدارەكانی دەکەن و داوا دەكەن دەستدرێژی بۆ سەر هەرێمی كوردستان ڕابوەستێت.
لەناوەڕۆكی یاداشتنامەكەدا جەخت كراوەتەوە، لەکاتێکدا کۆماری ئیسلامیی ئێران لەسەر ئاستی ناوچەیی، پابەندی خۆی بە لێکتێگەیشتن و ئاگربەست لەگەڵ لایەنە نێودەوڵەتییەکان ڕادەگەیەنێت، کەچی بەردەوامە لەهێرشە موشەکی و درۆنییەکانی بۆ سەر خاکی هەرێمی کوردستان و کەمپەکانی نیشتەجێبوونی پەنابەرانی ڕۆژهەڵاتی كوردستان.
ئاماژەیان بۆ ئەوەشكردوە، ئەم دەستدرێژییانە کە بونەتە هۆی شەهی و برینداربونی هاوڵاتییانی سڤیل، پێشێلکارییەکی زەق و ئاشکرای سەروەریی خاکی عێراق و بنەماکانی جاڕنامەی نەتەوە یەکگرتوەکانن.
لەبەشێكی دیكەی یاداشتنامەكەی ئەو لایەنانەدا ئەوەش هاتوە، هەرێمی کوردستان نەک هەر نەبوەتە هەڕەشە بۆ سەر ئاسایشی کۆماری ئیسلامی، بەڵکو هەمیشە فاکتەری سەقامگیری بوە لەناوچەکەدا، بۆیە ئەم پەلامارانە هیچ پاساوێکی یاساییان نییە و تەنها لە چوارچێوەی هەناردەکردنی قەیرانە ناوخۆیییەکان و تێکدانی ئاشتی پۆلێن دەکرێن، هەرێمی کوردستانیش بەشێوەیەکی فەرمی بێلایەنی خۆی ڕاگەیاندوە.
لەناوەڕۆكی یاداشتەكەدا، وتویانە،" ئێمە وەک لایەنە چەپەکانی کوردستان جەخت لەم خاڵانەی خوارەوە دەکەینەوە:
1- داوا لەنەتەوە یەکگرتووەکان و نوێنەرایەتی un دەکەین بە ئەرکی یاسایی خۆیان هەڵبستن و فشار بخەنە سەر کۆماری ئیسلامی بۆ ڕاگرتنی دەستبەجێی ئەم هێرشانە و پاراستنی کەمپەکانی پەنابەران وەک ناوچەی بێبەری لە ململانێ سەربازییەکان.
2- حکومەتی فیدراڵی عێراق، بەرپرسە لە پاراستنی ئاسمانی و خاکی وڵات؛ پێویستە بێدەنگیی بشکێنێت و لە ڕێگەی کەناڵە دیپلۆماسییەکان و ئەنجومەنی ئاسایشەوە هەنگاوی کردەیی بنێت بۆ ڕێگری لە دووبارەبوونەوەی ئەم دەستدرێژییانە.
3- بانگەواز لە هێز و لایەنە سیاسییەکان و ڕێکخراوە مەدەنییەکان دەکەین لە ناوەوە و دەرەوەی وڵات، بە گیانی یەکڕیزیی نەتەوەیی و بە شێوازی شارستانی، دەنگی ناڕەزایەتی دژی ئەم پێشێلکارییانە بەرز بکەنەوە و ڕێگری بکەن لەوەی خاکی هەرێم بکرێتە گۆڕەپانی یەکلاکردنەوەی ململانێ نێودەوڵەتییەکان.
