کاتژمێری سفر نزیک دەبێتەوە.. ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەرەو تەقینەوەیەکی گەورە دەچێت

جیهان

5 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 1864 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

لەکاتێکدا جیهان چاوەڕێی مژدەی ئاشتی دەکرد، تەمومژێکی ڕەش ئاسمانی پەیوەندییەکانی واشنتۆن‌و تارانی داگرتەوە، بەرپرسێکی باڵای ئەمریکا لەلێدوانێکی به‌په‌له‌دا بۆ پێگەی ئەکسیۆس هۆشداریدەدات، کە "تەنها چەند هەنگاوێکمان ماوە بۆ دەستپێکردنەوەی جەنگ"و ئەگەر لەچەند کاتژمێری داهاتودا هەڵچونەکان ڕانەگیرێن، دەنگی چەک بەسەر زمانی دیپلۆماسیدا زاڵدەبێته‌وه‌.


دوای ئەوەی دۆناڵد ترەمپ بەگەشبینییەوە باسی لەڕێککەوتنێک دەکرد کە تەنها "ڕۆژێکی مابوو"، تاران بەداخستنی گه‌روى هورمزو هێرشکردنەسەر کەشتییە بازرگانییەکان، هاوکێشەکەی سەرەوژێر کردەوە، ترەمپ لەناو نوسینگەی هێلكه‌یى (ئەمە ناوی نوسینگەی فەرمیی سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکایە لەکۆشکی سپی، ناونیشانه‌كه‌شى بەمشێوەیە، بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە شێوەی ئەندازەیی ژورەکە بەشێوەی هێلکەیی دروستکراوە)، بەتوڕەییەوە ڕایگەیاند، "ئێران دەیەوێت یارییەکمان لەگەڵ بکات، بەڵام ڕێگەنادەین هیچ لایەنێک باجمان بەسەردا بسەپێنێت".

لەدیمەنێکدا کە تەنها لەکاتە هەرە هەستیارەکاندا دەبینرێت، ترەمپ تیمی ئاسایشی نەتەوەیی‌و جەنگاوەرە دێرینەکانی کابینەکەی (جی دی فانس، مارکۆ ڕوبیۆو بێت هیگسێس)ی لەژوری ئۆپەراسیۆنەکان کۆکردەوە، بێدەنگیی کۆشکی سپی دوای ئەم کۆبونەوەیە، وەک بێدەنگیی پێش زریان لێکدەدرێتەوە.

لەکاتێکدا سوپای پاکستان هەوڵی نێوەندگیرییەکی مەحاڵ دەدات‌و تارانیش باس لەوەدەکات، "پێشنیازی نوێی ئەمریکی لەبەردەستدایە، کاتژمێری ژماردنی پێچەوانە دەستیپێکردوە، تەنها سێ ڕۆژ لەمۆڵەتی ئاگربەست ماوە؛ ئایا عەقڵانییەت دەبێتە فریادڕەس، یان ناوچەکە دەچێتە ناو لاپەڕەیەکی خوێناویی نوێ لەمێژودا؟.

بەپەلە