شارپرێس:
بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی شیکاریی ڕۆژنامەی "ئیزڤێستیا"ی ڕوسی کە لەلایەن دمیتری کۆزیاکین گەورە دیزاینەری ناوەندی چارەسەرە تەواوکارییەکانی درۆن نوسراوە، جیهان لەبەردەم گۆڕانکارییەکی مێژوییدایە کە تێیدا هەژمونی دەریایی ئەمریکا بەرەو کۆتایی دەچێت.
نوسەر ئاماژە بەوەدەکات، جیهان چاوەڕوانبوو کە ئایا هاوپەیمانی ئەمریکاو ئیسرائیل پەنا بۆ چەکی ئهتۆمیى تاکتیکی دەبەن یان نا، چونکە لەڕوانگەی شیکەرەوەکانەوە ئەگەری ئەمە زۆربوو کە جگە لەزیانی ژینگەییو کوژرانی خەڵکی سڤیل، ئەنجامێکی دیكهى بۆ ئەمریکا نەدەبوو.
هەروەک دەڵێت، "ئەم واقیعە نوێیە بەهۆی بەدیجیتاڵبونی گشتگیرو دەرکەوتنی ئامرازە نوێیەکانی جەنگەوە دروستبوە، کە تێیدا هێزە کلاسیکییەکان دەستەوەستانن، بەشێوەیەک ئێستا کۆنترۆڵی گەروی هورمز لەڕێگەی کەشتییە جەنگییە گەورەکانەوە نایەتەدی، بەڵکو لەڕێگەی پۆلێک درۆنو بەلەمی بێسەرنشینی هەرزانەوەیە کە تەنانەت ژێردەریاییە ئهتۆمیهكانو فڕۆکەهەڵگرەکانیش ناتوانن لەبەردەمیاندا خۆیان ڕاگرن".
ڕۆژنامەکە پێیوایە، پەرەسەندنەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست سێ خاڵی وەرچەرخان نیشاندەدەن:
یەکەم: کۆتاییهاتنی قۆرخکاریی دەریایی ئەمریکاو دەرکەوتنی لاوازیی ئەم زلهێزە.
دوەم: گواستنەوەی دەسپێشخەریی بۆ دەستی ئێران کە ئێستا ئاڕاستەی ڕوداوەکانو نرخی وزەو چارەنوسی یەکێتیی ئەوروپا دیاریدەکات.
سێیەم: گەیشتنی پڕۆژەی ئیسرائیل بەبنبەستێکی نادیار.
کۆزیاکین جەختدەکاتەوە، ئەنجامدانی هێرشی زەمینی لەلایەن ئەمریکاوە هیچ سودێکی نابێت، چونکە لەجیهانی ئەمڕۆدا چەکی ناوەکیی تەنها لەکاتی بەکارهێناندا کاریگەرە، بەڵام درۆنەکان بونەتە ئامرازێکی کاریگەری سیاسیی جیهانی.
لەکۆتاییدا دەڵێت، "کۆنترۆڵکردنی گەروی هورمز لەلایەن ئێرانەوە ئەوەی سەلماند کە بونی هێزی دەریاییو چەکی ئهتۆمى، چیتر گەرەنتی کۆنترۆڵکردنی زەریاکانی جیهان ناکات".
