شارپرێس:
ڕۆژنامەی مەعاریفی ئیسرائیلی پەردە لەسەر هەماهەنگییەکی سەربازیی چڕی نێوان ئەمریکاو ئیسرائیل لادەباتو بهگوێرهى زانیارییەکان، هەردولا خۆیان بۆ ئەگەرێکی کوتوپڕو هێرشى لهناكاو بۆسهر ئێران ئامادە دەکەن، بەجۆرێک کە ئەمجارە وەڵامەکان زۆر لەوە توندتربن کە چاوەڕواندەکرێت.
ڕۆژنامهكه ئاشكرایكردوه، لەچەند ڕۆژی ڕابردودا، کۆبونەوەی لوتکەی سەربازیی بهڕێوهچوه، ئەدمیراڵ فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکایە (CENTCOM) کە بەرپرسە لەئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی ئەمریکا لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەتەلئەبیب بوەو لەگەڵ بەرپرسانی باڵای سوپای ئیسرائیل نەخشەی ڕوبەڕوبونەوەی داهاتوی کێشاوە.
بەرپرسێکی باڵای سەربازی ئیسرائیل ئاماژهى بهوهكردوه، "بانکی ئامانجەکان" نوێکراوەتەوە، جیاوازیی ئەمجارە لەوەدایە کە دامەزراوەکانی وزەو ژێرخانە هەستیارەکانی ئێران خراونەتە ناو لیستەکەوە، ئەوەش وەک پەیامێکی ڕاشکاو بۆ تاران کە هەر هەڵەیەکی کوشندە باجەکەی لەدەستدانی سەرچاوە ئابورییەکان دەبێت.
بەرپرسە ئیسرائیلییەکە وتویهتى، "ئێمەو ئەمریکییەکان بەتەواوی ئامادەین، ئەگەر ناچاربین شەڕ دەستپێبکەینەوە، دەزانین چی دەکەین، ئەو گورزەی دەیوەشێنین زۆر بەژان دەبێتو زیانی گەورەو قەرەبونەکراوە بەئێرانییەکان دەگەیەنێت".
دەزگای هەواڵگریی سەربازیی ئیسرائیل (ئەمان) سات بەسات چاودێری جوڵەکانی ناوخۆی ئێران دەکات، تاوەکو ڕێگریی بکەن لەهەر سوپرایزێکی سەربازیی کە ڕەنگە هاوسەنگییەکان تێکبدات.
ئەم جموجۆڵە سەربازییانە نیشانەی ئەوەن کە ناوچەکە لەبەردەم وەرچەرخانێکی مەترسیداردایەو دیپلۆماسییەت لەژێر سێبەری فڕۆکە جەنگییەکاندا هەوڵی مانەوە دەدات.
