شارپرێس:
عیزەت سابیر بریکاری وەزارەتی نەوتی عێراق بۆ کاروباری غاز (پشكى یهكێتیى)، لەچاوپێکەوتنێکی تایبەتدا لەگەڵ میدیای نزیک لەحزبهكهى، پەردەی لەسەر سیاسەتی یهكێتیى بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ سامانە سروشتییەکان هەڵدایەوە، دهشڵێت، "یەکێتیی ئامادەیە لەبەرامبەر دابینکردنی مافو شایستە داراییەکاندا، بەرهەمی نەوتو غاز ڕادەستی بەغدا بکات"، جەختیشدهكاتهوه، "تەنها داهاتی غاز بەشی بژێویی دانیشتوانی پارێزگای سلێمانی دەکات".
عیزەت سابیر ئاشکرایکرد، "دوو گەورەترین کێڵگەی غازی عێراق دەکەونە سنوری پارێزگای سلێمانییەوە، کە بریتین لەکێڵگەکانی کۆرمۆرو چەمچەماڵ، بهگوێرهى داتاکانیش لەتوانادایە لەماوەی شەش مانگی داهاتودا ئاستی بەرهەمهێنانی غاز بۆ یەک ملیار پێ سێجا لەڕۆژێکدا بەرزبکرێتەوە، ئەم بڕە بەرهەمە نزیکەی 400 ملیۆن پێ سێجا لەپێداویستیی ناوخۆی هەرێمیکزیاتر دەبێتو دەتوانرێت بفرۆشرێتەوە بەحکومەتی عێراق".
بریکاری وەزارەتی نەوتى عێراق (لهپشكى یهكێتیى) بۆ کاروباری غاز جەختیکردەوە، "سامانە سروشتییەکانی خاکی سلێمانی بەشی بژێویی خەڵکەکەی دەکات".
لهبارهى داهاتەکەشی وتى، "کۆمپانیای داناغاز سێ بەرهەمی هەیە (غازی شل، غازی وشکو کۆندێنسەیت) کە داهاتی هەرسێ بەرهەمەکە مانگانە دەگاتە 200 بۆ 250 ملیۆن دۆلار، ههروهها ئێستا ئەو غازەی دەدرێتە وێستگەکانی کارەبا بەبێبەرامبەرە، بەڵام دەتوانرێت لەبەرامبەر بڕێک پارەدا ڕۆژانە بفرۆشرێتە وێستگەکان؛ پارەی وێستگەکانیش هەر لەو داهاتە دابین بکرێت کە هاوڵاتییان وەک کرێی کارەبا دەیدەن کە ئەگەر ڕێکبخرێتەوە مانگانە داهاتەکەی دەگاتە ملیاران دۆلار".
سەبارەت بەموچەی فەرمانبەرانیش، د.عیزەت سابیر ڕایگەیاند، "موچە گەرەنتیکراوەو عەلی زەیدیی سەرۆک وەزیرانی عێراقیش هەمیشە جەختدەکاتەوە، ڕێگەنادات موچە تێکەڵی ململانێ سیاسییەکان بکرێت، بەڵام مەرجی هەیە بۆ ناردنی، ئەویش ڕادەستکردنی بەرهەمی نەوتە بەبەغدا".
بریکاری وەزارەتی نەوت جهختیكردهوه، "یەکێتیی ئامادەیە لەبەرامبەر دابینکردنی مافو شایستەکاندا، نەوتو غاز ڕادەستی بەغدا بکات؛ تائێستاش حکومەتی عێراق لەبارەی ناردنی بەشە بودجە بەشێوەی سەربەخۆ بۆ سلێمانی هیچ ڕایەکی فەرمیی دەرنەبڕیوە".
