شارپرێس:
ناوچەی جورف ئەلسەخر کە زیاتر لە10 ساڵە بەڕوی دامەزراوە فەرمییەکانی
دەوڵەتدا داخراوەو بوەتە سێگۆشەی بەرمۆدای عێراق، پەردە لەسەر نهێنییە مەترسیدارەکانی
هەڵدەدرێتەوە؛ ڕاپۆرتە هەواڵگرییەکان ئاشکرایانکردوە، کەتائیبی حزبوڵڵا دامەزراوە
کیمیاییەکەی سەردەمی سەدام حوسێنو پێنج پێگەو تونێلی دیکەی کردوەتە ناوەندی
قاچاخچێتیو پاڵاوتنی نەوت، ئەمەش وایکردوه، عەلی زەیدیی نۆ بەرپرسی باڵای بابل
دوربخاتەوەو دوا مۆڵەتی چوار ڕۆژ بداتە ئەو گروپە بۆ چۆڵکردنی ناوچەکە.
بهگوێرهى ڕاپۆرتێکی بنکۆڵکاریی ڕۆژنامەی مهدا، قەیرانی جورف ئەلسەخر
چوەتە قۆناغێکی یەکلاکەرەوەوەو وردەکاریی پێگە نهێنییەکانو ململانێی نێوان حکومەتو
گروپە چەکدارەکان.
سەرچاوە سیاسییەکان ئاشکرایانکردوە، کەتائیبی حزبوڵڵا لەماوەی زیاتر
لە 10 ساڵی کۆنترۆڵکردنی ناوچەکەدا، شەش پێگەو دامەزراوەی سەربازیی سەردەمی ڕژێمی
پێشوی بۆ پاڵاوتنو قاچاخچێتیی نەوت بەکارهێناوە ئهوانیش، (دامەزراوەی ئەلحەکەم)ه
كه کارگەیەکی سەردەمی سەدام حوسێن بوو کە لەهەشتاکاندا بۆ بەرهەمهێنانی چەکی بایۆلۆجی
دروستکرابوو؛ کەتائیب لەدەوروبەری ئەم دامەزراوەیە تونێلو سەنگەری لێداوە بۆ
شاردنەوەی پرۆسەی پاڵاوتنی نەوت، لهگهڵ بەکارهێنانی دامەزراوەی سەربازیی ئیبن ئەسیرو
وێستگەی سوتەمەنیی ئەلباج لەسەر ڕێگهی بیابانی بەرەو پردی فازڵییە، لهگهڵ قۆستنەوەی
ڕێڕەوی بۆریی نەوتی ناوچەی بەهبەهان، لەگەڵ شاردنەوەی تانکیی نەوت لەژێر دارخورماو
دارستانە چڕەکانی ناوچەی حامییە لەپشت گەڕەکی زەهرای نوێو نزیک گۆڕستانی (سەید مەشیوح).
ئهوهش ئاشكرابوه، ئێوارەی شەممەى ڕابردوو، سەرۆک وەزیرانی عێراق
دوای وەرگرتنی ڕاپۆرتی لیژنەی لێکۆڵینەوە، بڕیاریدا بەلەسەرکارلادانی نۆ بەرپرسی ئەمنی،
سەربازییو نەوتیی پارێزگای بابل ئهوانیش (فەرماندەی پۆلیسی بابل، بەڕێوەبەری پۆلیسی
باکوری بابل، بەڕێوەبەری هەواڵگرییو دژەتیرۆر، بەڕێوەبەری ئاسایشی نیشتمانی، بەڕێوەبەری
هەواڵگریی وەزارەتی بەرگریی، بەڕێوەبەری موخابەرات، فەرماندەی حەشدی شەعبی لەبابل،
فەرماندەی لیوای شەشی پۆلیسی وزەو بەڕێوەبەری کۆمپانیای بۆرییە نەوتییەکان).
سەرباری سزادانی سەرجەم بەرپرسە فەرمییەکان، هیچ ڕێکارێک دژی کەتائیبی
حزبوڵڵا یان هەردوو لیوای 45و 46ى حەشدی شەعبی (کە سەر بەکەتائیبنو کۆنترۆڵی
کرداریی جورف ئەلسەخریان بەدەستەوەیە) نەگیراوەتەبەر، تەنانەت لیژنەی لێکۆڵینەوەی
حکومەتیش ڕۆژی هەینیی ڕابردوو تەنها بەڕەزامەندیی کەتائیبو وەک میوان توانیی بچێتە
ناو ناوچەکەو لەزیندانو کارگەکانی درۆنیش دورخرایەوە.
جورف ئەلسەخر لەدوای کۆنترۆڵکردنەوەی لەدەستی داعش، بوەتە ناوچەیەکی
داخراوو ناوەندی چەندین دۆسیەی هەستیار لهوانهش (کارگەی درۆنو موشەک) لەتەمموزی
2024داو دوای بۆردومانێکی ئەمریکا، کەتائیب بەفەرمی دانی بەوەدانا کە شارەزایانیان
لەوێ خەریکی پەرەپێدانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانن، هەروەها زانیارییەکان باس لەوەدەکەن کە
هێرشە درۆنییەکەی 2019 بۆسەر سعودیە لەوێوە ئەنجامدراوەو لە2020یشدا موشەکی ئێرانیی
جۆری (ئارەش) لەوێ عەمبارکراوە.
بەرپرسانی ئەنبار کەتائیب بەڕفاندنی زیاتر لەههزار ئاوارەی ناوچەی
نخێب لەساڵی 2016 تۆمەتباردەکەن، هاوکات پەرلەمانتارانی پێشوو ئاشکرایانکردوە کە
خاوەندارێتیی باخەکانی ناوچەکە گۆڕدراوەو کراونەتە کێڵگەی پەلەوەرو حەوزی ماسی تا
دانیشتوانەکەی نەگەڕێنەوە.
دوای شکستپێهێنانی دانوستانەکانی یەک مانگی ڕابردوی ناو چوارچێوەی هەماهەنگی
لەسەر پرسی چەک، عەلی زەیدیی لەدوایین کۆبونەوەدا هۆشداریدا کە ئەگەر دۆخەکە چارەسەرنەکرێت،
دۆناڵد ترەمپ هێرشدەکاتەسەر گروپە چەکدارەکان، یان حکومەت ناچاردەبێت داوای سەرپشککردن
بکات بۆ جوڵەپێکردنی هێز دژیان.
لەکاتێکدا سەرکردە شیعەکان هۆشدارییانداوە کە پێکدادانی
چەکداریی ڕەنگە ببێتە هۆی ڕوخانی حکومەت، ئێستا هەوڵەکان بەو ئاڕاستەیەن کە کەتائیبی
حزبوڵڵا تا ڕۆژی هەینی بەشێوەی پلەبەندی ناوچەکە چۆڵبکاتو ڕادەستی هێزە فەرمییەکانی
دەوڵەتی بکات.
