شارپرێس:
کارمەندانو کرێکارانی کێڵگە نەوتییەکانی ڕمێلان، گردبونەوەیەکی ناڕەزایەتییان
لەبەردەم باڵەخانەی بەڕێوەبەرایەتیی کێڵگەکان لەشارۆچکەی ڕمێلانی سەر بەشاری گرکێ
لەگێ لەناوچەی جزیرە ڕێکخست، وەک ناڕەزایەتییەک بەرامبەر ڕێکارەکانی گواستنەوەیان
بۆسەر کۆمپانیای «HKN»ی
ئەمریکی بەگرێبەستی کاتیی.
کرێکاران لەبەیاننامەیەکدا ڕەتکردنەوەی تەواوەتیی خۆیان بۆ گواستنەوەیان
بۆسەر کۆمپانیا ئەمریکییەکە بەگرێبەستی کاتیی ڕاگەیاند، چونکە بەوتەی ئەوان، ئەو
گرێبەستانە گەرەنتیی یاساییی پێویستیان تێدانییە بۆ پاراستنی مافەكانیانو ساڵانی
خزمەتی پێشویان کە ماوەی کارکردنیان لەکەرتی نەوتدا لەنێوان 15 بۆ 37 ساڵدایە.
لەبەیاننامەکەدا ڕونکراوەتەوە، خستنەژێر ماوەی تاقیکردنەوەی شەش مانگە
لەبەرامبەر پێشکەشکردنی دەستلەکارکێشانەوەیان لەکۆمپانیای نەوتی سوریا، هیچ گەرەنتییەک
بۆ سەقامگیریی پیشەییان دابین ناکات، بۆیە داوای دەرکردنی بڕیارێکی فەرمیو ڕون دەکەن
کە مافە داراییو پیشەییەکانیان بپارێزێتو تەواوی ساڵانی خزمەتی پێشویان بۆ هەژماربکرێت.
کارمەندان داوای خەرجکردنی موچەو شایستە داراییە دواکەوتوەکانی دوو
مانگی ڕابردوو دەکەن، لەگەڵ پاراستنی سەرجەم مافەکانیان، لەوانە بیمەی تەندروستی،
چارەسەری پزیشکی، قەرەبوەکانو گەرەنتیی کۆمەڵایەتیو خانەنشینی.
کرێکاران جەختیانکردوهتهوه، لەسەر پێویستیی ڕاگرتنی هەر جۆرە هەڕەشە،
فشار، دەرکردن یان گواستنەوەیەکی زۆرەملێ بەرامبەر بەشداربوانی گردبونەوەکە، مۆڵەتی
72 کاتژمێریان دا بهلایەنە پەیوەندیدارەکان تا وەڵامی داواکارییەکانیان بدەنەوە،
ئەگەرنا هەنگاوی ناڕەزایەتیی فراوانتر دەگرنەبەر.
