شارپرێس:
دەسەڵاتدارانی ئەمنیی لوبنان، بەفەرمی ئەو دەنگۆیانەیان ڕەتکردەوە کە
باس لەوەدەکەن، بەیروت لایەنی عێراقیی ئاگادارکردبێتەوە لەوەی، کوشتنی پەرلەمانتاری
کۆچکردوو، ئەحمەد عەلوانی پەیوەندیی بەهۆکاری ئەخلاقی یان (شەرەف)ەوە هەبێت.
ئاسایشی گشتیی لوبنان لەبەیاننامەیەکدا وردەکاریی هەڵوێستە فەرمییەکەی
خستوەتەڕوو دهڵێت، "بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئاسایشی گشتیی لوبنان سەرلەبەری ئەو
زانیارییانە ڕەتدهكاتهوه کە لەهەندێک تۆڕی کۆمەڵایەتیو پلاتفۆرمە میدیاییەکاندا
بڵاوکراونەتەوە، سەبارەت بەوەی گوایە لیوا حەسەن شوقێر، بەڕێوەبەری گشتیی ئاسایشی
گشتیی، دەسەڵاتداران یان سیاسەتمەدارانی عێراقیی ئاگادارکردبێتەوە کە دۆسیەی پەرلەمانتار
(عەلوانی) پەیوەندیی بەهۆکاری ئەخلاقی یان شەرەفەوە هەیە".
بەڕێوەبەرایەتییەکە جەختیکردوهتهوه، "ئەم بانگەشانە بەتەواوی
دورن لەڕاستییەوەو هیچ پەیوەندییەکیان بەواقیعەوە نییە"؛ هاوکات داوای لەهەموان
کردوه وردبین بنو پێش بڵاوکردنەوەی هەر زانیارییو پڕوپاگەندەیەکی ناڕاست، بگەڕێنەوە
بۆ سەرچاوە فەرمییە باوەڕپێکراوەکان.
هاوکات لەگەڵ ئەم پەرەسەندنانە، دوای گەیشتنەوەی تەرمەکەی لەبەیروتەوە
بۆ فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەغدا، تەرمی ئەحمەد عەلوانی گوازرایەوە بۆ زێدی خۆی لەپارێزگای
ئەنبار، پاش بەڕێوەچونی مەراسیمێکی جەماوەریی بەرفراوان لەدیوەخانی هۆزی ئەلبوعەلوان
بەبەشداریی ژمارەیەکی زۆر لەڕۆڵەکانی هۆزەکەو کەسایەتیو پیاوماقوڵانی پارێزگاکە،
لەگۆڕستانی «ئەلعەلی ئەلسولەیمان» بەخاکسپێردرا.
ئێوارەی ڕۆژی سێشەممەی ڕابردوو، دوای پچڕانی پەیوەندیی لەگەڵیدا، تەرمی
ئەحمەد عەلوانی پەرلەمانتاری عێراق بەکوژراوی لەناو شوقەیەکدا لەناوچەی «تەریق جەدیدە»ی
بەیروتی پایتەختی لوبنان دۆزرایەوە؛ ڕوداوەکەش کاردانەوەی فراوانی لەتۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی
عێراقدا لێکەوتەوەو مشتومڕێکی سیاسییو گوتاری تایفەگەریی بەدوای خۆیدا هێنا.
