سوپای عێراق گەمارۆی ده‌ستپێكردو فڕۆکە جەنگییەکانیش له‌ئاسمانه‌وه‌ چاودێریى ده‌كه‌ن

عیراق

1 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 3161 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

ململانێی نێوان عەلی زەیدیی سەرۆک وەزیرانی عێراق‌و حزبوڵڵای عێراقی گەیشتە لوتکە؛ دوای سەلماندنی قاچاخچێتیی نەوت‌و بونی کارگەی درۆن لەجورف ئەلسەخر، سوپاو دەزگای دژەتیرۆر دەوروبەری ناوچەکەیان گەمارۆداوه‌و فڕۆکە جەنگییەکانی عێراقیش بەچڕیی بەئاسمانی ناوچەکەدا دەسوڕێنەوە، هاوکات سەرۆک وەزیران بەڵێندەدات، ئەم جەنگە لەبەرژەوەندیی دەوڵەتدا یەکلابکاتەوە.


دۆسیەی جورف ئەلسەخر لەباشوری بەغدا بوەتە تاقیکردنەوەی هەرە قورسی حکومەتی عێراق، پاشخانی ئەم تەقینەوە ئەمنی‌و سیاسییە، هۆکارەکانی هەڵکشانی گرژییەکان‌و ڕێکارە کردارییەکانی بەغدا بریتین له‌سێ گۆشەی قەیرانەکە كه‌ ئه‌وانیش (نەوت، ئاسایش‌و ململانێی ناو ماڵی شیعەیه‌).

دواى ئه‌وه‌ى لیژنەی لێکۆڵینەوەی حکومەت بەبەڵگەوە بونی پرۆسەی قاچاخچێتی‌و پاڵاوتنی نەوتی لەو ناوچەیە پشتڕاستکردوەتەوەو بەغداش دەیەوێت بەرپرسیارێتیی ئەمنیی ناوچەکە لەگروپە چەکدارەکان وەربگرێتەوەو ڕادەستی هێزەکانی هەردوو وەزارەتی ناوخۆو بەرگریی بکات، بۆ ئەمەش مۆڵەت تا کۆتایی ئەم هەفتەیە دیاریکراوە، كێشه‌ گه‌وره‌كه‌ى زه‌یدیى ناوماڵى شیعه‌یه‌، چونكه‌ له‌ناو گەورەترین هاوپەیمانیی شیعەدا ناکۆکی دروستبوە؛ بەشێکیان لەترسی پێکدادانی سوپاو گروپەکان داوای چارەسەری دانوستان دەکەن (کە ئێستا مالیکی، عامری‌و حەمودی نێوەندگیریی دەکەن)و بەشەکەی دیكه‌ش پشتیوانیی بەکارهێنانی هێز لەلایەن زەیدییەوە دەکەن.

وه‌كو شارپرێس له‌ڕاپۆرتى به‌یانى ئه‌مڕۆیدا ئاماژه‌ى پێكردبوو، زانیارییە هەواڵگرییەکان ئاماژە بەوەدەکەن، بەشێکی گەورەی فڕۆکە بێفڕۆکەوان (درۆن)و موشەکەکانی گروپە چەکدارەکان لەجورف ئەلسەخر دروستدەکرێن‌و عەمبارکراون، بۆیە زەیدیی دەیەوێت لەچوارچێوەی پلانی چەکداماڵیندا کۆنترۆڵیان بکات.

له‌لایه‌كى دیكه‌وه‌ سه‌رچاوه‌ ئاگاداره‌كان باس له‌هه‌ستیاریى ئه‌و پرسه‌ ده‌كه‌ن‌و ده‌ڵێن، "دوای ئەوەی چەند ڕۆژێک لەمەوبەر گروپە عێراقییەکان پشتیوانییان لەپه‌یامه‌كه‌ى موجتەبا خامنەیی ڕێبەری ئێران سەبارەت بەیەکگرتنی به‌ره‌كانى موقاوه‌مه‌ کرد، بەغداد دڵنیابوەته‌وە کە ئەو گروپانە بەنیازن عێراق پەلکێشی هەر جەنگێکی نوێی نێوان ئێران‌و ئەمریکا بکەن، هه‌ربۆیه‌ گفتوگۆکانی نێوان حکومەت‌و هەردوو گروپی حزبوڵڵاو نوجەبا بۆ ڕادەستکردنی چەک بەتەواوی گەیشتونەتە بنبەست".

لەچەند کاتژمێری ڕابردودا، جوڵەکانی عەلی زەیدیی لەقسەوە گۆڕان بۆ کرداری مەیدانیی توند، سەرجەم بەرپرسانی (پۆلیس، حەشدی شەعبی، ئاسایشی نیشتمانی، پۆلیسی وزەو وەزارەتی نەوت) لەسنوری جورف ئەلسەخر دورخرانەوەو ژمارەیەک بەرپرسی ئەمنیش بەتۆمەتی تێوەگلان لەسەرپێچییەکان دەستگیرکران، هاوكات دەزگای دژەتیرۆرو هەواڵگریی ڕاسپێردراون بۆ گەمارۆدانی ناوچەکە، هێزی سەربازیی زیاتر گەیشتونەتە دەوروبەری جورف ئەلسەخرو فڕۆکە جەنگییەکانی عێراقیش بەچڕیی بەسەر ئاسمانی ناوچەکەدا دەسوڕێنەوە، هاوکات سوپا جوڵەی حەشدی شەعبی بەرەو ئەو ناوچەیە سنوردارکردوە.

له‌لایه‌كى دیكه‌شه‌وه‌ ڕاپۆرته‌كان باس له‌وه‌ده‌كات، سەرۆک وەزیرانى عێراق، دوای کۆبونەوەی لەگەڵ لیژنەی لێکۆڵینەوە جه‌ختیكردوه‌ته‌وه‌، "ئەم جەنگە یەکلاکەرەوە دەبێت‌و بەردەوامدەبێت تا بەتەواوی لەبەرژەوەندیی شکۆی دەوڵەتدا یەکلایی دەکرێته‌وه‌".