شارپرێس:
سەرچاوە سەربازییەكانی یەمەن ئێوارەی ڕۆژی دووشەممە ڕایانگەیاند كە گرووپی حوسییەكان دەستیان بەسەر چەند شوێنێك لە كەناراوەكانی باشوری یەمەندا گرتووە، دوای ئەوەی هێزەكانی حكوومەت بەرەو عەدەن بۆ بەرگریكردن لە شارەكە كشاونەتەوە.
بەگوێرەی ئاژانسی ڕۆیتەرز، حوسییەكان دەستیان بەسەر بەشێكی بەرفراوان لە خاكی حكومەتی یەمەندا گرتووە كە لە ئاستی نێودەوڵەتیدا دانپێدانراوە، لەو كاتەوەی ململانێی نێوان ئەمریكا و ئێران شەڕێكی ناوخۆی هەڵگیرساندەوە، ئەمەش وایكرد ڕیاز ڕوبەڕوبوونەوەی ئەو گروپە دەستپێبكاتەوە.
حكومەتی یەمەن ڕۆژی یەكشەممە ” دووبارە ڕێكخستنەوە و جێگیركردنەوەی“ هێزەكانی لە پێگەكانی نزیك گەرووی بابولمەندەب، كە ڕێڕەوێكی گرنگی كەشتیوانی جیهانییە، ڕاگەیاند بۆ ئەوەی گرنگی بە بەرگریكردن لە عەدەن بدات. هێزەكانی حكومەت لە مانگی ئۆكتۆبەرى ڕابردوودا دژە هێرشیان دەستپێكردبوو ناوچەكانی سنوری گەرووی بابولمەندەبیان كۆنترۆڵ كردبوو.
پێنج بەرپرسی سەربازی یەمەن ڕۆژی دووشەممە ڕایانگەیاند كە چەكدارانی حوسییەكان پێشڕەوییان كردووە بۆ ناوچەی خۆر عمێرە لە كەنارەكانی باشوری وڵاتەكە كە نزیكەی ١٠٠ كیلۆمەتر لە ڕۆژاوای عەدەنەوە دوورە و ئێستا ٢٥ كیلۆمەتریان ماوە بگەنە ناوچەی قەوا لە كەناراوەكانی باشور كە هێزی حكومەتی لێیە.
دانیشتوانی شاری عەدەن ڕایانگەیاند، هێزە ئەمنییەكانی حكومەت خاڵی پشكنینی زیاتریان داناوە لەشارەكە، عەدەن لە ساڵی ٢٠١٤ەوە كە حوسییەكان دەستیان بەسەر شاری سەنعادا گرتووە، بووەتە پایتەختی حكومەت.
