له‌قه‌زاى دوكان مامۆستایه‌ك گیانى له‌ده‌ستداو خۆپیشاندانیش ده‌ستیپێكرد

کوردستان

8 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 9038 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

له‌قه‌زاى دوكانى سه‌ر به‌پارێزگاى سلێمانى دواى گیانله‌ده‌ستدانى مامۆستایه‌ك‌و به‌هۆى نه‌بونى كاره‌باى نیشتمانییه‌وه‌ خۆپیشاندان ده‌ستیپێكردوه‌، بنه‌ماڵه‌ى مامۆستا كۆچكردوه‌كه‌ش ڕایده‌گه‌یه‌نن، "نه‌خۆشه‌كه‌یان به‌هۆى نه‌بونى كاره‌باوه‌ گیانى له‌ده‌ستداوه‌".


شه‌وى ڕابردوو هاوڵاتیه‌ك به‌ناوى (هێرۆ ڕەسوڵ فەرخە) كه‌ خه‌ڵكى گوندى قەمچوغه‌ى قه‌زاى دوكانه‌و مامۆستایه‌، دواى ئه‌وه‌ى بارى ته‌ندروستى تێكده‌چێت، به‌په‌له‌ ده‌گه‌یه‌نرێته‌ نه‌خۆشخانه‌ى قه‌زاكه‌، كه‌سوكارو بنه‌ماڵه‌كه‌شى ڕایده‌گه‌یه‌نن، به‌هۆى ئه‌وه‌ى كاره‌با نه‌بوه‌، نه‌توانراوه‌ هیچ كارێكى پێویستى بۆ ئه‌نجامبدرێت‌و به‌و هۆیه‌وه‌ گیانى له‌ده‌ستداوه‌.

تائێستا لایه‌نى به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى ته‌ندروستى سلێمانى‌و نه‌خۆشخانه‌ى قه‌زاكه‌ش، له‌باره‌ى ئه‌و ڕوداوه‌وه‌ هیچ ڕونكردنه‌وه‌یه‌كیان بڵاونه‌كردوه‌ته‌وه‌، ئاخۆ ڕوداوى گیانله‌ده‌ستدانى ئه‌و هاوڵاتیه‌، به‌هۆى بێ كاره‌باییه‌وه‌ بوه‌ یاخود نا.

ئه‌م ڕوداوه‌و نه‌بونى كاره‌باى نیشتمانى وایكرد، دانیشتوانى قه‌زاى دوكان ئه‌مڕۆ خۆپیشاندان بكه‌ن‌و داوابكه‌ن، چیتر قه‌زاكه‌یان بێ كاره‌با نه‌بێت، وه‌كو خۆیان ئاماژه‌ى پێده‌كه‌ن، به‌هۆى ئه‌وه‌ى موه‌لیده‌ى ئه‌هلى بونى نییه‌، وایكردوه‌ ژیانیان قورستتربێت‌و دۆخیان جیاواز بێت له‌شاره‌كانى دیكه‌ى هه‌رێمى كوردستان.

هه‌روه‌ك دانیشتوانى قه‌زاكه‌ به‌نیگه‌رانیه‌وه‌ باس له‌وه‌ده‌كه‌ن، وێستگەی کارۆئاویی قه‌زاكه‌یان كه‌ توانای بەرهەمهێنانی 400 مێگاوات کارەبای هەیە، به‌ڵام خه‌ڵكى شاره‌كه‌یان ناتوانن له‌و كاره‌بایه‌ سودمه‌ندبن، هه‌ربۆیه‌ داوا له‌قائیمقامیه‌تى قه‌زاكه‌و لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كانى سنورى پارێزگاى سلێمانى ده‌كه‌ن، هه‌رچى زوه‌ چاره‌سه‌رى كێشه‌كه‌یان بۆ بكه‌ن.