واشنتۆن نەخشەی سەربازیی خۆی لەئەوروپا دەگۆڕێت؛ هێزەکانی لەئەڵمانیا کەمدەکاتەوەو ڕۆژهەڵاتی ناتۆ بەهێز دەکات

جیهان

8 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 2370 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

ئیدارەی ترەمپ بڕیاریداوە قەبارەی هێزەکانی لەکیشوەری ئەوروپا بەڕێژەیەکی کەمتر لەوەی پێشبینیدەکرا کەمبکاتەوە، بەجۆرێک زۆربەی کشانەوەکە ئەڵمانیا دەگرێتەوەو لەبەرامبەردا باڵی ڕۆژهەڵاتی هاوپەیمانیی ناتۆ بەهێزتر دەکرێت، هاوکات پێنتاگۆن داوای زیادکردنی بودجەی ناتۆ بۆ 1.36 ملیار دۆلار دەکات.


به‌گوێره‌ى ئەو زانیارییانەی ئاژانسی بلومبێرگ لەزارى سەرچاوە ئاگادارەکانەوە بڵاویكردوه‌ته‌وه‌، ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا بەرەو ئەوە هەنگاو دەنێت کە بونی سەربازیی ئەمریکا لەئەوروپا بەقەبارەیەکی کەمتر (یان بەڕێژەیەکی کەمتر) لەوەی سەرکردەکانی ئەوروپا لێی دەترسان، کەمبکاتەوە.

بەگوێرەی سەرچاوەکان، بەشی هەرەزۆری کەمکردنەوەی هێزەکان لەسەر ئەڵمانیا چڕدەبێتەوە، هاوکات لەگەڵ بەهێزکردنی بونی سەربازیی لەباڵی ڕۆژهەڵاتی هاوپەیمانیی باکوری ئەتڵەسی ناتۆ.

هاوپەیمانە ئەوروپییەکان ترسیان لەوە هەبوو، تاوه‌كو 25 هەزار سەرباز لەکۆی نزیکەی 80 هەزار سەرباز کە لەکیشوەرەکەدا جێگیرن، بکشێنرێنەوە؛ لەکاتێکدا خەمڵاندنەکانی ئێستا ئاماژە بەوەدەکەن، کەمکردنەوەکە لەو ژمارەیە کەمتریش دەبێت، سه‌رچاوه‌كانیش باسیان له‌وه‌كردوه‌،  ئەمەش بۆ ئەوروپییەکان هەواڵێکی دڵخۆشکەرە، چونکە ترسەکەیان لەپاشەکشەی گەورەی ئەمریکا ڕەوییەوە.

ئەم ئاڕاستانە لەکاتێکدان، وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا (پێنتاگۆن) پێداچونەوە بەقەبارەی بڵاوەپێکردنی هێزەکانی ئەمریکا لەئەوروپا دەکات، لەنێو فشارەکانی واشنتۆن لەسەر هاوپەیمانەکانی بۆ هەڵگرتنی پشکێکی گەورەتر لەبارگرانییەکانی بەرگریی.

لەبەرامبەردا، وڵاتانی باڵی ڕۆژهەڵاتی ناتۆ تاووتوێی پێشکەشکردنی ئاسانکاریی‌و کەمکردنەوەی تێچوی میوانداریکردنی هێزەکانی ئەمریکا دەکەن، بەمەبەستی هاندانی واشنتۆن بۆ هێشتنەوەیان لەسەر خاکەکانیان.

لەهەمان چوارچێوەداو به‌گوێره‌ى ئەو بەڵگەنامانەی ئاژانسی سپوتنیک-ى ڕوسى بڵاویكردونه‌ته‌وه‌، پێنتاگۆن داوای لەکۆنگرێس کردوە پشکی ویلایەتەیەکگرتوەکان لەبودجەی (ناتۆ)و پارەدارکردنی ژێرخانەکەیدا بۆ ساڵی دارایی 2027 زیادبکات؛ بڕی پارەدارکردنی داواکراویش بەنزیکەی 1.36 ملیار دۆلار خەمڵێنراوە کە بەبەراورد بەساڵی دارایی ئێستا بڕی 218.5 ملیۆن دۆلار زیادیکردوە.

دەستەواژەی وڵاتانی باڵی ڕۆژهەڵاتی ناتۆ ئاماژەیە بۆ ئەو وڵاتە ئەندامانەی هاوپەیمانیی باکوری ئەتڵەسی کە دەکەونە بەشی ڕۆژهەڵاتی ئەوروپاو سنوریان بەڕوسیا، بێلاڕوس، ئۆکرانیا یان دەریای ڕەشەوە هەیە، ئه‌وانیش بریتین له‌وڵاتانی باڵتیک (باکوری ڕۆژهەڵات - هاوسنوری ڕوسیاو بێلاڕوس) كه‌ هه‌ریه‌ك له‌وڵاتانى (پۆڵەندا وه‌ك گرنگترین ناوەندی سەربازیی ئەمریکا ته‌ماشا ده‌كرێت، لیتوانیا، لاتڤیا، ئیستۆنیا) ده‌گرێته‌وه‌.

هه‌روه‌ك وڵاتانی ناوەڕاست‌و باشوری ڕۆژهەڵاتی ئەوروپا (هاوسنوری ئۆکرانیاو دەریای ڕەش)یش بریتین له‌(ڕۆمانیا بنکەیەکی سەربازیی گەورەی ئەمریکاو ناتۆی تێدایە، بولگاریا، سلۆڤاکیا، هەنگاریا)، هاوكات ئەندامە نوێیەکانی باکوریش (کە دوای جەنگی ئۆکرانیا چونە ناو ناتۆ)وه‌ بریتین له‌(فینلاند كه‌ زیاتر لە1.300 کیلۆمەتر سنوری وشکانیی ڕاستەوخۆی لەگەڵ ڕوسیا هەیە، سوید).

لەبری ئەوەی هێزەکانی ئەمریکا لەناوەڕاستی ئەوروپا (وەک ئەڵمانیا) بمێننەوە کە دورن لەبەرەکانی پێشەوە، واشنتۆن وڵاتانی وەک (پۆڵەندا، ڕۆمانیاو وڵاتانی باڵتیک) بەهێزدەکات، چونکە ئەمانە وەک هێڵی یەکەمی بەرگریی ناتۆ لەبەرامبەر ڕوسیادا دادەنرێن‌و خۆشیان ئامادەن تێچوی دارایی زیاتر بۆ مانەوەی سەربازە ئەمریکییەکان لەسەر خاکەکانیان دابین بکەن.