بایدن لەبیرەوەرییەکانیدا هێرشدەکاتە سەر ناتانیاهۆ

جیهان

5 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 314 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
جو بایدن، سەرۆکی پێشووی ئەمریکا، لە یادداشتە نوێیەکانییدا ناڕەزایەتییەکی توندی لە بنیامین نەتانیاهۆ، سەرۆکی حکومەتی ئیسرائیل، دەربڕیوە و تۆمەتی پشتگوێخستنی داواکارییەکانی واشنتۆنی داوەپەاڵ، کە پەیوەندییان بە کەمکردنەوەی ژمارەی قوربانییانی مەدەنیی لە غەززە هەبووە.

 
بەشێک لە یادداشتەکانی بایدن، کە میدیای ئەمریکی بڵاویان کردۆتەوە، باس لە خراپتربوونی پەیوەندییەکانی نێوان بایدن و نەتانیاهۆ دوای هێرشەکانی 7ی ئۆکتۆبەری 2023 دەکات.

بایدن نووسیویەتی، لە سەرەتای شەڕەوە داوای لە ئیسرائیل کردووە ڕێوشوێنی پێویست بگرێتەبەر بۆ کەمکردنەوەی زیانەکانی هاووڵاتیانی مەدەنی، بەڵام نەتانیاهۆ بەردەوام بۆچوونی ئەمریکای پشتگوێ خستووە.

بەپێی یادداشتەکانی بایدن، نەتانیاهۆ دانیناوە کە زیادبوونی ژمارەی قوربانییە فەلەستینییەکان زیان بە وێنەی ئیسرائیل دەگەیەنێت و کاریگەریی نەرێنیی لەسەر پشتیوانیی ئەمریکا لە شەڕەکە دەبێت، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا هەڵسوکەوتی نەگۆڕیوە.

بایدن هەروەک گومان لە ڕاستگۆیی نەتانیاهۆ دەکات و تۆمەتباری کردووە بەوەی کە مانەوەی خۆی لە دەسەڵات بەسەر بەرژەوەندییە درێژخایەنەکانی ئیسرائیلدا پێشخستووە.

ئاماژەی بەوەشکردووە کە بێزار بووە لە بێتوانایی ئەو لە بیرکردنەوە وەک دەوڵەتمەدارێک و پاراستنی بەرژەوەندییە درێژخایەنەکانی ئیسرائیل، لەبری ئەوەی تەنها سەرنجی لەسەر پێداویستییە سیاسییە کورتخایەنەکانی بێت.

یادداشتەکانی جو بایدن، تەمەنی 83 ساڵ، بڕیارە لە 17ی تشرینی دووەمی ئەمساڵدا بڵاو بکرێنەوە.