زەنگی مەترسی لەواشنتۆن لێدرا؛ هەواڵگریی ئەمریکا پیلانی ئێران بۆ تەقاندنەوەی بۆمبی تیشکدەر لەپایتەخته‌كه‌ى ئاشکرادەکات‌و ترەمپیش هەڕەشەی توند دەکات

جیهان

13 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 1766 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

ڕاپۆرتە هەواڵگرییەکان باس لەپیلانی ئێران دەکەن بۆ کردنەئامانجی بەرپرسە باڵاکانی ئەمریکا لەڕێگەی بۆمبێکەوە کە مادەی کیمیایی‌و تیشکدەر لەپایتەختی ئەمریکا بڵاودەکاتەوە.


ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا بەجددی مامەڵە لەگەڵ ئەو ڕاپۆرتە هەواڵگرییانەدا دەکات کە باس لەپیلانی ئەگەریی ئێران دەکەن بۆ کردنەئامانجی بەرپرسە باڵاکان لەواشنتۆن بەبەکارهێنانی (بۆمبی تیشکدەر)؛ ئەم پێشهاتەش جارێکی دیکە تیشکدەخاتەوەسەر مەترسییەکانی گواستنەوەی لێکەوتەکانی ڕوبەڕوبونەوەی سەربازیی نێوان ئەمریکا، ئیسرائیل‌و ئێران بۆ ناوخۆی ئەمریکا.

ترەمپ، دوێنێ سێشەممە ڕایگەیاند، ئیدارەکەی بەوپەڕی جدیه‌ته‌وه‌ دەڕوانێتە هەر هەڕەشەیەکی ئەگەری بۆسەر ویلایەتەیەکگرتوەکان، ئەمەش وەک وەڵامێک بۆ پرسیارێک سەبارەت بەڕاپۆرتێکی تۆڕی (سی ئێن ئێن) کە ئاشکرایکردبوو، هەواڵگریی ئەمریکا چاودێریی پیلانەکانی ئێرانی کردوە بۆ کردنەئامانجی بەرپرسە باڵاکانی ئیدارەکەی لەناوشاری واشنتۆن.

ترەمپ وتیشی، هیوادارە هیچ هەڕەشەیەکی نزیک لەئارادا نەبێت، بەڵام هۆشداریدایە تاران کە ئەگەر هێرشێک ئەنجامبدات، ئەوا باجێک دەدات کە پێشتر هیچ وڵاتێکی دیکە نەیدابێت‌و بەرپرسانی ئێرانیشی بەشێت وەسفکرد.

تۆڕی (سی ئێن ئێن) ڕۆژی دوشەممەى ڕابردوو لەزاری حەوت بەرپرسی ئەمریکییەوە کە ناویانی نەهێناوە بڵاویکردەوە، زانیارییە هەواڵگرییە نوێیەکان ئاماژە بەوەدەکەن، ئێران تاووتوێی بژاردەکان دەکات بۆ کردنەئامانجی بەرپرسە باڵاکانی ئیدارەی ترەمپ، لەڕێگەی تەقاندنەوەی بۆمبی تیشکدەر یان بەکارهێنانی چەکی کیمیایی لەواشنتۆن.

شارەزایان ئەم ترسانە دەبەستنەوە بەلێکەوتەکانی ئەو جەنگەی لە28ی شوبات دەستیپێکرد، کاتێک ویلایەتەیەکگرتوەکان‌و ئیسرائیل هێرشیانکردەسەر ئامانجە ئێرانییەکان کە سەرکردایەتیی سیاسیی‌و سەربازیی وڵاتەکەی گرتەوە.

لەو هێرشانەدا عەلی خامنەیی ڕێبەری ئێران کوژرا، شانبەشانی ژمارەیەک لەبەرپرسە باڵاکان‌و فەرماندە سەربازییەکان، لەنێویاندا عەلی لاریجانی ئەمینداری ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی، ئیسماعیل خەتیب وەزیری ئیتڵاعات‌و فەرماندەکانی هێزە چەکدارەکان‌و سوپای پاسدارانی ئێران.

ماتیۆ لیڤیت بەڕێوەبەری بەرنامەی بەرەنگاربونەوەی تیرۆرو هەواڵگریی لەپەیمانگه‌ی واشنتۆن دەڵێت، "ڕەنگە ئەم زانیارییانە ئەنجامی گوێگرتن بن لەو پەیوەندییانەی کە تێیدا ئێرانییەکان باسیان لەپیلانێکی گریمانەیی کردوە".

ئەو بۆ کەناڵی حوڕه‌ى ئه‌مریكى وتویه‌تى، "بەرپرسە ئەمنییەکانی ئێران دەیانەوێت تۆڵەی ئەو زیانانە بکەنەوە کە بەر وڵاتەکەیان کەوتوە، بەتایبەتی کوژرانی بەرپرسە باڵاکانیان، هەروەها دەیانەوێت تێچوی بەردەوامبونی جەنگەکە بەرزبکەنەوە".

لیڤیت ئاماژەی بەوەشدا، پیلانەکان هەڕەشەی تیرۆرکردن، هێرشی ئەلیکترۆنی بۆسەر یەکەکانی ساردکەرەوەو هەروەها پلانی کردنەئامانجی بنکە ئاسمانییەکان لەئەوروپا دەگرنەوە؛ ئەمەش هۆکاری ئەو هەڕەشانە ڕوندەکاتەوە کە ڕوبەڕوی سکۆت بێسنت وەزیری گەنجینەی ئەمریکاو بەرپرسانی دیکە بونەتەوە.

ئەم زانیارییە نوێیانە چەند ڕۆژێک دوای ئەوەدێن، وەزیری گەنجینەی ئەمریکا ئاشکرایکردبوو، لەسەر ڕێنمایی دەزگای خزمەتگوزاریی نهێنی (Secret Service) ماڵەکەی خۆی لەواشنتۆن جێهێشتوەو گواستراوەتەوە بۆ شوێنێکی نیشتەجێبون لەناو بنکەیەکی سەربازیدا، بەهۆی ئەو هەڕەشە ئێرانییانەی ژیانیان کردبوە ئامانج، بێسنت لەچاوپێکەوتنێکدا لە 13ی ئه‌م مانگه‌دا ڕایگەیاندبوو، "ئه‌م هه‌ڕه‌شانه‌ من ناترسێنن، هه‌روه‌ك چۆن ترەمپ‌و سەربازه‌كانیشمان لەکەنداو هەڕەشەی کوشتنیان لێدەکرێت، ئێمه‌ به‌هێزین".

پێشتریش لەیاداشتێکدا لە23ى مانگى ڕابردوو، جەی کلایتن بەڕێوەبەری هەواڵگریی نیشتمانی ڕایگەیاندبوو، ئێران هەوڵەکانی چڕکردوەتەوە بۆ کردنەئامانجی فەرمانبەرانی حکومەتی ئەمریکاو پیلانەکانی بۆ کوشتنی ئەمریکییەکان لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست‌و وڵاتانی دیکە گەیشتونەتە قۆناغی پێشکەوتوو.

تۆم واریک توێژەری باڵا لەئەنجومەنی ئەتڵەسی پێیوایە، هێنانەناوەوەی بۆمبی تیشکدەر بۆ ناو ویلایەتەیەکگرتوەکان کارێکی قورسە، بەڵام مەحاڵ نییە، چونکە وەزارەتی ئاسایشی ناوخۆی ئەمریکا ساڵانێکە درکی بەم مەترسییە کردوەو ڕێوشوێنی نهێنی‌و ئاشکرای بۆ ڕێگریکردن لێی گرتوەتەبەر.

سەرچاوەکانی (سی ئێن ئێن)یش جەختیانکردوەتەوە، ئەم جوڵانەی ئێران لەئێستادا زیاتر هەوڵێکن بۆ هێشتنەوەی بژاردەکانی هەڵکشان بەکراوەیی، نەک بڕیارێک بۆ ئەنجامدانی هێرشێکی دەستبەجێ.

(بۆمبی تیشکدەر ـ Dirty Bomb) جیاوازە لەچەکی ئەتۆمیی؛ چونکە تەقەمەنیی ئاسایی بەکاردەهێنێت بۆ بڵاوکردنەوەی مادەی تیشکدەر لەدەوروبەری شوێنی تەقینەوەکەو نابێتە هۆی کارلێکی ئەتۆمی یان تەقینەوەی گەردیلەیی، مەترسییە سەرەکییەکەی لەبرینداربونی خەڵک، پیسبونی ژینگەی ناوچەکە بەتیشک، چۆڵکردنی باڵەخانەو ناوچە نیشتەجێبوەکان‌و پرۆسەی زۆر گرانبەهای پاککردنەوەی شوێنەکەدایە.

لەبەرامبەردا، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران دوێنێ سێشەممە لەپۆستێکدا لەپلاتفۆرمی ئێکس، ناوەڕۆکی ڕاپۆرتەکەی سی ئێن ئێن-ی سەبارەت بەبۆمبی تیشکدەر ڕەتکردەوەو تۆمەتەکانی بەبێبنەما ناوبرد.