شارپرێس:
دەستەی داکۆکیکردن لە سروشت و موڵکی سلێمانی هەوڵێکی نوسینگەی
جێگری سەرۆک وەزیران بۆ پێدانی کارگەی جگەرەکەی سلێمانی بە رێکخراوێکی حزبی
ئاشکرادەکات و دەڵێت، دەیانەوێت بۆ ماوەی 49 ساڵ بە گرێبەستێک بە رێکخراوەکەی بدەن.
دەستەی داکۆکیکردن لە سروشت و موڵکی سلێمانی لەپەیامێکدا
بە ناونیشانی "دەست لە موڵکی کارگەی جگەرەی سلێمانی هەڵگرن" ئاماژەی
بەوەکردوە، کارگەی جگەرەی جارانی سلێمانی لە ساڵی 2019 ەوە لە وەزارەتی پیشەسازی سەندراوەتەوە و خراوەتە
سەر وەزارەتی رۆشنبیری و بەگوێرەی گرێبەستێکی 15 ساڵی کە لەگەڵ رێکخراوی (کولتوور و گەشەپێدانی
بەردەوام) واژۆ کراوە و ڕێکخراوەکە کارگەی کولتوورییان تێدا دامەزراندوە.
ئەوەشیخستەڕوو،" پاش بەداواداچونی
دەستەکەمان؛ دەستەی داکۆکیکردن لە سروشت و موڵکی سلێمانی، بۆمان دەرکەوت کە ماوەی چەند
مانگێکە وسینگەی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیران و خودی خۆشی تەنگیان بەو رێکخراوە
هەڵچنیووە و دەیانەوێت رێکخراوەکە گرێبەستەکە کە هێشتا چەند ساڵێکی ماوە کۆتایی بێت
لەگەڵ وەزارەتی رۆشنبیری هەڵبوەشێنێتەوە و خۆیان بە مساتە گرێبەستێکی 49 ساڵە بەناوی رێکخراوی (فاوەندیشن)ەوە لەگەڵ
وەزارەتی رۆشنبیریدا واژۆ بکەن ".
دەستەی داکۆکیکردن لە سروشت و موڵکی سلێمانی باسی لەوەشکرد،" بەدرێژایی چەند ساڵی رابردوو
کارگەی کولتوری چەندین ناوەندی رۆشنبیریی جۆراوجۆری گرتۆتە خۆی و سیمایەکی مەدەنی و
گەنجانەی بەخشیوە بە شارەکە، لە ئێستاشدا زیاتر لە 50 پرۆژە لە کارگەی کولتووری بە بەشداری سەدان
هونەرمەندی بەئەزمون و گەنج زۆربەیان خۆبەخشانە لە بوارە جیاجیاکانی کولتوردا سەرقاڵی چالاکین و چەندان رایەڵ و پەیوەندیان لەگەڵ ڕێکخراوە
جیهانیەکان دروستکردوە ".
لەپەیامەکەدا ئەوەش هاتوە،" لە کاتێکدا دەستەکەمان ساڵانێکە
لە دۆخی بەتاڵانبردن و دەستبەسەراگرتنی موڵک و تێکدانی ژینگەی شاری سلێمانی ناڕازی
و نیگەرانە و چەندین جار لەڕێی دەرکردنی بەیاننامە و هەروەها ڕیپۆرتاژی ڤیدیۆیی و پرێسکۆنفرانسەوە هاوڵاتیانی سلێمانی و داواکاری
گشتی لێ ئاگادار کردۆتەوە، لەهەمان روانگەوە بە گومان و نیگەرانییەوە دەڕوانینە ئەم
هەنگاوەی نووسینگەی جێگری سەرۆکوەزیران و مەترسی ئەوەمان هەیە بە هەمان شێوەی موڵکەکانی
تری پارێزراوی ژینگەیی و فەرمانگەکان و قوتابخانەکان، ئەم موڵەکەش کە 25 دۆنمە بە هەمان
چارەنووس بگات ".
دەستەکە دەڵێت،" لەلایەکی ترەوە نیگەرانین بەرامبەر
پێدانی موڵکێکی وەزارەتی رۆشنبیری کە دامەزراوەیەکی حکومەتی هەرێمە بە رێکخراوێکی ناحکومی
کە کەسایەتییەکی حیزبی و حکومی لە پشتەوەیە، ئەمەش لە روانگەی ئەوەوە کە کەسەکان دەڕۆن
و دەگؤڕدڕێن، بەلآم حکومەت و دەزگاکانی دەمێننەوە. جگە لەوەش پێمان سەیرە چۆن کەسێکی
سیاسی وەک قوباد تاڵەبانی و نووسینگەکەی رێگا بە خۆیان دەدەن بۆ ماوەی 49 ساڵ فەرمانگەیەکی
حکومەت بخەنە ژێر کۆنترۆڵی خۆیان؟".
راشیدەگەیەنن،" ئێمە لە کاتێکدا وەکو دەستەی داکۆکیکردن
لە سروشت و موڵکی سلێمانی ئەم هەنگاوە بە پێشێلکردنی ئەو بانگەشانە دەزانین کە بۆ شاری
سلێمانی وەکو "پایتەختی رۆشنبیری" دەکرێن کە بە درێژایی چەندین ساڵە بە دەست
نەبوونی شانۆ و سینەما و گەلەری و ناوەندی کولتوورییەوە دەناڵێنێت لە هەمان کاتدا داوا
لە هاوڵاتیان، رۆشنبیران و هونەرمەندان دەکەین کە ئەم کارە رەتبکەنەوە و رێگا نەدەن
ئەم گرێبەستە 49 ساڵییە واژۆ بکرێت و دەست بەسەر موڵکی کارگەی جگەرەی جارانی سلێمانیدا
بگیرێت ".
