ڕاپۆرتی شیکاریی- شارپرێس- سیروان عوبەید
هێرشی ئاسمانی ئیسڕائیل بۆ سەر بارەگای حەماس لە دەوحە، پایتەختی قەتەڕ، بەدیاریکراوی ئەوەی لە ٩ی ئەیلوولی ٢٠٢٥ ڕوویدا، تەنها هێرشێکی سەربازی نەبوو بۆ ئامانجێکی تاکتیکی؛ بەڵکو پەیامێکی ستراتیژی بوو بۆ ناوچەکە و جیهان، کە یاسایەکی نوێیی لەسەر ململانێی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دانا. ئەم هێرشە، کە بە هێزی ١٥ فڕۆکەی جەنگی و تەقاندنی ١٠ مووشەک ئەنجامدرا، ڕوونیکردنەوەیەکی ڕاستەوخۆ و بەهێزی ئەو دووڕووییە دیپلۆماسییانە بوو کە قەتەڕ و هەندێک وڵاتی تری ناوچەکە لەناویشیاندا تورکیا، پەیڕەوی دەکەن: نیشاندانی ڕۆڵی نێوەندگیری ئاشتیخواز لە کاتێکدا لە ژێرەوە پشتیوانی دارایی و سیاسی لە ڕێکخراوە توندڕەوەکان دەکەن.
لەدیدی ئەمنی ئیسڕائیلەوە ئەم هێرشە بە وەڵامێکی پێویست و پێشوەختە دادەنرێت بەمەبەستی ڕێگەگرتن لە مەترسییەکی ستراتیژی و ناردنی پەیامێکی ڕوون بۆ هەموو ئەو وڵاتانەی ناوچەکە. لە بەرامبەردا، نەتەوە یەکگرتووەکان و زۆرێک لە وڵاتانی ناوچەکە ئەم هێرشەیان وەک پێشێلکردنی یاسای نێودەوڵەتی و دەستدرێژی بۆ سەر سەربەخۆیی قەتەڕ ئیدانە کرد، بەڵام لە پشت ئەم دەنگە بەهێزەوە، ئامانج و پلانە جیاوازەکانی وڵاتانی ناوچەکە خۆیان حەشار دابوو.
هێرشەکە: ئامانجی تاکتیکی و پەیامێکی ستراتیژی
هێرشی ئاسمانی ئیسڕائیل بۆ سەر دەوحە، کە بەهێزی ١٥ فڕۆکەی جەنگی و تەقاندنی ١٠ مووشەک ئەنجامدرا، لە ڕووی تاکتیکی سەربازییەوە ئامانجێکی ڕاستەوخۆی هەبوو: لەناوبردنی ئەندامانی شاندی ڕێکخراوی حەماس کە بە مەبەستی دانوستان لەژێر فشار و پێشنیارەکەی سەرۆکی ئەمریکا (دۆناڵد تڕەمپ) کۆببوونەوە، پێشنیارەکەش مەبەستی لە ئازادکردنی بارمتە ئیسڕائیلییەکان و کۆتایی هێنان بە جەنگی ٢٣ مانگەی نێوان ئیسڕائیل و حەماس بوو.
سەرەڕای ئەم ئامانجە تاکتیکییە، هێرشەکە ئامانجێکی قووڵتر و ستراتیژی هەبوو: ناردنی پەیامێکی ڕوون و توند بوو بۆ ناوچەکە و جیهان. پەیامەکە ئەوە بوو کە ئیسڕائیل چیتر ڕێگە بە هیچ وڵاتێک نادات ببێتە پەناگە و پاڵپشتیکار بۆ ڕێکخراوە چەکدارەکانی دوژمنی ئیسڕائیل. بەم شێوەیە، ئیسرائیل سنووردارکردنی خۆی لەبەرامبەر سەروەری ئەو وڵاتانە ڕەتکردەوە کە بیانەوێ سەروەرییەکەیان وەک تاقەیەک بەکاربهێنن بۆ ئەوەی لە ژێر پاراستنی ئەو ناوەدا پشتیوانی لە تیرۆر بکەن...
ئەم پەیامە ستراتیژییە لە لێدوانی سەرۆک وەزیران، بێنیامین نەتانیاهو، ڕاستەوخۆ دوای هێرشەکە دووپاتکرایەوە. کە وتی: "سەرکردەکانی حەماس لەهیچ شوێنک پارێزراو نابن". هاوکات وەزیری دارایی ئیسڕائیل، بەزالێ سموترێچ، ڕایگەیاند: "تیرۆریستەکان هیچ پاراستنێکیان نییە، و هیچ شوێنێک لە جیهاندا ناتوانێت پارێزگاریان لێ بکات." ئەم لێدوانانە نیشانەی ئەوەن کە ئامانجی سەرەکی هێرشەکە تەنیا لەناوبردنی فیزیکیی چەند سەرکردەیەکی حەماس نەبوو، بەڵکو ناردنی ئەم پەیامە ڕاستەوخۆیە بوو کە کاریگەرییەکی ناوچەیی و نێودەوڵەتیی بەرچاوی هەبوو. بەو شێوەیە، سەرکەوتنی هێرشەکە لە ڕووی ستراتیژییەوە جیاواز لە سەرکەوتنێکی تاکتیکی سەربازی هەژمار دەکرێت.
دووڕووییی دیپلۆماسیی قەتەڕ: نێوەندگیر یان سپۆنسەر؟
قەتەڕ بە شێوەیەکی فەرمی خۆی وەک نێوەندگیرێکی ئاشتیخواز و دەروازەیەکی دانوستان بۆ ناوچەکە و جیهان نیشان دەدات. لەهەمانکاتدا، ئەم وڵاتە وەک پەناگەیەکی کاریگەر و سپۆنسەرێکی سەرەکییە بۆ چەندین ڕێکخراوی توندڕەو. ئەم دووڕووییە دیپلۆماسییەش لە ڕێگەی ئەم سیاسەت و ڕەفتارانەی قەتەڕ ڕوون بووەتەوە:
١. پشتیوانیی ڕاستەوخۆی دارایی و سیاسی گرووپە توندڕەوەکان: قەتەڕ شوێنی کۆبوونەوە و نیشتەجێبوونی سەرکردەکانی حەماسە و پشتیوانییەکی دارایی و سیاسی بەرچاویان لێدەکات. ئەمە ڕێگە بە سەرکردەکانی حەماس دەدات پلان دژی ئیسڕائیل دابنێن، لە ژێر سێبەری دیپلۆماسی قەتەڕ.
٢. سیستمی بانکی قەتەڕ: ئامرازێک بۆ پارەدارکردنی گرووپە توندڕەوەکان: سیستمی بانکی قەتەڕ، کە لە ڕێگەی ناوەندە داراییەکانی وەک "قەتەڕ ناشناڵ بانک" و "مصرف البنك اڵاهلی"، بە شێوەیەکی بەرفراوان ڕێگە بە ڕەوانەکردنی پارە دەدات بۆ ناوچە جیاوازەکانی ژێر کۆنتڕۆڵی گرووپە توندڕەوەکان. لەوانە، ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی حەماس. زانیاریەکان ئەوە دەڵێن، کە ئەم سیستمە زۆرجار لەژێر ناونیشانی "هاوکاری مرۆیی" و "خێرخوازی" یان پڕۆژەی فەرهەنگی، گرووپە توندڕەوەکانی وەک حەماس، ئیخوان موسلیمین، تاڵیبان، و هەندێک گرووپی سەربە تورکیا لە سووریا پارەدار دەکات. ئەم پارانەش دەتوانن بەئاسانی بگەنە دەستی ڕێکخراوە تیرۆریستییەکانی تر و بۆ تاوان و توندوتیژی بەکاربهێنرێن.
٣. قەتەڕ وەک پەناگەی گرووپ و کەسایەتییە توندڕەوەکان: جگە لەسەرکردەکانی حەماس، قەتەڕ پشتیوانی و پەناگەی بە چەندین گرووپ و کەسایەتی تری توندڕەو داوە، کە ناوی هەندێکیان لە ڕاپۆرتە نێودەوڵەتییەکان و میدیایییەکاندا هاتووە لەوانەش:
· جبهە النصرە ( باڵی پێشووی قاعیدە لە سوریا): وەک پێشتر قەتەڕ تاوانبار کراوە بە پشتیوانی دارایی و دیپلۆماتیکی بۆ ئەم گرووپە.
· تاڵیبان: قەتەڕ یارمەتی دیپلۆماتیکی و دارایی داوە لە مامەڵەکاندا، کە هەندێک لە سەرکردەکانی دوای گرتنەدەستی دەسەڵاتیش لە ئەفغانستان و دامەزراندنی ئیماڕاتی ئیسلامی لە ئەفغانستان، هێشتا لە دەوحە نیشتەجێن.
· القاعدە: هەندێک لە پارەدارکەرە سەرەکییەکانی وەک عەبدولڕەحمان نعیمی لە قەتەڕ نیشتەجێن و چالاکن.
· کەسایەتییە ئایدیۆلۆژییەکان: وەک یوسف القرچاوی، سەرکردەی ئایدیۆلۆژیی ئیخوان موسلیمین، کە لە قەتەڕ نیشتەجێ بووە و کەناڵی میدیایی (الجزیرە) بەردەوام و بە شێوەیەکی بەرچاو خزمەتی بڵاوکردنەوەی پەیامەکانی کردووە.
پرسیارە ستراتیژییەکە: بۆچی ئیسڕائیل ئەو هێرشە لەناکاوەی کردە سەر قەتەڕ؟
ئیسڕائیل، وەک خاوەنی یەکێک لە بەهێزترین دەزگا هەواڵگرییەکانی جیهان ( مۆساد)، بەدڵنیایییەوە زانیارییەکی وردی هەبووە لەسەر ئەم پشتیوانی و پەیوەندییە ژێرەوانەی قەتەڕ لەگەڵ حەماس هەیەتی. هێرشەکە نیشانەی ئەوە بوو کە ئیسڕائیل چیتر باوەڕی بە ڕۆڵی نێوەندگیری دووڕووی قەتەڕ نییە، بەتایبەتی لەسەر پرسی بارمتەکان قەتەڕ وەک یاریکەرێکی لایەنگر دەبینێت. بەشێک لە ئامانجی هێرشەکەش فشارێک بوو بۆسەر قەتەڕ بۆ کەمکردنەوەی ئەم پشتیوانییانە لەحەماس و گرووپە توندڕەوەکان. هەروەها ئیسڕائیل پێیوایە قەتەڕ وەک پشتوانێکی سەرەکیی گرووپەکە کاریگەری بەرچاوی هەیە لە ئاڕاستەکردنی بڕیارەکانی حەماس. ئیسڕائیل لەو باوەڕەدایە، قەتەڕ نێوەندگیر نیە بەڵکو لایەنگرە و ئەگەر قەتەڕ نیەتی هەبێت دەتوانێ وا لە حەماس بکات بارمتەکان ئازاد بکات. بەوپێیەی قەتەڕ پەناگە و پشتیوانێکی سەرەکی سیاسی و ئابووری حەماسە. دەتوانێ بارمتەکان بەبێ مەرج ئازادبکات، بەڵام قەتەڕ ئەو نیەتەی نیە. لەتێڕووانینی ئیسڕائیل: ناکرێت وڵاتێک خۆی وەک نێوەندگیرێکی ئاشتیخواز نیشان بدات و لە هەمان کاتدا بەردەوام بێت لە پشتیوانی دارایی و سیاسی لە ڕێکخراوە توندڕەو و تیرۆریستییەکان.
کاردانەوەی نێودەوڵەتی: ڕەخنەی گەورە بەبێ هیچ هەنگاوێکی کرداری
کاردانەوەی فەرمی هەندێک وڵات و جیهانی عەربی لەبەرامبەر ئەو هێرشەی ئیسڕائیل بۆ سەر قەتەڕ لەسەر ئاستی ڕەخنەگرتن و دەربڕینی نیگەرانی لە پێشێلکردنی سەربەخۆیی وڵاتانەوە سنووردار بوو، بەبێ ئەوەی ھەنگاوی کرداری تێدا ببینرێت. ئەم شێوازە کاردانەوەیە تێڕوانینێکی قووڵتر بۆ ئامانجە ڕاستەقینەکانی وڵاتانی ناوچەکە دەخاتەڕوو.
١. سعوودیە:
هەرچەندە عەرەبستانی سعوودیە بە توندی هێرشەکەی ئیسڕائیلی ئیدانە کرد، بەڵام ئەم دەربڕینە ڕووکشییە زیاتر لەوە دەچوو بەھۆی ناکۆکییە ستراتیژییە درێژخایەنەکەیەوە بێت لەگەڵ قەتەڕ، نەک پاڵپشتیکردنی ڕاستەقینە لە دەوحە. بەوپێیەی ناکۆکییەکانی سعودیە لەگەڵ قەتەڕ، بۆ سعودییە کەمترنین لەمەترسی هێرشەکانی ئیسڕائیل، کە لە پێشبڕکێی ڕێبەرایەتی کردنی کۆمەڵگەی ئیسلامی، سیاسەتی گەشتیاری و ئابووری، و جیاوازی لەسەر چەندین بابەتی ترەوە سەرچاوەیان گرتووە. بۆیە بڵاوکراوەکەی سعوودییە لەسەر هێرشەکە، زیاتر خۆی لە چوارچێوەی سیاسەتە گشتییەکەیدا دەبینێتەوە بۆ پاراستنی دەسەڵاتی خۆی لە ناو جیهانی سوننی و نیشاندانی ڕکابەری لەگەڵ قەتەڕ، نەک پاڵپشتیکردنی قەتەڕ.
٢. میسر: ئەو وڵاتەش، نیگەرانی لە مەترسییەکی ستراتیژی قەتەڕی زیاترە لە پاڵپشتییەکی ڕاستەقینە. سەرەڕای ئیدانەکردنی هێرشەکە، لەڕاستیدا میسر زیاتر لە قەتەڕ ترسی هەیە کە بە درێژایی چەندین ساڵە پشتیوانی لە ڕێکخراوی ئیخوان موسلیمین دەکات، کە دوژمنی سەرەکی حکوومەتی میسرە بە سەرۆکایەتی عەبدولفەتتاح سیسی. بۆ میسر، چالاکبوونی سەرکردەکانی ئیخوان لە دەوحە وەک هەڕەشەیەکی ڕاستەوخۆ سەیر دەکرێت بۆ ئاسایشی ناوخۆی میسر. بۆیە، کاردانەوەی میسر-یش بەھۆی خەمی سەروەری وڵاتانی عەرەبی نەبوو، بەڵکو دوورنیە لە پشتی پەردەوە ڕازییش بووبێت بە هێرشەکەی ئیسڕائیل بۆ سەر ئەو مەترسییە ستراتیژییانەی کە قەتەڕ بۆ میسر دروستی دەکات.
٣. ئەمریکا: لەنێوان هەڵوێستێکی نەرم و پاڵپشتییەکی نەرم بە ناوی هاوپەیمانییەتی: کاردانەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکان سەرنجڕاکێش بوو. هەرچەندە هێرشەکەی بە "مەترسیدار" ناوبرد و ڕایگەیاند کە پێشتر ئاگادار نەکراوەتەوە، بەڵام وەک هەمیشە ھیچ ھەنگاوێکی کرداری لە دژی ئیسڕائیل نەنا. ئەمەش دوو واتای هەیە:
· ئەمریکا، کە وێنەی ڕاستەقینەی دووڕووییەکەی قەتەڕی هەیە، لەڕێی ئەم هێرشەوە ڕێگە بە ئیسڕائیل دەدات فشار لەسەر قەتەڕ دابنێت بە ئامانجی ئازادکردنی بارمتەکان ، و ڕاستکردنەوەی سیاسەتی دەوحە.
· لە هەمان کاتدا، ئەم کاردانەوە نەرمە دووبارەکردنەوەیەکی ڕوون بوو لە هاوپەیمانییەتی قووڵی ئەمریکا و ئیسڕائیل، و ئەوەی کە ئەمریکا لە هیچ دۆخێکدا، ئیسڕائیل بەتەنیا جێناهێڵێت.
ئەوەی جێی سەرنجە ھیچ یەکێک لەم وڵاتانە باسی پشتیوانییەکی ڕاستەوخۆی سەربازی یان هەڵوێستێکی ئابووری، هیچ ھەنگاویان نەنا بۆ سزادانی ئیسڕائیل. ئەمەش نیشانەیەکی ڕوونە لەو ڕاستییە کە زۆربەی ئەم وڵاتانە لە ڕاستیدا متمانەیان بە ڕۆڵی دووڕووی قەتەڕ نییە، یان لێی بێزارن. لەوانەیە لە پشت پەردەدا ھەندێک لەو وڵاتانە ڕازیبن بە هێرشەکە، چونکە ئەم هێرشە مەترسییەکی ستراتیژییانەی قەتەڕی کەم دەکاتەوە کە بۆ ئەوان دروستی کردووە.
- بەکورتی.. کۆی گشتی: ڕەخنە و ئیدانەکردنەکان تەنها لەچوارچێوەی ڕەوتێکی دیپلۆماسی بوون، نەک هەڵوێستێکی ڕاستەقینە.
قەتەڕ دوای هێرشەکە: لە بەردەم دوو بژاردەی ستراتیژی سەختدا خۆی دەبینێتەوە:
بژاردەی یەکەم: پاڵپشتیی زیاتر و ئاشکرایەتی بۆ حەماس: قەتەڕ دەتوانێت بە شێوەیەکی فەرمیی و ئاشکراتر پاڵپشتی حەماس بکات و وەک هاوپەیمانییەکی ڕاستەقینە دژ بە ئیسڕائیل خۆی نیشان بدات. هەرچەندە ئەم هەڵبژاردنە لە ئەگەرێکی زۆر لاوازدا خۆی دەبینێتەوە. چونکە قەتەڕ دەزانێت کە ئەم هەنگاوەی وەک خۆکوشتن وایە. ئەگەر ئەو هەنگاوە بنێت دەبێتە هۆی: هێرشی زیاتری ئیسڕائیل بۆ سەر خاکەکەی، و دەوحەش دەچێتە ڕیزی بەیروت و دیمەشق شەنعا، کە دەکرێ ببێتە هۆی وێرانکارییەکی ئابووری و مرۆیی گەورە بۆ ئەو وڵاته. هەروەها لەمەودادا بەتەواوی دەبێتە هۆی لەدەستدانی ڕۆڵ و کاریگەرییە دیپلۆماسییەکەی لەسەر ئاستی جیهانی. دەرکردنی لە ناوەندە نێودەوڵەتییە ئابوورییەکان، تا دەگاتە ڕووبەڕوو بوونەوەی سزای ئابووری لەلایەن ویلایەتە یەکگرتووەکان و ئەورووپا. لەکۆتاییدا ئەمەریکا هەر ئیسڕائیل هەڵدەبژێرێت. جگەلەوەش، ئەو هەنگاوە ڕێگە خۆش دەکات بۆ دۆخێک کە هەڵمەتێکی توندی هەمەلایەنەی ئاگرین لە ناوچەکەدا بخولقێنێت.
بژاردەی دووەمی قەتەڕ: کەمکردنەوەی پشتیوانی و خۆ ڕێکخستنەوەیەتی: هەڵبژاردنی ڕێکخستن و عەقڵانیتر ئەوەیە کە قەتەڕ پشتیوانییە ڕاستەوخۆ و ئاشکراکانی بۆ حەماس کەم بکاتەوە. ئەمەش دەکرێت ئەم ڕێکارانە لەخۆبگرێت: داخستنی بارەگا فەرمییەکانی حەماس لە دەوحە. سنووردارکردنی جوڵەی سەرکردەکانی حەماس لە وڵاتەکەدا. هەروەها چاودێرییەکی زیاتر لەسەر سیستمی بانکیی و ڕەوانەکردنی پارە و چالاکییە بانکییەکان. بەڵام سەرەڕای هەموو ئەمانەش، هێشتا قەتەڕ بە تەواوی پشت لە حەماس و گرووپەکان ناکات. لێرەدا زۆرترین ئەنجامی پێشبینیکراو ئەوەیە کە قەتەڕ هەوڵدەدات پشتیوانییەکەی بە شێوەیەکی نهێنی تر و ناڕاستەوخۆ بەردەوامی پێبدات، بەتایبەتی لە ڕێگەی: هاوکاری ڕێکخراوە ناڕاستەوخۆ و خێرخوازییەکان. سیستمی بانکی ئاسایی و ناوەندە مالییە ناڕاستەوخۆەکان. بەردەوامبوونی پەناگەی سەرکردەکان لەژێر ناوی کەسی. بەردەوامبوونی لە ڕۆڵی نێوەندگیری بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ حەماس، بەڵام لە ئاستێکی کەمتردا یان بەشێوەی نیەتی. بەڵام پرسیارەکە ئەوەیە: ئایا قەتەڕ لەوبارەیەوە دەتوانێت ئیسڕائیل هەڵبخەڵەتێنێت؟ لەکاتێکدا قەتەڕ هەوڵدەدات سەلامەتی خۆی بپارێزێت و لە هێرشی داهاتووی ئیسڕائیل ڕزگاری بێت، لەلایەکی تر هەوڵدەدات پارێزگاری لە کاریگەرییە ناوخۆیی و ناوچەیییەکەی لەڕۆژهەڵاتی ناویندا بکات.
سەرئەنجام و پێشبینی: قۆناغێکی نوێی ململانێ و یاسایەکی نوێ:
- هێرشی ئیسڕائیل بۆ سەر قەتەڕ کاریگەرییەکی ڕاستەوخۆ و درێژخایەنی لەسەر سیستمی ناوچەکە دەبێت و قۆناغێکی نوێی ململانێیی ڕاگەیاند.
١. سەرئەنجامی ڕاستەوخۆ: قەتەڕ هەر زوو ڕایگەیاند کە چیتر ڕۆڵی نێوەندگیری ناگێڕێت. هەرچەندە ئەو ڕۆڵە پێشتر بە دوو ڕووییش بووبێت، هێشتا دەتوانێ لەسەر ئاستی ناوچەکە و نێودەوڵەتییەوە وەک شکستێکی گەورە تەماشا بکرێت بۆ دیپلۆماسییەتی ناوچەکە و هەوڵەکان بۆ ئاشتی و سەقامگیری.
٢. پێشبینی بۆ هێرشەکانی داهاتوو:
ئیسڕائیل کە لەدوای هێرشەکەی بۆسەر دەوحە هێرشی چڕی کردە سەر سەنعا، پایتەختی یەمەن. ئەمەش ئاماژەی پەیامێکی تری ئیسڕائیل بوو بۆ ناوچەکە و جیهان، بەوەی ئیسڕائیل نەک بایەخ بە ئیدانەکردنەکان نادات، بەڵکو تا ئامانجە ئاسایشییەکانی بەدی نەهێنێت ناوەستێت" ئەوەش واتای ئەوەیە، کە ناوچەکە پێ دەنێتە ناو قۆناغێکی نوێی جەنگ و ململانێکانەوە.
٣. وڵاتانی ئامانجی ئیسڕائیل لە داهاتوودا:
هەروەک لەپەیامەکەیدا، ئیسڕائیل زۆر ڕوون بوو: "هەر شوێنێک بێت کە حەماس پشتیوانی لێدەکرێت، بۆ ئیسڕائیل ئامانجی داهاتوو دەبێت." کەواتە، ئەمە ئەگەری هێرشەکانی داهاتووی ئیسڕائیل بۆ سەر تورکیا و وڵاتانی تری ناوچەکەش زیاد دەکات، ئەگەر بەردەوام بن لە پشتیوانیکردنی حەماس. بەوپێیەی لەئێستادا تورکیا هەموو ئەو خاسێتانەی تیایە کە ئیسڕائیل وەک هۆکار دەیانبینێ بۆ بەئامانجگرتنی پایتەخی وڵاتانی ناوچەکە. هەرچەندە پێناچێ تورکیا بەو لووتبەزییەی خۆی دەستبەرداری لێدوانە توندەکانی بێت بەرامبەر بە ئیسڕائیل و دەرکردنی سەرکردەکانی حەماس لە خاکەکەی، تەنها کاتێک نەبێت کە قازانجی سیاسی یان ئابووری خۆی تێدا بێت، چونکە ئەوکات یەک مسوڵمانی فەڵەستینی نەمێنێ تورکیا کێشەی نابێت. بەڵام تا ئیسڕائیل لەسووریا دژی بەرژەوەندییە سەربازی و ئابووری و سیاسیەکانی تورکیا بووەستێتەوە و کێشەی بۆدروست بکات کە بەشێکی لەسەر کوردەکانی سووریایە، تورکیا دۆزی غەزەییەکان و دروشمی ئیسلامی و دینی بۆجوڵاندنی عاتیفەی مسوڵمانان بەکاردەهێنێت دژی ئیسڕائیل، هەرچەندە بوێری نیە یەک کردەوەی بچوکیش ڕاستەوخۆ دژی ئیسڕائیل ئەنجام بدات.
هەرچۆنێک بێت ئەو هۆشداریەی ئیسڕائیل کە دوای هێرشەکەی بۆ سەر دەوحە ڕایگەیاند، تورکیاش دەگرێتەوە. لەڕاستیدا ئەم هێرشە تەنها هۆشداری نەبوو، بەڵکو نیشاندانی ئەو ستراتیژییە نوێیەش بوو کە ئیسڕائیل بەکاری دەهێنێت لە ململانێی داهاتوودا. لەکاتێکدا ئیسڕائیل پێشتر ئەوەی نیشانداوە کە بە شێوەیەکی زۆر ڕاستەوخۆ و بێ مەتەڵ کاردەکات. وەک لە هێرشە لەناکاوەکانی پێشووی: بۆسەر تاران، بەیروت و سەنعا و دیمەشق دواینیشیان دەوحە بینراوە. دەکرێ بڵێین، لەداهاتووشدا هەر بەوجۆرە ئەو وڵاتانە یان ئەو ناوچانە ئامانجی ئیسڕائیل دەبن کە دوژمنانی ئیسڕائیل پێیان وایە لە ژێر سێبەری ئەم و ئەو وڵاتی دیکە پارێزراون.
لەکاتێکدا ئیسڕائیل پەیڕەوی لە سیاسەتێکی ستراتیژی دەکات کە سەروەری وڵاتانی دیکە ڕێگەی لێناگرێت، بەتایبەت ئەگەر وڵاتێک بووبێتە هاوکار و پەناگەیەک بۆ دوژمنەکانی. ئەمەش ڕوونیدەکاتەوە کە ئیسڕائیل چۆن تەماشای مەترسییە ستراتیژییەکان دەکات لە ناوچەکە، و چۆن بڕیاری سەربەخۆیانە دەدات لە تێپەڕاندنی سنوورەکان. بەتایبەت کە پشتگیری لۆجستی و دیبلۆماسیەتی بێ ئەملا و ئەولای ئەمەریکای هەیە.
لەبارەی شێوازی هێرشەکانی داهاتووی ئیسڕائیلیشەوە من پێموایە، دەکرێت زیاتر و وردتر بن لەئامانجەکان، هەر بە شێوەیەی ئێستا هەیە هێرشی ئاسمانی، خێرا و کورتخایەن بۆ سەر بارەگا یان کەسایەتییەکان، وەک لە قەتەڕ و تاران ڕوویدا ئەنجام بدات. بەڵام دوای ئەوەی لەقەتەڕ لەڕوویی فیزیکییەوە لە ئامانجەکەی شکستی هێنا بۆ لەناوبردنی سەرکردەکانی حەماس، کە زۆر بە دەگمەن ئەوە لە تاکتیکییە سەربازیەکانی ڕوو دەدات، پێدەچێت ئەمجارە وردتر بێت لەئامانجەکانی بەتایبەتی لەڕووی هەواڵگرییەوە. چجا ئەگەر ئەمجارە هێرشەکە سنووری تورکیا تپەڕێنێت کە دوور نیە، دەبێ زۆر وردبێت بۆ ئەوەی دوای ئامانجەکە وەک بەڵگەیەک شوێن و کات و کوشتنی سەرکردەکانی حەماس پشتڕاستبکاتەوە، بە ئامانجی کەمکردنەوەی فشارە نێودەوڵەتییەکان کە لەسەری دروست دەبێت.
ناردنی ئەو پەیامەی ئیسڕائیل کە لە قەتەڕ بینرا هەر لەو چوارچێوەیەدایە و ئامانجەکە تەنها لەناوبردنی بارەگایەک نەبوو، بەڵکو ناردنی پەیامێکی ڕاستەوخۆ بۆ هەموو وڵاتانی ناوچەکە بەوەی: چیتر ئیسڕائیل لەهیچ وڵاتێکی ناوچەکە قبوڵی ناکات "پارێزگاری لەدوژمنانی بکات یان بۆی دروست بکات.“ بۆ ئەو مەبەستەش، هێرشەکانی داهاتووی ئیسڕائیل پەیوەستن بە دوو فاکتەری سەرەکییەوە:
١. ئاستی پشتیوانی: ئەگەر وڵاتێک بەردەوام بێت لە پشتیوانیی ڕاستەوخۆی حەماس یان گرووپەکانی چوارچێوەی بەرەی مقاوەمە" (وەک پەنادانی سەرکردەکانیان، پارەدارکردنیان، یان ڕێگەدان بە چالاکیی سیاسی و هەرشتێک کە ئامانجەکە زیانگەیاندن بێ بە ئیسڕائیل)، ئەگەری هێرشێکی ئیسڕائیل بۆ سەر ئەو وڵاتانە لەئاستێکی زۆر بەرز دەبێت.
٢.لەکاتی پاڵەپەستۆی ڕووداوەکان، بە نموونە: پێکهێنانی هاوپەیمانییەکی سەربازی دژی ئیسڕائیل، یاخود هێرشێکی گەورەی حەماس یان حزبالله یان هەر ڕێکخراوێکی دیکە بۆسەر ئیسڕائیل، لە شێوەی ٧ی ئۆکتۆبەر٢٠٢٣، کەمتریش دەتوانێت هۆکارێکی ڕوون بە ئیسڕائیل بدات بۆ هێرشێکی پشوەختە یان تۆڵەکردنەوە.
پرسیارە گرینگەکە ئەوەیە: تورکیا لەکوێی نەخشەی هێرشەکانی داهاتووی ئیسڕائیل دایە؟
بەگوێرەی خوێندەوەی من بۆ دۆخی ئاڵۆزی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و لێدوانە ئاگرینەکان دژی ئیسڕائیل، لەلایەن تورکیاوە بەتایبەت لەو چەند هەفتەیەدا + پشتگیری کردنی سیاسی لە حەماس و داڵدەدانی سەرکردەکانی لە ئیستەنبول. هەروەها بەرزبوونەوەی ئاستی ناکۆکییەکانی ئەم دواییەی لەسووریا لەگەڵ ئیسڕائیل، هیچ دوور نیە لەچوارچێوەی ئەم ستراتیژییەی ئیسڕائیل کە لەسەرەوە ئاماژەمان پێیدا، تورکیا لەپێشینەی ئامانجەکەی ئیسڕائیل بێت. هەرچۆنێک بێت تا ئێستا ئەگەری هێرشکردنی سەر تورکیا زیاتر بووە بەتایبەت کە گومان دەکرێت دەیان سەرکردەی حەماس لە ئیستانبول نیشتەجێ کرابن. بەڵام دەبێ ئەوەش بڵێین، کە هێرشی ئیسڕائیل بۆ سەر تورکیا، دەکرێ کارێکی زۆر مەترسیدار بێت، بەڵام لە ئەگەردایە ئەگەر تورکیا بەردەوام بێت لە پشتیوانیی ڕاستەوخۆی حەماس یان ئاڕاستەکردنی گرووپەکانی سووریا بە نیەتی فشار لەسەر سنوورەکانی ئیسڕائیل.
هێرش بۆسەر وڵات و ناوچەکانی تر..
لوبنان: هەرچەندە ئاگربەستێک لەگەڵ حکومەتدا هەیە، بەڵام هێرشەکانی ئیسڕائیل بۆ سەر حزبالله لە لوبنان بەردەوام دەبن و دەکرێت لەدوای هێرشەکەی دەوحە، توندتر بن. بە تایبەت ئەگەر حکومەتی لوبنان لەو ماوەیەی بۆی دیاریکراوە، نەتوانێت ئەو میلیشیایە چەک بکات، کە دەکرێت لەچەند هەفتەی داهاتوودا ئەوە یەکلایی بێتەوە.
- سوریا: هێرشەکانی ئیسڕائیل بۆ سەر سەربازگە ستراتیژییەکان و گرووپە چەکدارەکانی حکومەتی کاتی دیمەشق و بەردەوام دەبن، بەتایبەت ئەو شوێنانەی ئامانجی ستراتیژی تورکیان لەژێر ناوی مەشق پێکردنی سوپای سووریای نوێ و کۆکردنەوەی هێزی خۆی تیایاندا.
- هەرچی یەمەن_ حوسیەکانە: هێرشەکانی ئیسڕائیل بۆ سەر حووسییەکان دەکرێت توندتر و بەردەوام بن.
لەوبڕوایەدام، دواین هێرشی ئیسڕائیل بۆ سەر قەتەڕ دەستپێشخەریەک بوو کە "یاسایەکی نوێی"ی بۆ ناوچەکە دانا، یان بەتەواوی ڕایگەیاند. هێرشی ئەمجارە نیشانەی ئەوە بوو کە ئیسڕائیل چیتر ئامادە نییە ڕێز لە سنووری نێودەوڵەتی سیستەمەکانی ناوچەکە بگرێت ئەگەر ئەو سنوورانە بۆ هاوکاری و پارێزگارکردن بۆ ڕێکخراوە چەکدارەکانی دژ بە ئاسایشی ئیسڕائیل خزمەت بکەن. هەروەها چاوەڕووان دەکرێت ئەم ئۆپڕاسیۆنە لەناکاوانەی ئیسڕائیل بۆ ماوەیەکی درێژتر بەردەوامیان هەبێت و توندتر بێت. ئەگەر وڵاتانی ناوچە بەردەوام بن لە سیاسەتی دووڕووی خۆیان لە پشتیوانی ڕێکخراوە چەکدارەکان، بەتایبەتی حەماس.
لەکۆتاییدا، پوختەی بۆچوونەکەم لەسەر ئەو ڕووداوە ئەمەیە:
هێرشی ئیسڕائیل بۆسەر قەتەڕ تێکەڵەیەکە لە یاسای خودی (self-help) لە جیهانییەکی بێ یاسا و وەڵامدانەوەیەک بۆ دووڕوویییە دیپلۆماسییەکانی ناوچەکە. لە کاتێکدا هێرشەکە پێشێلکارییەکی ڕوونە بۆ یاسای نێودەوڵەتی و سەروەری وڵاتێکی سەربەخۆ، بەڵام لە هەمان کاتدا پرسیارێکی ئەخلاقی و گرینگیش ڕووبەڕووی جیهان دەکاتەوە: ئایا وڵاتێک دەتوانێت بە شێوەیەکی بەردەوام وەک ناوەندێکی ئاشتی و نێوەندگیرێکی ئاشتیخواز خۆی نیشان بدات و لە هەمان کاتدا پشتیوانی لەڕێکخراوە چەکدار و توندڕەوەکان بکات؟
ئیسڕائیل وەڵامی ئەم پرسیارەی بە ڕاستەوخۆیی بە هێرشەکە دایەوە. هێرشەکە هۆشدارییەکی ڕاستەوخۆ بوو بۆ هەموو ئەو وڵاتانەی ناوچەکە کە پشتیوانی لە ڕێکخراوە توندڕەوەکان دەکەن بەتایبەتی دوژمنانی ئیسڕائیل. هەروەک بۆ داهاتووش ئەنجامی ڕاستەقینە لەسەر قەتەڕ و ناوچەکە ئەوە دەبێت کە قەتەڕ کام لەم دوو بژاردە سەختە هەڵدەبژێرێت: ئایا دوور دەکەوێتەوە لە هاوکاری و پشتوانی دارایی بۆ حەماس، یان لەڕقی ئیسڕائیل زیاتر و بەئاشکرا هاوکاری حەماس دەکات و خۆی ڕادەهێنێت لەگەڵ بەردەوامی فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسڕائیل و کەوتنەخوارەوەی بۆمبەکان لە ئاسمانەکەیدا؟ هەرچۆنێک بێت ئەم هێرشە وەک سەرەتای قۆناغێکی نوێی ململانێی ناوچەیی دەردەکەوێت، کە تیایدا سنووری نێوان وڵاتان و ڕێکخراوە نادەوڵەتییەکان تا دێت زیاتر ناڕوون دەبێتەوە و یاسای نێودەوڵەتی لە بەرامبەر ڕێکارە ستراتیژییەکانی وڵاتاندا بێهێزتر دەردەکەوێت.
