لەبنکەی عەین ئەسەد فڕینی زۆری فڕۆکە هەیە

عیراق

6 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 1346 جار خوێندراوه‌ته‌وه


شارپرێس:

لەپاش نیوەڕۆی ڕۆژی شەممەوە چەند فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوان بە چڕی بەسەر بنکەی عەین ئەسەد لە ڕۆژئاوای پارێزگای ئەنبار دەسوڕێنەوە.

سەرچاوەیەک ڕایگەیاندووە، "لەدوای نیوەڕۆی ئەمڕۆوە، فڕینێکی لەناکاو و چڕ و پڕی چەند فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوان بەسەر بنکەی عەین ئەسەددا بە تایبەتی لە لای ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوای ئەو بنکەیە بینراوە"، لەکاتێکدا دۆخی ناو بنکەکە ئاساییە، و هیچ حاڵەتێکی ئامادەباشی و خۆپارێزی ئەمنی تۆمار نەکراوە.

سەرچاوەکە، ئاماژەی بەوەشکرد، "پێشتر ئەم جۆرە جموجۆڵانە بە ئاماژەی دۆخێکی ئەمنی دیاریکراو دادەنرا یان پەیوەست بوون بە دەستەبەرکردنی ڕێگاکانی گەیشتنی کاروانی سەربازی یان ڕۆیشتنی هێزەکان، یان پێشوازیکردن لە شاندەکان، بەڵام لە ئێستادا دۆخەکە ئاساییە و هیچ شتێک تۆمارنەکراوە لەگەڵ فڕینی ئەو فڕۆکانەدا".

سەرچاوەکە دەشڵێت "لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا هیچ کشانەوەیەکی نوێی هێزی ئەمریکا لە بنکەکە بەرەو بنکەکانی سوریا تۆمار نەکراوە و دۆخەکە سەقامگیرە".

فڕینی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان بەسەر بنکەکەدا لە کاتێکدایە کە لە ناوچەکە  پەرەسەندنێکی بەرچاوی ناوچەیی هەیە لە دوای ڕووداوەکانی دۆحە، لە کاتێکدا مەترسی لەعێراق هەیە لەوەی خاکەکەی ببێتە گۆڕەپانێکی کراوە بۆ هەر ڕوبەڕوبوونەوەیەکی نوێ لە نێوان ئیسرائیل و ئێران و هاوپەیمانەکانیان.
ئ.ه