شارپرێس:
ئەمریکا داوا لەهاوڵاتیانی وڵاتەکەی دەکات کە لەئێرانن بهپهله لەڕێگەی وشکانیەوە خۆیان بگەیەننە ئەرمینیا یان تورکیا، باڵیۆزخانهى ئهلیكترۆنى ئهمریكا-ش لهتاران پهیامێك بڵاودهكاتهوه.
باڵیۆزخانەی ئەلیکترۆنیی ئەمریکا لەتاران، هۆشدارییەکی ئەمنیی بەپەلەی ئاراستەی سەرجەم هاوڵاتییانی وڵاتەکەی لەناوخۆی ئێران کردو داوای لێکردن بەهۆی پەرەسەندنی خۆپیشاندانەکانو تێکچونی دۆخی ئەمنی، دەستبەجێو زۆر بهپهله ئەو وڵاتە بهجێبهێڵن.
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوێکی باڵیۆزخانەکە کە ئهمڕۆ بڵاوکراوەتەوە ئاماژه بهوهشكراوه، خۆپیشاندانەکان لەسەرتاسەری ئێران ڕویان لەزیادبونکردوەو ئەگەری توندوتیژییو دەستگیرکردنی زۆری لێدەکرێت.
ئهوهش هاتوه، "حکومەتی ئێران هێڵەکانی ئینتەرنێتو پەیوەندییەکانی سنوردارکردوەو زۆربەی گەشتە ئاسمانییەکانیش هەڵوەشاونەتەوە یان کەمکراونەتەوە".
خاڵە سەرەکییەکانی هۆشدارییەکەی ئەمریکا بریتین له:
1ـ جێهێشتنی ئێران: داوا لەهاوڵاتییانی ئەمریکی کراوە چاوەڕێی هاوکاریی حکومەتەکەیان نەکەنو بەپەلە لەڕێگەی وشکانییەوە (سنورەکانی تورکیاو ئەرمینیا)، ئێران بهجێبهێڵن، چونکە زۆربەی هێڵە ئاسمانییەکان تا 16ی ئەم مانگە گەشتەکانیان ڕاگرتوە.
2ـ مەترسی بۆ خاوەن ڕەگەزنامە دوانەکان: ئەمریکا هۆشداریدەدات کە ئێران دان بەڕەگەزنامەی دوەمدا نانێتو ئەوکەسانەی ڕەگەزنامەی ئەمریکیو ئێرانییان پێکەوە هەیە، وەک هاوڵاتیی ئێرانی مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێتو مەترسیی گەورەی دەستگیرکردنیان لەسەرە، هەربۆیە پێویستە بەخێرایی بەپاسپۆرتە ئێرانییەکەیان ئەو وڵاتە بهجێبهێڵن.
3ـ دۆخی سنورەکان: تاوەکو ڕۆژی 12ی کانونی دوەم، دەروازە سنورییەکانی "بازرگان، ڕازی، سێرۆ" لەگەڵ تورکیاو دەروازەی سنوریی "نۆردوز" لەگەڵ ئەرمینیا کراوەن، ئەمریکا داوا لەهاوڵاتییانی دەکات، پێش گەیشتنیان بەسنورەکان، زانیارییەکانیان بۆ کونسوڵخانەکانی ئەمریکا لەئەنكەرە یان یەریڤان بنێرن.
4ـ خۆپارێزیی: داوا لەوکەسانە کراوە کە ناتوانن ئێران جێبهێڵن، لەشوێنی نیشتەجێبونیان بمێننەوە، خواردنو دەرمانی پێویست کۆبکەنەوەو بەهیچ شێوەیەک نزیکی شوێنی خۆپیشاندانەکان نەکەون.
بەهۆی نەبونی پەیوەندیی دیپلۆماسی لەنێوان واشنتۆنو تاران، باڵیۆزخانەی سویسرا لەتاران وەک پارێزەری بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لەئێران کاردەکات.
هۆشدارییەکە جەختیشدەکاتەوە، هاوڵاتییان بەهیچ شێوەیەک هەوڵی چونە ناو ئەفغانستان، عێراق یان ناوچە سنورییەکانی پاکستان نەدەن.
