شارپرێس:
لیندزی گراهام، سیناتۆری كۆماریی ڕۆژی سێشەممە وردەكاری لەبارەی پۆستێكی دۆناڵد ترەمپی سەبارەت بە ناڕەزایەتییەكانی ئێران بڵاو كردووەتەوە و دەڵێت، پەیامی دۆناڵد ترەمپ كە "یارمەتییەكان بەڕێوەن" بە واتای "شەپۆلێكی بەرفراوانی هێرشی سەربازی، ئەلیكترۆنی و دەروونی" دێت لە دژی كۆماری ئیسلامی.
رادیۆی دەنگی ئەمریكا پەیامێكی لێندزی گراهامی بڵاوكردەوە و تێیدا دەڵێت، "بە دڵنیاییەوە ئۆباما نییە. بە بۆچوونی من كاتێك باس لە پاراستنی بەرژەوەندییە گرنگەكانی ئاسایشی نیشتمانی ئەمریكا دەكرێت، ئەو دەبێتە (سەرۆك) ڕەیگنی دووهەم."
دەشڵێت "هیچ مەترسیەك گەورەتر لە دەسەڵاتی ئایینی نازی ئایەتوڵاكانی ئێران نییە بۆ سەر نەزمی جیهانی ڕژێمێك كە بێبەزەییانە خەڵكی خۆی دەكوژێت و پشتیوانی لە تیرۆریزمی نێودەوڵەتی دەكات و خوێنی ئەمەریكاییەكانی ڕەشتووە."
گراهام راشیگەیاند، "ئەو گورزە كوشندەیەی بەر ئایەتوڵا خامەنەیی دەكەوێت، تێكەڵێكە لە ئازایەتی نیشتمانپەروەرانەی باوەڕپێنەكراوی خۆپیشاندەران، لەگەڵ ئەو كارە یەكلاكەرەوەیەی سەرۆك ترومپ، خۆپیشاندەرە بێچەكەكان دەچنە سەر شەقام و ژیانی خۆیان دەخەنە مەترسییەوە، چونكە پێیانوایە سەرۆك ترەمپ لەپشتیانە".
لەبارەی وردەكاری پەیامەكەی دۆناڵد ترەمپ سەبارەت بەوەی ڕایگەیاندووە یارمەتییەكان بەڕێوەن، دەڵێت "شەپۆلێكی گەورەی هێرشی سەربازی و ئەلیكترۆنی و شەڕی دەروونییە، ئامانجی ئەمەریكا لەناوبردنی ئەو ژێرخانەیە كە كۆمەڵكوژی و كوشتنكاری خەڵكی ئێران كارا دەكات و هەروەها لەناوبردنی ئەو سەركردانەیە كە بەرپرسیارن لەم كۆمەڵكوژییە."
راشیگەیاند "كابوسە درێژخایەنەكەی خەڵكی ئێران بەم زووانە كۆتایی دێت، زۆر شانازی بە سەرۆك ترەمپەوە دەكەم، با جارێكی دیكە ئێران شكۆمەند بكەینەوە. "
