پازدە خۆپیشاندەری كوردی كرماشان شەهیدبوون

کوردستان

3 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 381 جار خوێندراوه‌ته‌وه


شارپرێس:

بە پشت بەستن بە ئامارەكانی ڕێكخراویی مافی مرۆڤی هەنگاو، هەتا ئێستا لانی كەم ١٥ هاووڵاتیی كورد لە ئەنجامی ناڕەزایەتییەكان لە كرماشان لە لایەن هێزە حكوومییەكانەوە شەهیدبوون و ناسنامەیان ئاشكرا بووە.

بەگوێرەی راپۆرتی رێكخراوەكە، سەجاد فەیزی، محەممەد جەعفەری و عرفان جامەشوورانی سێ هاووڵاتیی كورد و خەڵكی كرماشان، لە ئەنجامی ناڕەزایەتییەكانی ئەم دواییانە بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە حكوومییەكان شەهیدبوون. بەمەش هەتا ئێستا ناسنامەی ١٥ كەس لە شەهیدانی كرماشان ئاشكرا بووە.

زۆرترین ژمارەی قوربانییەكان لە خۆپیشاندانەكانی شەوی پێنج شەممەی هەفتەی رابردوودا بووە، كاتێك هێزەكانی ئێران بەتوندترین شێوە لەزۆرینەی شارەكانی ئێران و رۆژهەڵاتی كوردستان رووبەڕووی خۆپیشاندەران بوونەوە.

 بەگوێرەی راپۆرتی رێكخراوی هەرانا، ژمارەی كۆی گشتی خۆپیشاندەرە كوژراوەكان لەسەرانسەری ئێران و رۆژهەڵاتی كوردستان دوو هەزار كەسی تێپەڕاندووە.

رێكخراوەكانی مافی مرۆڤ هێزەكانی ئێران بە كوشتنی خۆپیشاندەران تۆمەتبار دەكەن، ئەوە لەكاتێكدا دەسەڵاتدارانی ئێران دەڵێن گروپی چەكدار تێكەڵی خۆپیشاندەران بوون و لەپشتەوە دەستڕێژ لە خۆپیشاندەران كراوە.

بەگوێرەی ئەو وێنە و گرتە ڤیدیۆییانەی بڵاوكراونەتەوە، لەتاران كۆمەڵكوژی روویداوە و دەیان تەرمی خۆپیشاندەران دۆكۆمێنت كراوە.