داپیرە گەورەی ئەو شەرڤانەی کە سووکایەتی بەتەرمەکەی کرا شاژن و حوکمڕانی حەلەب بووە

توێژینەوە و شیکاریی

3 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 130 جار خوێندراوه‌ته‌وه

نوسینی سۆران حەمەڕەش

نەتەوە بۆ ئەوەی نەتەوە بێت، دەبێت مێژووی خۆی بە منداڵەکانی بڵێتەوە. لەم ڕۆژانەدا سەیری پەرتووکی مێژووی قۆناغەکانم دەکرد. ویستم بزانم منداڵی کورد چی لەسەر ماد پێ دەگووترێت کە خاوەنی ئیمپراتۆریەتێکی مەزنی جیهان بوون.

بینیم لە شوێنكی پەرتووکەکە دەڵێت (كوردەکان خۆیان دەگەڕێننەوە بۆ مادەکان). گەڕام شتێک بدۆزمەوە کە شایەنی ئەوە بێت لەسەر مادەکان فێری منداڵی کورد بکرێت شتێکی ئەوتۆم نەدی. لە کاتێکدا بەشێکی بەرچاوی زمانی مادی، جلوبەرگیان، تەلارسازیان و چەنین بابەتی گرنگی تریان، بەڵگەنامەی ڕوونی لەسەرە. 

منداڵی کورد کە خوێندنگە لە باشور تەواو دەکەن، ئەو مێژووەی کە فێری دەکرێن هێشتا بۆ ئەوە کراوە کە بە هزر داگیراوی بمێننەوە. لەم ڕۆژانەدا لەسەر تویتەر، کەسێکی کورد نووسیبووی ئێمە بۆ لە حەلەب بین؟ ئەو وەک زۆربەی تاکی کوردی نائاگا لە مێژووی خۆی، پێی وابوو حەلەب پەیوەندی بە ئێمەوە نیە. کەچی نزیکی هەشت سەد ساڵ لەمەوبەر، خاتوونێکی ئەیوبی، داپیرە گەورەی ئەو شەرڤانە، بوو بە پادشای حەلەب بە ناوی زەیفە خاتوون (کۆچکردووی ١٢٤٢). ئەم شاژنە کوردە ئەیووبیە بە یەکێک لە بەهێزترین حوکمڕانەکانی ئەو ناوچەیە لەقەڵەم دەدرێت.
لە سەردەمی ئەم خانمەدا دوو لە جوانترین تەلارەکانی شامی ئەو سەردەمە دروستکران. یەکێکیان خوێندنگەی فیردەوس و ئەوی تریان خانەقای فەرافیرە بوو. هەردووکیان جوانترین تەلاری ئەو شارە و نموونەی نایابی تەلارسازی کوردی ئەیوبین و ئەمڕۆش بە جوانی وەک خۆیان ماون.
حەلەب شارێکی زۆرینە کورد بووە و دواتریش لە سەردەمی  دوای ڕوخانی ئەیوبی ئەوە دەبینین. زانا گەورەکانی ئەو شارە زۆرینە کورد بوون. سەردەمێک ئیبن خەلەکانی بنەچە هەولێری و چەندین زانای تری کورد لەوێ دەیانخوێند. لەسەردەمی عوسمانی و پێنج سەد ساڵ لەمەوبەریش، عەلی جونبوڵاتی کورد حوکمڕانی شارەکە و ناوچەکەش بووە. بوونی کورد لەوێدا لە هەموو قۆناغێکدا بە ڕوونی تۆماری هەیە. مێژوونوس مەسعودی نزیکی سێ سەد ساڵ پێش ئەیوبیەکان ئاماژە بە کوردی شام دەکات. کەچی لە هەمان سەردەمدا ئیبن حەوقەل نەک حەلەب بەڵکو دیمەشقیش بە خاکی عەرەبی دانانێت و لای ئەو خاکی عەرەب لای ڕووباری فورات کۆتایی پێ دێت، نە دێرەزور و نەڕەقە و نە حەلەبی تێدا نیە. 
ئەمە ڕێکەوت نیە و زۆر پێش مەسعودیش، میتانیەکان ئەو شارە و بەشێکی گەورەی سوریایان حوکم کردووە. دواتر لەپێش ئیسلام و لە سەدەی پێنجەمی زاینیدا، سوپای کورد لەژێر ناوی سوپای ماد دا لەناوجەرگەی سوریادا تۆماری هەیە. بەشی گەورەی شاری حەلەب و شارەکانی تری باکوری سوریای ئەمڕۆ، پاشماوەی هوریەکانە کە باوباپیرانی کورد بوون. ئا لە حەلەب و دەوروبەریدا، نزیکی ٣٥٠٠ ساڵ لەمەوبەر وشەی کوردی ئاشتی (ئاشەتە)، هاڕە (هاڕەی بەردی ئاش)، تاتە (تاتە بە مانای باوک) و سەدان وشەی تری کوردی بە تێکستی هێرۆگڵێفی تۆمارکراون.   
بیبنینی فڕێدانی تەرمی پیرۆزی ئەو ژنە کوردە، بۆ من زۆر کاریگەر بوو، بەڵام دەبێت لۆمەی خۆمان بکەین. تورکێک لە مەنگۆلیاوە هاتووە بەڵام لە خویندنگە لەسەر بناغەی درۆ وا فێرکراون و خۆیان بکاتە خاوەنی دنیا و کەرکووک بەشارێکی خۆیان بزانن. بەڵام ئێمە حەلەب کە تەلارە نایابە کۆنەکانی هی کوردە و قەڵاکەی هی ئەیووبیەکانە و مێژووە میتانیەکەی هی ئێمەیە، ناتوانین منداڵەکانمان نەک بەدرۆ، بەڵکو لەو ڕاستیەی تێبگەیەنین. بۆیە خۆمان بە بێگانە و عەرەبی هاوردە بە خاوەنماڵ دەبینین. هێندە بێ ئاگاین لە کلتوری خۆمان، کەسایەتیەکی ئاینی بە بڕواوە سەبارەت شەرڤانە ژنەکە دەڵێت "دەبێت ژن لە ماڵەوە بێت". کەچی ژنی ئەیوبی کوردی موسوڵمان، لە ماڵەوە نەبوون و بوون بە شاژنی حوکمڕان و خانەقایان دروستکردووە و بەرپرس بوون لە دروستکردنی بەشی بەرچاوی تەلارەکانی شام (سوریای ئەمڕۆ).  ئەو نایەوێت وەک ئەیوبیش بین، دەبێت وەک عەرەب ژنەکانمان لە ماڵەوە دابنێین. 
مێژوو کەرەسەتەی سەرەکی نەتەوەسازی و خاوەندارێتیە لە خاک و وڵات. ئەو مێژووەی ئێمە بە منداڵەکانمان دەیڵێینەوە، مێژوویەکە بۆ ئەوە گونجاوە بە داگیرکراوی بمانهێڵێتەوە نەک بمانکاتە خاوەنداری خاک و وڵات و فەرهەنگی خۆمان. سەرەڕای ئەوە دەبێت پرسیارێک بکرێت، زیاتر لە سی ساڵە بۆ مێژوویەکی دروست لە خوێندنگەکاندا بە منداڵەکانمان ناڵێینەوە؟ ڕۆژانێک لەلای تاران و ئەسفەهانەوە هەتاوەو باکۆی ئازەربایجان و شاری دەربەندی (دەربەنت) ی ڕوسیا بە کوردی قسەکراوە. ئەمڕۆ عەرەبە داعشیەکان خۆیان کردۆتە خاوەنی حەلەب و سوریا و ئێمەش بێگانە. کێ بەرپرسە و کێ ڕێگرە لەوەی کە منداڵ و گەورەکانمان مێژووی خۆیان نەزانن؟
گەر بناغەیەک بۆ مێژووی خۆمان لە ناو منداڵەکانماندا نەچێنین، ئەوا نەتەوەکانی دراوسێمان هەولێر و مهاباد و قامیشلۆ و دیاربەکریش داوادەکەن و ئێمەش لەرزۆکانە حەلەب بە شارێکی عەرەبی دەزانین.  
نووسینی سۆران حەمەڕەش