شارپرێس:
وەزارەتی بەرگریی ئیسرائیل لەڕاپۆرتێکدا ئاشکرایکردوە، هەناردەی ئیسرائیل لەبواری بەرگرییدا لەساڵی 2024 بۆ چوارەم ساڵی لەسەریەک ژمارەیەکی پێوانەیی شکاند.
وەزارەتەکە ڕایگەیاندوە، ساڵی ڕابردوو هەناردەکردن بەبەراورد بەساڵی پێشوو نزیکەی 13% زیادیکردوەو گەیشتوەتە نزیکەی 14.8 ملیار دۆلار (نزیکەی 52 ملیار شیکڵ)، بەراورد بەپێنج ساڵی ڕابردوو بەڕێژەی لەسەدا سەد زیادیکردوە، ئهمهش بەرزترین ئامارە تائێستاو ژمارەیەکی پێوانەیی نوێی لەقەبارەی هەناردەکردنی بهرگریی لەدەوڵەتی ئیسرائیل تۆمارکردوە.
هەروەک دەڵێت، "نزیکەی نیوەی گرێبەستەکان کە دەکاتە 48%ی کۆی فرۆشەکان بۆ سیستەمی بەرگری ئاسمانی بوە، لەوانە سیستەمیIron Dome و سیستەمیArrow و سیستەمی Magic Wand، جگە لەم سیستمانە، ئیسرائیل گرێبەستی فرۆشتنی لەبوارەکانی ئۆتۆمبێلی زرێپۆشو شەڕکەر (9%)، مانگی دەستکردو بۆشایی ئاسمان (8%)، سیستەمی ڕادارو شەڕی ئاسمانی (8%)، فڕۆکەی سەرنشینو ئەڤیۆنیکس (8%)، سیستەمی چاودێرییو بینایی (6%)، هەواڵگریی زانیارییو سایبەر (4%)، تەقەمەنییو چەک (3%)، ئۆتۆمبێلی ئاگرکوژێنەوەو سیستەمی هەڵدان (2%)، زانیاریی، پەیوەندییەکانو سیستەمی تەکنەلۆژیای پەیوەندیکردن دەکات (2%)، فڕۆکەی بێسەرنشین (UAV) فڕۆکەی بێفڕۆکەوان (1%)و سەکۆو سیستەمی دەریایی (1%).
هەر بەگوێرەی ڕاپۆرتەکەی وەزارەتی بەرگریی ئیسرائیل، زیاتر لەنیوەی گرێبەستەکان کە دەکاتە 56.8% لەگەڵ وڵاتانی ئەوروپی واژۆکراوە، هەروەک بەرهەمەکانی پیشەسازی بەرگری ئیسرائیل بەوڵاتانی ئاسیاو زەریای هێمن (23%)، وڵاتانی ڕێککەوتنی ئەبراهام (12%)، ئەمریکای باکور (9%)، ئەمریکای لاتین (1%)و ئەفریقا (1%) فرۆشراون.
