ئه‌مڕۆ له‌باره‌ى ئێرانه‌وه‌ بڕیار ده‌درێت

جیهان

09/06/2025‌ 3856 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

بڕیاروایه‌ ئەمڕۆ ئەنجومەنی دادوەرانی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم لەبارەی چالاکیی ئەتۆمی ئێران کۆببێتەوەو چاوەڕواندەکرێت تا کۆتایی ئەم هەفتەیە بڕیار لەبارەی "پێشێلکردنی یاسای نەهێشتن‌و پەرەپێدانی چەکی ئەتۆم"ی ئێران دەربکات.


ئه‌مڕۆ دوشەممە ئەنجومەنی دادوەرانی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم کۆدەبێتەوەو ڕافایل گەروسی سەرۆکی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمیی سەر بەنەتەوەیەکگرتوەکان، ڕاپۆرتێکی تایبەت بەپڕۆگرامی ئەتۆمی ئێران لەکۆبونەوەکە دەخاتەڕوو، میدیاکان بەشێک لەناوەڕۆکی ڕاپۆرتەکەیان زانیوه‌و ئاشکرایانکردوە، كه‌ ئاماژە بەهاوکارینەکردنی ئێران لەگەڵ ئاژانسەکە دراوە.

له‌وباره‌یه‌وه‌ دیپلۆماتکارێکی ئەوروپی بەبی بی سی وتوه‌، "ئەو بڕیارەی لەکۆبونەوەکە دەدرێت، پێچەوانەی بڕیارەکەی ساڵی 2005 دەبێت‌و چیتر ئەنجومەنی دادوەرانی ئاژانس بڕیارەکەیان بۆ پەسندکردن بەرزناکەنەوە بۆ ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتوەکان، بەڵکو تەنها دوو یان سێ مانگ دەرفەت دەدرێتە تاران بۆ ئەوەی ڕاستەوخۆو بێ ئەملاو ئەولا هاوکاریی تەواوەتیی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم بکات".

پێشنیازەکە لەلایەن ئەمریکاو سێ وڵاتی ئەوروپا بەرزکراوەتەوە بۆ ئەنجومەنی دادوەرانی ئاژانس‌و بەوتەی ئەو دیپلۆماتکارە؛ "ئەگەر ئێران لەو دەرفەتەی پێی دەدرێت، پابەندبونی نەسەلمێنێت، ئەنجومەنی دادوەران لەدانیشتنێکی نائاساییدا دۆسیەکە بۆ ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیەکگرتوەکان بەرزدەکاتەوە".

وەکو ئاماژەشی پێدەدات، دوای کەمتر لەسێ هەفتە لەدانیشتنی ئەنجومەنی ئاسایش، سەرجەم گەمارۆ ئابوریی‌و سەربازییەکانی ئەمریکاو ئەوروپا لەسەر ئێران چالاک دەکرێنەوە.

ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم هەفتەی ڕابردوو ڕاپۆرتێکی 22 لاپەڕەیی لەبارەی چالاکییە ئەتۆمییەکانی ئێران بڵاوکردەوەو ڕایگەیاند، کۆمەڵێک پرسیار لای ئاژانس دروستبوە کە ئێران بۆ هیچ کامێکیان وەڵامی لۆژیکی پێنەبوەو باس لەوەکراوە، ئێران چوار ناوەندی پیتاندنی یۆرانیۆمی کردوەتەوەو بۆ هیچ کامیان ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی ئاگادارنەکردوەتەوە.

لەڕاپۆرتەکەدا هاتوە؛ "لەو چوار ناوەندەی ئێران، لانیکەم لەسێ دانەیان پاشماوەی ڕادیۆئەکتیڤ دۆزراوەتەوە کە دەیسەلمێنێت ئێران هەوڵی دروستکردنی چەکی ئەتۆمی داوەو ئێستا دیارنییە کە ئەو مادەی ڕادیۆئەکتیڤ‌و کەرەستانە لەکوێ حەشاردراون".