بۆمبی GBU-57/Bی ئەمریکی.. تاکە ڕێگه‌ بۆ لەناوبردنی بنکەی ئەتۆمیی فۆردۆ

جیهان

17/06/2025‌ 6631 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

یەحیل لایتەر باڵیۆزی ئیسرائیل لەئەمریکا ڕایگەیاند، ئەمریکا تاکە وڵاتە کە چەکێکی هەیە کە توانای لەناوبردنی دامەزراوە ئەتۆمییە قایمکراوە ژێرزەمینییەکانی ئێرانی هەیە.


ئەو بەرپرسە ئیسرائیلییە ئاماژەی بەوەشکردوە، دامەزراوە ئەتۆمییەکەی فۆردۆ تەنها دەتوانرێت لەئاسمانەوە لەناوببرێت بەبەکارهێنانی مووشەکی ناسراو بە GBU-57/B، بەوپێیەی دامەزراوەی فۆردۆو دەکەوێتە ناو شاخێکی نزیک شاری قوم‌و بەقوڵایی نێوان 80 بۆ 90 مەتر.

کێشی ئەو بۆمبە گەورەیە ئەمریکییە نزیکەی 30 هەزار پاوندەو کڵاوەیەکی جەنگی هەڵگرتوە کە کێشی زیاتر لەپێنج هەزار پاوندە.

لەمادیەکی پۆڵایینی پێشکەوتوو دروستکراوە کە ڕێگەی پێدەدات بچێتە ناو بنکە قایمکراوە پتەوەکانەوە، بەڵام تەنها لەفڕۆکە بۆمب هاوێژە شەبەحییەکانی هێزی ئاسمانی ئەمریکا (B-2)ەوە دەتوانرێت بخرێتە خوارەوە.

سەرەڕای ئەم توانایانە، ڕاپۆرتێکی دامەزراوەی خزمەتگوزارییە شاهانەییە یەکگرتوەکان (RUSI) ئاماژەی بەوەشکردوە، توانای چونە ناوەوەی بۆمبەکە تەنها 61 مەتر دەبێت، کە کەمترە لەقوڵایی خەمڵێنراوی فۆردۆ، ئەمەش وایکردوە لەناوچونی دامەزراوەکە جێگه‌ی گومان بێت. 

شارەزایان، وەک عەقید سێدریک لیتۆنی خانەنشینکراو، پێیانوایە ئەرکەکە ڕەنگە پێویستی بەچەندینجار لێدان هەبێت لەسەر یەک ئامانج، لەکاتێکدا پیتەر لیتۆن پسپۆڕی ئوسترالی ئاماژەی بەوەدا کە هیچ گەرەنتییەک بۆ سەرکەوتنی ئۆپەراسیۆنەکە نییە.

ئەمەش لەکاتێکدایە کە گرژییەکانی نێوان ئیسرائیل‌و ئێران پەرەدەستێنێت، هەروەک هەڕەشەکانی ئیسرائیل بۆ بەئامانجگرتنی بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران دوبارە دەبێتەوە.