بەرپرسێکی ئەمریکی: کۆگای موشەکیی ئیسرائیل ڕوی لەکەمبونەوەیە

جیهان

18/06/2025‌ 5821 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

بەرپرسێکی ئەمریکی ڕایگەیاندوە، کۆگای موشەکیی بەرگریی لەئیسرائیل ڕوی لەکەمبونەوەیە، ئەمەش نیگەرانییەکی مەترسیداری لەسەر توانای بەرپەرچدانەوەی هێرشە موشەکی بالیستیکی دورمەودای ئێران دروستدەکات.


بەگوێرەی ڕۆژنامەی "وۆڵ ستریت جۆڕناڵ"ی ئەمریکی، ئەو بەرپرسە ڕونیشیکردوه‌تەوە، واشنتۆن چەند مانگێکە ئاگاداری ئەو تەحەدایانەیە كه‌ ڕوبەڕوی بەرگرییەکانی ئیسرائیل دەبێتەوەو لەئێستادا کاردەکات بۆ بەهێزکردنی تواناکانی بەرگری ئیسرائیل لەڕێگەی سیستەمی وشکانی‌و دەریایی‌و ئاسمانییەوە.

لەوەتەی گرژییەکان لەمانگی حوزەیران پەرەیسەندوە، پێنتاگۆن جێگیرکردنی یەکە بەرگرییە موشەکییە زیادەکانی بۆ ناوچەکە زیادکردوە، ئەمەش لەکاتێکدایە کە نیگەرانییەکان ڕویان لەهەڵکشان کردوە بەوەی کە کۆگای موشەکی بەرپەرچدانەوەی ئیسرائیل کەمببێتەوە.

تۆم کاراکۆ بەڕێوەبەری پڕۆژەی بەرگریی موشەکیی لەسەنتەری لێکۆڵینەوە ستراتیژیی‌و نێودەوڵەتییەکان دەڵێت، "نە ئەمریکاو نە ئیسرائیل ناتوانن بەشێوەیەکی بەردەوام ڕێگریی لەموشەکەکان بکەن".

جەختیشی لەپێویستی هەنگاوی بەپەلە کردوه‌تەوەو ئاماژەی بەوەشکرد، ئیسرائیلییەکان‌و هاوپەیمانەکانیان دەبێت هەنگاوی خێراو یەکلاکەرەوە بگرنەبەر، چونکە وەستان بەبێدەنگی ئیتر بژاردە نییە.