شارپرێس:
ئەگەر دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا بڕیاریدا دەستوەردانی سەربازیی لەململانێی ئیسرائیلو ئێران نەکات، ئەوە ئیسرائیل بیر لەچەندین بژاردە دەکاتەوە بۆ لەناوبردنی دامەزراوەی فۆردۆی ئێران بۆ پیتاندنی یۆرانیۆم.
بهگوێرهى ههواڵێكى فۆکس نیوزی ئەمریکی، یەکێک لەبژاردەکانی ئیسرائیل بریتییە لەپشتبەستن بەیەکەی 5101ی هێزی ئاسمانی ئیسرائیل، كه بە(شاڵداگ) ناسراوە.
مانگی ئەیلولی ساڵی ڕابردوو ئەندامانی ئەم یەکەیە لەئۆپەراسیۆنێکدا توانییان بچنە ناو کارگەیەکی دروستکردنی موشەکی ئێران کە لەژێرزەوی سوریا بوو.
لهوبارهیهوه عامۆس یادلین بەرپرسی پێشوی هەواڵگری سەربازیی ئیسرائیل بۆ فۆکس نیوزی ئهمریكى قسهیكردوهو دهڵێت:"شوێنێکی هاوشێوەی دامەزراوەی فۆردۆ هەبوو، سەرەڕای قەبارە بچوکەکەی، بهڵام موشەکی بالیستیی پێشکەوتوو و ورد، بەبەکارهێنانی تەکنەلۆژیای ئێرانو پارەی ئێران بەرهەمدەهێنا".
ئیسرائیل چەندجارێک لەڕێگەی ئاسمانییەوە هێرشیکردبوەسەر ئەو شوێنە نهێنییەی سوریا، بەڵام نەیتوانی لەناوی ببات، بەڵام سەربازانی یەکەی شاڵداگ چونە ناو ئەو شوێنەی لەژێر زەوی بوو، بۆمبیان چاندو دواتر لەدورەوە تەقاندیانەوە.
ئەو شوێنەی سوریا 90 مەتر لەژێر زەوی دروستکرابوو، وەک دامەزراوەی فۆردۆ، کە لەنێو شاخەکانی باشوری تاران هەڵکەوتوە.
یادلین باسى لهوهشكردوه، "هێزی ئاسمانی پارێزگاریان لەسەربازانی دەوروبەری دەکرد، دواتر یەکەی شاڵداگ چونەتە ژورەوەو شوێنەکەیان لەناوبرد".
ئاماژەی بەوەشکردوە، هەرکەسێک بیەوێت بەخێرایی کۆتایی بەشەڕەکە بهێنێت، دەبێت ڕێگەیەک بدۆزێتەوە بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ وێستگەی فۆردۆ.
دوێنێ هەینی دۆناڵد ترەمپ وتی:"ئیسرائیل ناتوانێت بەتەنها دامەزراوەی فۆردۆ لەناوببات، تواناکانی ئیسرائیل زۆر سنوردارە، دەتوانن بچنە ناو بەشێکی بچوکەوە، بەڵام ناتوانن بەقوڵی بچنە ناوەوەی دامەزراوەکە، ئەو توانایەیان نییە".
