کۆشکی سپی: بۆ ڕێککەوتن لەگەڵ ئێران گەشبینین

جیهان

2 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 2206 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
کۆشکی سپی ئەمرۆ پێنجشەممە گەشبینی خۆی نیشان دا سەبارەت بە ئەگەری گەیشتن بە ڕێککەوتن لەگەڵ ئێران و جەختی کردەوە کە واشنتۆن ڕێگری دەکات لەوەی تاران ببێتە خاوەنی چەکی ناوەکیی.

 
کارۆلین لێڤیت، وتەبێژی کۆشکی سپی ڕایگەیاند کە سەرۆک ترەمپ هێڵە سوورەکانی بۆ ئێران ڕوون کردۆتەوە و لە بەرژەوەندی ئێراندایە کە وەڵامی داواکارییەکانی ئەمریکا بداتەوە.

لێڤیت ئاماژەی بەوەش کرد کە ئامانجی ستراتیژیی درێژخایەنی ئەمریکا ئەوەیە کە گەورەترین دەوڵەتی پاڵپشتیکاری تیرۆر لە جیهان نەیگاتە توانای ئەتۆمی، کە ئەمەش بە دەستکەوت بۆ گەلی ئەمریکا و جیهان دادەنێت.

لە بەرانبەردا، بەرپرسێکی باڵای ئێران ئاشکرای کرد کە سەردانی فەرماندەی سوپای پاکستان بۆ وڵاتەکەی یارمەتیدەر بووە لە کەمکردنەوەی ناکۆکییەکان لە هەندێک پرسدا و هیوای بۆ درێژکردنەوەی ئاگربەست و دەستپێکردنی گەڕی دووەمی دانوستانەکان دروست کردووە.

هەرچەندە هێشتا ناکۆکیی بنەڕەتیی لەسەر پرسی یۆرانیۆمی پیتێنراو و ماوەی سنووردارکردنی چالاکییە ئەتۆمییەکان ماون، بەڵام ئێران چاوی لە تێپەڕاندنی ئەو ئاستەنگانەیە. 

هاوکات وەزارەتی دەرەوەی پاکستان پشتڕاستی کردەوە کە پرسی ئەتۆمی بەشێکە لە گفتوگۆکانی نێوان هەردوو وڵات، بەڵام تا ئێستا هیچ کاتێکی دیاریکراو بۆ دەستپێکردنی گەڕی دووەمی دانوستانەکانی نێوان واشنتۆن و تاران دیاری نەکراوە.