پژاک بێدەنگی دەشکێنێت‌و هێڵە گشتییەکانی سیاسەتی داهاتوی خۆی ده‌كێشێت

کوردستان

8 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 2109 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پژاک) هۆشدارییەکی توند ئاراستەی دەوڵەتانی ناوچەکەو دەزگا ڕاگەیاندنەكانیان دەکات‌و ڕایدەگەیەنێت، "هەرگیز باجی سیاسیی یان میدیایی بەچەواشەکارانی ڕاستییەکان نادات"، ئەندامێكى دەستەی بەڕێوەبەریی پژاك-یش جەختدەکاتەوە، "سیاسەتی ئەوان زوڵاڵ، دیموکراتییه‌و تەنها لەسەر بنەمای پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاکانی گەلی کورد بەڕێوەدەچێت‌و ناچنە ژێر باری هیچ فشارێکەوە".


ڕێوار ئاودانان ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەریی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پژاک)، لەڕونکردنەوەیەکدا داڕشتنی هێڵە گشتییەکانی سیاسەتی پارتەکەیانی ڕاگەیاندو جەختی لەسەر پاراستنی سەربەخۆیی بڕیارەکانیان کردەوە.

ئاودانان ئاماژەی بەوەکرد، ڕێڕەوی سیاسیی ئەوان لەسەر بنەمایەکی جێگیر بەڕێوەدەچێت، وه‌كو وتى، "سیاسەتی ئێمە بەتەواوی ڕون‌و زوڵاڵە، کارەکانمان لەسەر بنەمای پڕۆسەی دیموکراتی داڕێژراون، تاکە پێوەریش بۆ جوڵە سیاسییەکانمان، پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاکانی گەلەکەمانە".

لەپەیامێکی ڕاستەوخۆدا بۆ نەیارەکانیان، ئەندامەکەی دەستەی بەڕێوەبەریی پژاک جەختیکردەوە، "ئێمه‌ ناچینە ژێر باری هیچ جۆرە فشارێکەوە، هەرگیز باج نادەین بەهیچ دەوڵەت، ڕێکخراو یان میدیایەکی دەستەمۆ (وابەستە) کە دژ بەئێمە دەوەستنەوەو لەهەوڵی چەواشەکردنی ڕاستییەکاندان".

وه‌كو ئاودانان ده‌ڵێت، "پارتەکەمان ناچێتە ژێر فەرمانی هیچ دەوڵەتێکی ناوچەکە یان هێزێکی دەرەکی‌و بڕیارەکانمان تەنها لەپێناو بەرژەوەندیی گەلی کورددایە، كه‌ ده‌شڵێین باج ناده‌ین به‌واتاى ئه‌وه‌یه‌ كه‌ باجی سیاسی یان تەسلیم نابین بەو مەرج‌و فشارانەی کە دەوڵەتانی نەیار یان دەزگا هەواڵگرییەکان دەیانەوێت بەسەر پارتەکه‌ماندا بیسەپێنن".

چاودێرانى سیاسیى پێیانوایه‌، بەکارهێنانی وشەی میدیای دەستەمۆ ئاماژەیە بۆ ئەو کەناڵ‌و دەزگا ڕاگەیاندنانەی کە لەلایەن دەوڵەتانەوە پاره‌داردەکرێن‌و ئەرکیان شێواندنی ڕاستییەکان‌و هێرشکردنەسەر نەیارەکانیانە، پژاک-یش دەیەوێت بڵێت، ئەمجۆرە هێرشە میدیاییانە ساردیان ناکاتەوەو ناچنە ژێر بارو مەرجەکانیان.