ترەمپ ڕووبەڕووی قەیرانێکی سەخت دەبێتەوە

جیهان

5 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 1147 جار خوێندراوه‌ته‌وه


شارپرێس:
ڕاپۆرتێکی ئەمریکی هۆشداری داوە لەوەی دۆناڵد ترەمپ ڕووبەڕووی قەیرانێکی سیاسی و ئابووری ببێتەوە کە "خراپترە لە جەنگەکانی ڤێتنام و عێراق و ئەفغانستان" ئەگەر گەرووی هورمز بەڕووی کەشتییە بازرگانییەکاندا نەکرێتەوە تاسەرەتای مانگی ئەیلول.

بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی گۆڤاری "ئاسایشی نیشتمانی" ڕاوێژکارێکی پێشووی ئابووری لە ئیدارەی ترەمپ ڕایگەیاندووە، بەردەوامبوون لە داخستنی گەرووەکە تا ئەو کاتە، سەرۆکی ئەمریکا دەخاتە بەردەم "کارەساتێکی سیاسی بێوێنە"، لە کاتێکدا ئابووری جیهانی لە لێواری شۆکێکی گەورەی وزەدا دەبێت.

ڕاپۆرتەکە ڕوونی کردەوە کە بازاڕەکان لە ئێستادا "بەشێوەیەکی فریودەر ئارام" دەردەکەون، سەرەڕای قەیرانە بەردەوامەکان، ئاماژەی بەوەشکردووە، نرخی نەوتی خاوی برێنت لە نێوان 98 بۆ 100 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک دەگۆڕێت، ئەمەش لە کاتێکدا گەشبینی  سەبارەت بە دانوستانە بەردەوامەکانی نێوان واشنتۆن و تاران هەیە.

ئاماژەی بەوەشکرد، ئیدارەی ئەمریکا بەدواداچوون بۆ ڕێککەوتنێک دەکات کە بریتییە لە درێژکردنەوەی ئاگربەست بۆ ماوەی دوو مانگ لە بەرامبەر کردنەوەی گەرووی هورمز و هاوکات قەتەر نێوەندگیری ڕاستەوخۆ لەگەڵ ئێران ئەنجامدەدات.

 ڕاپۆرتی گۆڤارە ئەمریکییەکە ئاماژەی بەوە کردووە کە دانوستانەکان لە هەر ساتێکدا بەهۆی ناکۆکییە تەکنیکییەکانەوە شکستدێنن، بەتایبەتی دوای ئەوەی ڕێبەری  ئێران پێداگری لەسەر هێشتنەوەی یۆرانیۆم کردووە.