شارپرێس:
ڕاوێژکارێكى سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ کاروباری دارایی، ئاشكرایكردوه، عەلی زەیدی سەرۆک وەزیران، داوای لەوەزارەتی دارایی کردوە پلانێکی درێژخایەن ئامادەبکاتو فەلسەفەی کارکردنی خۆی وەک تەنها دابەشکاری موچە بگۆڕێت، دهشڵێت ،"وەزارەتی دارایی ڕۆڵێکی گەورە دەگێڕێت لەگۆڕینی فەلسەفەی سیستەمی ئابوریی وڵاتدا".
مەزهەر محەمەد ساڵح ڕاوێژكارى سهرۆك وهزیرانى عێراق بهئاژانسی (واع)ى وتوه، "سپاردنی ئەرکی جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزاری بۆ کاروباری ئابوریی بەوەزیری دارایی لەلایەن عەلی زەیدیی سەرۆک وەزیرانەوە، بەتەواوی لەگەڵ فەلسەفەی دەوڵەتی هاوچەرخو دیدگای حکومەتی نوێدا دەگونجێت، چونکە وەزارەتی دارایی وەزارەتێکی ئاسایی نییە، بەڵکو وەزارەتێکی سیادییەو ئەرکی پلاندانانو داڕشتنی داهاتوی ئابوریی عێراقو فەراهەمکردنی کەشێکی گونجاوە بۆ هاوبەشی لەنێوان دەوڵەتو کەرتی تایبەتدا".
بهوتهى مهزههر محهمهد، "ئەنجومەنی وەزاری بۆ کاروباری ئابوریی، وەک چێشتخانەی داڕشتنی سیاسهتە ئابورییەکان وایە، تەنانەت سیاسەتی داراییش دەبێت لەپاڵ سیاستەکانی دیكهدا ڕۆڵی ئابوریی خۆی بگێڕێتو لەناو ئەم ئەنجومەنە بچوککراوەیهى ئەنجومەنی وەزیراندا کاربکات".
ڕاوێژکارەکەی سەرۆک وەزیران ڕونکردنەوەی زیاتریداوهو وتویهتى، "گۆڕانکارییەکی دامەزراوەیی بەرەو فەلسەفەی دەوڵەت لەئارادایە، بەجۆرێک کە وەزارەتی دارایی گەورەترین ڕۆڵ دەبینێت لەگۆڕینی فەلسەفەی سیستەمی ئابورییو دروستکردنی هاوبەشی لەنێوان دەوڵەتو بازاڕدا، عێراق شایەتی گۆڕانکاری گەورە دەبێت، چونکە سەرۆک وەزیران داوای لەوەزارەتی دارایی کردوە پلانێکی درێژخایەن دابڕێژێتو فەلسەفەی خۆی لەتهنها دابەشکاری موچەو دەستەبەرکەری پارەوە بگۆڕێت بۆ وەزارەتێک کە فەلسەفەی کارکردن دابڕێژێتو نەگۆڕو گۆڕاوەکانی دۆخی ئابوریی لەچوارچێوەی دیدگای عێراق 2035دا جێگۆڕکێ پێبکات".
ئەوەشیخستەڕوو، "ئەوەی وەزارەتی دارایی پلانی بۆ دادەنێتو هەوڵی جێبەجێکردنی دەدات، لەناوخۆی ئەنجومەنی وەزاری ئابورییەوە بەڕێوەدەچێت، ئەم ئەنجومەنە کە بهگوێرهى یاساو لەژێر ڕۆشنایی کار لەپێشینەییەکانی ئەو دۆخە نائاساییەی عێراق پێیدا تێپەڕدەبێت، ببوە ئامرازێک بۆ ڕوبەڕوبونەوەی قەیرانەکان، بەڵام ئێستا هەوڵدەدەین لەئامرازێکی بەرگریکارەوە بیگۆڕین بۆ ناوەندێکی داڕشتنو جێبەجێکردنی سیاسەتەکان بۆ گۆڕینی تەواوی پێکهاتەی ئابوری عێراق".
ئهوهشى وت، "بانکی ناوەندیی عێراق لەکارەکانیدا سەربەخۆیی هەیەو فەرمان لەحکومەت وەرناگرێت، بەڵام لەڕێگەی ئەنجومەنی وەزاری بۆ کاروباری ئابورییەوە کە وەزیری دارایی سەرۆکایەتی دەکات، هەماهەنگی دەکات، ئەنجومەنێک بۆ سەقامگیریی ئابورییو نهختینهى دارایی هەیە کە بابەتە ئابورییەکانی تێدا دەخرێتەڕوو، سەرجەم وەزارەتە ئابورییەکانیش ئەندامن لەم ئەنجومەنەدا".
