سوپای ئیسرائیل دوو سەرکردەی دیکەی حەماسی لەغەززە کوشت

جیهان

2 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 186 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
سوپای ئیسرائیل ئەمرۆ پێنجشەممە ڕایگەیاند کە لە هێرشێکی ناوچەی خان یونس لە کەرتی غەززە، دوو سەرکردەی دیکەی بزوتنەوەی حەماسی کوشتووە.

 
بەپێی بەیاننامەی سوپا، هێرشەکە ڕۆژی سێشەممە ئەنجامدراوە و تێیدا ئیهاب کرێزم، بەرپرسی پێکهاتەی ناوەندیی گواستنەوەی ملیۆنان دۆلار بۆ باڵی سەربازی حەماس، و محەمەد هەباش، بەرپرسی یەکەیەک لە دەستەی بەرهەمهێنانی چەک و تەقەمەنی بزووتنەوەکە کوژراون.

سوپای ئیسرائیل ئاماژەی بەوەش کردووە کە کرێزم لەم دواییانەدا ڕێککەوتنی ئاگربەستی پێشێل کردووە.

ئەم هێرشانە لە چوارچێوەی سیاسەتی تیرۆرکردنی سەرکردەکانی حەماسدا دێن، بەتایبەت دوای ئەوەی سوپای ئیسرائیل ڕۆژی چوارشەممە لیستێکی بڵاوکردەوە کە ناوی 16 سەرکردەی سەربازی بزووتنەوەکەی تێدایە کە لە سەرەتای شەڕەکەوە لە تشرینی یەکەمی 2023 تیرۆرکراون.

 لەو لیستەدا 15 سەرکردەیان کوژراون کە دیارترینیان محەمەد زەیف، یەحیا سینوار و محەمەد عەودەی فەرماندەی نوێی باڵی سەربازین، لە کاتێکدا عیماد عەقەل وەک تاقە سەرکردەی زیندوو لە لیستەکەدا ماوەتەوە.